فەرید ئەسەسەرد

ئەفغانستان پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

  2021-05-01 16:46      204 جار بینراوە        کۆمێنت

دوای دەوروبەری 20 ساڵ لە هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئەفغانستان ‌و رووخاندنی رژێمی تالیبان، واشنتۆن بڕیاری دا پێش 11ی ئەیلولی داهاتوو، هێزەكانی لە ئەفغانستان بكێشێتەوە.

لە راستیدا بڕیارەكە كۆنە ‌و لە سەردەمی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ دراوە ‌و دەبوایە زووتر جێبەجێ بكرایە، بەڵام حكومەتی بایدن پێی باش بوو بڕیارەكە بۆ ماوەی چوار مانگ دوا بخا.

هەرچەندە هەندێ لایەن ‌ویستوویانە وای پیشان بدەن كە بڕیارەكە بەڵگەی بەزینی ئەمریكایە لە جەنگی ئەفغانستان، بەڵام تەماشاكردنی مەسەلەكە لەو گۆشە نیگایەوە، كارێكی راست نییە، چونكە بڕیارەكە بڕیارێكی واقیعییە ‌و هیچ شرۆڤەی ناوێ ‌و لەلایەكی ترەوە زادەی شكست نییە. دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان یەكێ لە خاڵە سەرەكییەكانی رێكەوتنی ساڵی 2020ی ئەمریكا – تالیبانە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر. حكومەتی ترەمپ بە دوو مەبەست رێكەوتنەكەی لەگەڵ تالیبان واژۆ كرد، یەكێكیان بۆ كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان ‌و ئەوی دیكەیان بۆ رێخۆشكردن بۆ وتوێژی نێوان تالیبان ‌و حكومەتی كابول. دیارە مەبەستی یەكەم كەم ئاڵۆزیی تێدایە، بەڵام مەبەستی دووەم نەختێك ئاڵۆزە، چونكە تائێستا هەموو گەڕەكانی وتووێژی تالیبان لەگەڵ كابول هیچیان لێ سەوز نەبووە ‌و رەنگە دەرچوونی ئەمریكا لە هاوكێشەی ئەفغانستان، ببێ بە مایەی هاندانی تالیبان بۆ بەردەوام نەبوون لەسەر دانوستان. دیارە ئەگەر بژاردەی دانوستان لە ئەفغانستان پاشەكشە بكا، بژاردەی شەڕ بەهێزتر دەبێ كە ئەمەش دۆخێكی لێڵ دێنێتە دی. ئەم هاوكێشەیە، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا جیك سولیفان بەم چەشنە گوزارشتی لێ كردووە كە ((پاش كشانەوەی ئەمریكا، كەس ناتوانێ گەرەنتیی هیچ شتێك بكا لە ئەفغانستان)). ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە كشانەوەی ئەمریكا كشانەوەیەكی مەرجدار نییە ‌و ئەمریكا هیچ پلانێكی بۆ ئەفغانستانی پاش كشانەوەی هێزەكانی نییە. لە ستراتیجی كۆنی ئەمریكادا، ئەفغانستان هیچ بایەخێكی نەبووە. دوو هۆ هاندەر بوون بۆ تێوەگلانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، یەكێكیان دەستێوەردانی یەكێتیی سۆڤێتی پێشووە لە ئەفغانستان لە ماوەی ساڵانی 1979 – 1989 ‌و ئەوی تر جێگیربوونی سەركردایەتیی رێكخراوی قاعیدەیە لە ئەفغانستان كە لە ئەنجامدا بووە هۆی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئەفغانستان ‌و لەكارخستنی رژێمی تالیبان.

لە ستراتیجی تازەیدا، ئەمریكا خەریكە نزیك دەبێتەوە لە زیندووكردنەوەی پرنسیپی مۆنرۆ كە تا جەنگی یەكەمی جیهان پیادە كراوە ‌و ئەمریكای لە سنووری هەردوو ئەمریكای باكوور ‌و باشوور قەتیس كردبوو. ئەمە بەو سەرەنجامە دەگات كە ئەمریكا، پاش كێشانەوەی هێزەكانی، بێباكە لە چارەنووسی ئەفغانستان.

تالیبان دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: بەردەوامبوون لەسەر شەڕ دژی حكومەتی كابول یان دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵی ‌و بەشداری لە حوكمڕانیدا. هێشتا دیار نییە تالیبان كام بژاردە هەڵدەبژێرێ. ئەگەر تالیبان بەلای بژاردەی شەڕدا دایشكێنێ، شەڕی ناوخۆ بەردەوام دەبێ. هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كە حكومەتی كابول، بە تەنها، بەبێ پشتیوانیی دەرەكی، دەتوانێ رووبەڕووی تالیبان ببێتەوە، بەتایبەتی كە لە ساڵانی رابردوودا پشتیوانیی ئەمریكا لە حكومەتی كابول دژی تالیبان، نەبۆتە هۆی لەناوبردنی تالیبان.

بەشداریی تالیبان لە حكومەتی كابول بژاردەیەكی مەحاڵ نییە، بەڵام گەورەترین كێشە لەم رووەوە ئەوەیە كە تالیبان هیچ رابردوویەكی مەدەنی نییە ‌و كەلتورەكەی لەگەڵ فرەیی ‌و هەڵبژاردن ‌و دیموكراسی ‌و یەكتر قبوڵكردن ناگونجێ كە ئەمەش هاندەرە بۆ بەهێزبوونی ئەنگێزەی تاكڕەوی ‌و كاركردن بۆ بەردەوامبوون لەسەر شەڕ بە ئامانجی گرتنی كابول ‌و خۆسەپاندن بەسەر هەموو ئەفغانستاندا. ئێستا تالیبان دەوروبەری 60 هەزار چەكداری هەیە. ئەمەش بەم واتایە دێت كە هاتنەوە سەر كاری تالیبان، دەبێ لەبەرچاو بگیرێ.

نیگەرانیی رەوا لە هاتنەوە سەر كاری تالیبان، بەتایبەتی كە لقی داعش لە ئەفغانستان ‌و پاشماوەكانی قاعیدە هاوپەیمانییان لەگەڵ تالیباندا هەیە. وردتر، نیگەرانییەكە زۆر پەیوەندیی بە هاتنەوە سەر كاری تالیبانەوە نییە، بەڵكو زۆرتر پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە دەشێ ئەفغانستان، لە سایەی حوكمی تالیباندا، ببێتەوە بە سەنتەری بزووتنەوە توندڕەوە تیرۆریستییەكان.

ئەگەر تالیبان پەندی لە ئەزموونی پێشووی وەرگرتبێ، هەرگیز بەلای ئەوەوە ناچێ كە ئەفغانستان بكاتەوە بە سەنتەری تیرۆریزمی جیهانی، ئەگەر پەندی لێ وەرنەگرتبێ، هەمان ئەزموون دووبارە دەكاتەوە ‌و ئەفغانستان دەكاتەوە بە گەورەترین سەنتەری تیرۆریزمی جیهانی ‌و بازرگانیی مادە هۆشبەرەكان دەبوژێنێتەوە ‌و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە كە ئەمەش دەشێ هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی لە دژی ئەفغانستانی تالیبان پێك بێنێ ‌و ئەفغانستان رووبەڕووی سیناریۆی دژوارتر بكاتەوە.

وتاری زیاتر







یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      247 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      458 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      487 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      439 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      377 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو