بورهان شێخ رەئوف

عیراق نێوەندگیری دەکات

  2021-05-01 14:55      205 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەگەرچی لە سەردەمی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی قسە و باسێكی وا هەبوو كە حكومەتی عیراق نێوەندگیریی بكات لە نێوان ئێران و سعودیە بەمەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخی شڵەژاوی ناوچەكە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی عیراقەوە كابینەكەی عەبدولمەهدی تەمەنی كورت بوو ئەو چانسەی بەرنەكەوت.

ئەوەی گرنگە لە دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ سعودیە، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن كە گەڕێكی وتوێژی ئەو دوو وڵاتە لە عیراق بەڕێوەچووە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لەلایەن سعودیەوە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی خالید بن عەلی حمیدان سەرۆكایەتی وەفدەكەیانی كردووە، لایەنی ئێرانیش سەعید ئیروانی جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرۆكایەتی وەفدەكەیانی كردووە.

لە هەمانكاتدا ناوەندە دیپلۆماسییەكان لە ریازی پایتەختی سعودیەوە باس لەوە دەكەن كە ئەگەری هەیە لە كۆتایی ئەم مانگەدا یان سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوودا گەڕێكی دیکەی گفتوگۆكان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە دیاریكردنی كات و ئەجێندای كۆبوونەوەكان زیاتر پەیوەندیی بە پێشڤەچوون و ئەنجامەكانی كۆبوونەوەكانی ڤیەننای تایبەت بە دۆسێی ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە، لە هەمانكاتدا سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە گفتوگۆكان زۆر بەسوودبووە و باسی زۆر بابەتی هەستیار و پەیوەندیدار بە هەردوولا كراوە، لەوانە دۆسێی یەمەن.

داخوازیەكانی ئەو دوو وڵاتە لە یەکتر
هەردوولا داخوازییان لە یەكتریی هەیە وەكو دوولایەنی یەك هاوكێشە، بە هۆی ئاڵۆزیی كێشە و ململانێكانی ناوچەكە و نێوانی خۆیان، سعودییەكان داخوازیی ئەوەیان لە ئێران كردووە كە هەژموون و پێگەی خۆیان بەكاربهێنن بۆ وەستاندنی جەنگی یەمەن، بە تایبەتی پەلامارە بەردەوامەكانی حوسییەكان كە هاوپەیمانی ئێرانن، بۆسەر دامەزراوە ئابووریی و نەوتی و سەربازییەكانی سعودیە، لە بەرامبەریشدا ئێرانییەكان داوایان لە سعودیە كردووە كە هاوكاریی و هاوئاهەنگیان بێت لە دۆسێی ئەتۆمی و رێككەوتننامەی (5 + 1) كە ساڵی 2015 ئیمزا كراوە، هەروا لە کۆبوونەوەکانی ئێستای نێوانیان لە ڤیەننا.

هەموو ئەمانە لە كاتێكدان کە هێشتا تاران و ریاز هیچیان بە رەسمی دانیان بەوەدا نەناوە كە ئەم دانوستاندنە كراوە یان نا، بەڵام ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عیراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە نێوەندگیریی عیراق بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی كەنداو.

جێی ئاماژەیە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی سعودیە و ئێران لە ساڵی 2016 وە بڕاوە و ساڵی 2019 سعودیە ئێرانی تۆمەتباركرد بە بۆردومانكردنی دامەزراوە نەوتییەكانی لەرێی حوسییەكانی یەمەنەوە، ئەگەرچی تاران بە توندی ئەوەی رەتكردەوە.

تاران و ریاز جگە لە یەمەن، لە زۆر دۆسێی تریشدا بەریەككەوتنیان هەیە چ لە عیراق و سوریا بێت، یان دۆسێی لوبنان، هەژموونی ئێران لەو وڵاتانە سعودیەی نیگەران كردووە، بە تایبەتی هەژموونی تەواوی حزبوڵڵا بەسەر لوبناندا.

لەبەر هەموو ئەو فاكتەرانەش، نزیكبوونەوەی ریاز و تاران بە دەستپێشخەریی و ناوەندگیریی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ سەقامگیریی و ئارامی ناوچەكە بە گشتی و لە پێش هەمووشیانەوە عیراق و پاشان وڵاتانی تر، چونكە بارودۆخی شڵەژاوی عیراق بۆتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی زۆرێك لە ململانێكانی ئەم وڵاتانە و بەرژەوەندییەكانیان.

لە كۆتاییدا كۆبوونەوەكانی ڤیەننای تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر كۆی دۆسێ هەڵپەسپێردراوەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی لە كاتێكدا سعودییەكان خوازیاری گفتوگۆیەكی گشتگیرتر و فراوانترن بوون سەبارەت بە دۆسێی ئەتۆمیی ئێران كە وڵاتانی ناوچەی كەنداویش بەشداریی تێدابكەن و لەو بڕوایەدان هەر پێشڤەچوون و رێكەوتنێك لە ڤیەننا سەرەتای دروستبوونی متمانەیە بۆ گفتوگۆی بەبەرهەم تر.

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      126 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو