گەشەی ئابووری لەئەو جێگایانەی کە لەسفرەوە دەستپێدەکەن چەند قۆناغیکی هەیە، مامەڵەکردن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغانە بەکۆمەڵێک هۆکاری زۆرەوە پەیوەستە، وەک پەیوەندی بە ئابووری جیهانییەوە، دانیشتووان، نوخبەی سیاسی، جۆری سیستەمی ئابووری، شوێن، هەروەها هۆکاری تریش. هەموو وڵاتێک لەمیانەی گەشەیدا بەپێی بونیادو جۆری نوخبەو سیستەم و پێگەی بەشێوازی جیاواز مامەڵە لە گەڵ ئەم پێودانگانەدا دەکات. هەندێک وڵات سەرکەتوو دەبن و هەندێک وڵاتیش هەتا ناوەڕاست دەڕۆن، ئیتر یان لەوێدا دەگیرسێنەوە یان بەرەوخواردێن، بەئەمە دەڵێنmiddle income trap
دیارە بۆ تێگەیشتن لەدۆخی کوردستان، ناتوانرێت تەنها کوردستان وەک جێگایەکی تەنهاو تاک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چ وەک میتۆدو چ وەک ئەزموون دەبێت تەماشای ئەزموونی ئەوانی تریش بکرێت.
دەکرێت چیرۆکی کوردستان بەمشێوەیە کورتبکرێتەوە. لەپاش سەردەمێکی هەژاری بەهۆکاری جیاواز، قۆناغێکی بوژانەوە دەستپێدەکات، ئەم قۆناغە پاش ماوەیەکی کورت تووشی قەیران دەبێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانرێت ئەم قۆناغی گەشەیە درێژەی پێبدرێت یان لەبەر هەندێک هۆکار، گەشە گەشتە بن بەست؟ کاتێکیش گەشە دەگاتە بن بەست، ئەوا مانای ئەوە نییە کە دۆخەکە دەچێتە قۆناغی تەختایی یان پلاتوو، بەڵکو خێرا بەرەو خوارەوە دێت.
لەهەر جێگایەکی دونیا هۆکاری ئەم وەستان و داڕووخانە جیاوازە. دە پانزە ساڵ لەمەوپێش وڵاتی مەکسیک لە برەوی گەشەدابوو. بەڵام لەپڕ مەکسیک تووشی قەیران بوو. ئەوەی مەکسیکی تووشی قەیرانکرد چین بوو، وەک ناتالی و سکۆت لەکتێبەکەیان دەربارەی دابەشبوونی شارو گوند لە چین ئاماژەی پێدەدەن.
Natalie Hell and Scott Rozelle ٢٠٢٠ Invisible China: How the Urban-Rural Divide Threatens Chinas Rise
چۆن چین گەشەی مەکسیکی وەستاند؟ کاتێک مەکسیک بووژایەوە دەستی کار تیایدا گرانبوو. لەوکاتەدا چین کرایەوە، کردنەوەی وڵاتێکی زەبەلاحی هەژاری وەک چین وەرچەرخان بوو. لەساڵی ١٩٨٠ رێژەی گشتی داهاتی ساڵانەی تاکێک لە چین تەنها هەزار دۆلار بوو. ئابووری جیهانگیری بەدوای بازاڕو دەستی کاری هەرزاندا دەگەڕێت، خێرا مەکسیکی لەناوەڕاستی رێگادا جێهێشت و بەرەو چین کۆچی کرد. لەئەنجامدا چی لە مەکسیک روویدا؟ ئەو ماوەیە کە گەشانەوە هەبوو، ژیانی زۆرێک گەشەی کردبوو، بەڵام نەوەی دوای ئەوان، لەکاتێکدا دەرفەتی خوێندن و ژیانی باشتری هەبوو، بەڵام رووبەڕووی بێکاریی بوەوە. بێکاری کەسێکی خاوەن بڕوانامە خراپترە لەکەسێکی بێ بڕوانامە. بەگشتی کەسی بێ بڕوانامە کاتێک بەدوای هەموو کارێکدا دەگەڕێت، چانسی باشترە بۆ ئەوەی کاری دەستبکەوێت، بەڵام کەسی خاوەن بڕوانامە، بەدوای جۆرێکی تایبەت لەئیش و خاوەن جۆرێکی تایبەتە لەخەیاڵە، بۆیە کار دەستکەوتن بۆی لەکاتی قەیراندا ئاسان نییە. لەدەرئەنجامی ئەمەدا لاوانی مەکسیک روویانکردە سێ بوار، ئابووری نافەرمی، کۆچ، لەگەڵ بازرگانی دەرمان. ئەمڕۆ ئەم سێ کەرتە کۆمەڵگای مەکسیکی هێناوەتە چۆکا.
