دەمەوێت بەهەندێک پرسیارو وەڵامی سادە چەند لایەنێکی ئەم رووداوە روونبکەمەوە.
یەکەم، بۆچی بایدن ئەم کارەی کرد؟
لەهەشتاکانەوە ئەرمەنییەکان بەردەوام لۆبی دەکەن بۆ ئەم کارە. بەشی زۆری ئەرمەنییەکان لەشاری گلێندەیلن لەنزیک لۆس ئەنجیلیس. بڕێکی زۆریان دەوڵەمەندن. ساڵ لەدوای ساڵ لەخۆڕێکخستن تۆکمەتربوون. زۆر سەرۆکی پێشووتر پەیمانی دانپیانانی پێدان. لەکتێبی خوێندنی ئایدیالیستێک، سەمانتا پاوەر چاپتەرێکی هەیە بەناوی ٢٤ی نیسان، باس لەوە دەکات کە چۆن ئۆباما لەپەیمانی کەمپیەنی هەڵبژاردنی پەشیمان بووەوە. پاوەر ئافرەتێکی دۆستی ئەوانە، زۆر دۆستی کوردیشە. هەموو سەرۆکەکانی پێشوو هەر کاتێک بیریان لەدانپیانان کردبێتەوە خێرا وەزارەتی دەرەوە، کۆنگریس، پەنتاگۆن هاتوونەتەتە سەر خەت و رێگرییان کردووە. بەڵام ئەمجارە کەس نەبوو بەرگری بکات لە تورکیا. جاران تەنانەت لۆبیی ئیسرائیلیش داکۆکی لە تورکیا دەکرد، کە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام سوپاس بۆ ئەردۆگان، تورکیا ئێستا بێدۆستە.
رەنگە پاشگەزبوونەوەی ئۆباما پاڵنەری بایدن بووبێت، ئەو رۆژە هێنری بارکی وەهای دەگوت. بەڵام ئایرلەندی بوونی بایدن هۆکارێکی سەرەکییە، لەدژایەتی ستەمی ئیمپراتۆرییەت. بەکورتی زۆر هۆکار لەئارادابوون کە دۆخەکەیان بەم ساتەوەختە گەیان کە ئاسانبێت بۆ بایدن بڕیاری لەسەر بدات.
بۆچی تورکیا دژ بە ئەم بە جینۆسایدناساندنەیە؟
ئەم تاوانە زیاتر لەسەدەیەک لەمەوپێش روویداوە، بەڵام بۆچی تورکیا دژایەتی دەکات؟ بەگشتی چەند هۆکارێک هەیە. یەکەم، پووچەڵبوونەوەی حەقایەکی کۆماری تورکیا. جینۆسایدی ئەرمەن گەرچی لەدوا ساتەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا روودەدات، بەڵام دەبێەت بەشێکی سەرەکی چیرۆکی تورکیای نوێ. تورکیای نوێ لەسەر نکوڵی و سڕینەوەو زاڵبوون دروست بووە. بۆیە کۆمەڵێک دێوزەمەی زۆر راوەدووی دەنێت. دووەم، ترس لەداوای قەرەبووکردنەوە. هەرچەندە کارەکەی بایدن هیچ پێودانگێکی یاسایی نییە، زیاتر ئەخلاقییە، بەڵام تورکەکان لەقەرەبووی ماددی و خاکی دەترسن. سێیەم، ئەو چیرۆکە بەتاڵ دەبێتەوە کە تورکیا خاکی تورکە. هەبوونی غرورو هەست بەکەمیکردن لەکەسایەتی تورکدا وەهایکردووە کە دەترسێت جینۆساید وەک بەشێک لەمێژووی ببینرێت.
ئایا چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی تورکیاو ئەمریکا؟
هەتا ئیستا هەر وەڕین هەیە هیچ هەنگاوێكی کرداریی نییە. تورکەکان ماستەرن لەوەی کە بقیێڕێنن و هەروەها زووش فس ببنەوە. بۆیە مەگەر سوودی هەڵبژاردنی هەبێت، ئەگینا ئەردۆگان هیچ کارێک ناکات. ئەمریکاش هەوڵیدا بەجۆرێک کارەکە بکات کە پەرچەکرداری کەم بێت. ئەوەتا تۆڵەی خۆی لەکوردی داماو دەکاتەوە.
ئایا وانەکانی چین بۆ ئێمە؟
یەکەم بەجینۆسایدناساندن پرسێکی سیاسیی و بەرژەوەندییە لەئاستی نێودەوڵەتیدا. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە کە ئەگەر سیاسەت و بەرژەوەندی نەبێت نابێت هیچ بکرێت. بەپێچەوانەوەی دەبێت بەردەوام کاربکرێت بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن وەک سوودێک و کارێکی سیاسی بتبینن. ئەمە واقیعی دونیایە، تاڵە.
دەبێت ئەم دانپیانانە بەکاربێت بۆ دروستکردنی خیتابێک بۆ رێگرییکردن لەدووبارەبوونەوەی بە سەر خەڵکانی تردا بەتایبەتی کورد نەک هەر لەباکوور، بەڵکو لەباشوورو رۆژئاواش.