بێگومان کوردستان لە مەکسیک ناچێت لەزۆر رووەوە، بەڵام ئەم ئەزموونە لەزۆر رووەوە هاوشێوییەکی لەدونیای ئێمەدا هەیە، بەهەندێک جیاوازییەوە، لەم ئەزموونەوە دەتوانین ئەو دیدە هەڵێنجێنین کە ئەگەر ئابوورییەک نەتوانێت بەڕێژەیەکی دیاریکراو لەکاتی دیاریکراودا لەگەشە بەردەوام بێت ئەوا ئەگەری هەیە کە تووشی قەیران بێت، بەڵام بۆئەوەی ئابوورییەک بتوانێت بەردەوامیی بەگەشەی بدات، ناتوانێت لەسەر هەمان ئەو رێتم و بنەمایانە بوەستێت کە دەستی پێدەکات، بەڵکو دەبێت لەمیانەی گەشەیدا بەردەوام پەرە بەخۆی بدات و خۆی نوێبکاتەوە. لەکەیسی کوردستاندا کۆمەڵێک هۆکار بوونیان هەیە کە بنەمای ئەم قەیرانە دادەڕێژن.
یەکەم، ئابووری کوردستان لەتەمەنی کورتی بووژانەوەیدا دۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی دروست کرد، بۆ نموونە چوونە زانکۆ بەڕێژەی زۆر، هەبوونی پارە لەبازاڕدا، ئاشنابوون بەخۆشییە رووکەشییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، ئەوەی پێی دەوترێت لوکشەریی. ئەمانە هەموو لەئەنجامدا کارێگەری کوشندەیان هەیە لەسەر ئابووری لەبڕی داڕشتنی بنەمای گەشەی تر. زۆربوونی خوێندن شتێکی باشە، بەڵام خوێندن لەقۆناغەکاندا ئەگەر پەرە بەخۆی نەدا، ئەوا زیانی زیاترە. گەر بەسادەیی بپرسین ئایا زانکۆکانی کوردستان دەتوانن خەڵکانێک بۆ داهاتوو ئامادەبکەن؟ لەکاتێکدا ئەوان نەک لەئێستای دونیا، بەڵکو لەڕابوردوودا دەژین؟
دووەم، دروستبوونی توێژێک بەوێناو خەیاڵ و حەزی جیاوازەوە.
سێیەم، بەشاربوونێکی خێرای کۆمەڵگا، کە لەزۆر رووەوە لەئەزموونی ئێرانی سەردەمی شا دەچێت.
چوارهەم، بە بن بەست گەیشتنی کەرتی گشتی و نەزۆک بوونی کەرتی تایبەت. دیارە لەسیستەمی ئابووری کوردستاندا دابەشکاری کەرتەکان بەو شێوەیە دیارو زەق نییە کە بتوانرێت بەئاسانی باس لەکەرتی تایبەت و کەرتی گشتی تەنانەت بواری تایبەت و بواری گشتیش بکرێت. ئەم پانتاییانە لەکۆمەڵگایەکی نالیبرالی سەرەتای سەرمایەداری بەڕوونیی دەستنیشان ناکرێن.
پێنجەم، پەرەسەندنی کۆچ و ئابووری نافەرمی و تووڕەیی سیاسی.
هەردوو بەرەی سیاسی، دەسەڵات و ئۆپۆزسیون مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دۆخەدا زۆر نابەرپرسیارانەیە. دەسەڵات دەیەوێت خۆی لێبپارێزێت و ئۆپۆزسیون دەیەوێت بۆ دەستکەوتی کورتخایەن سەرمایەگوزاری لەسەر بکات. هیچ لایەک خەمی چارەسەرو خاوەن دیدی چارەسەر نین.
شەشەم، کۆمەڵێک خەسڵەت هەن کە دۆخی کوردستان زیاتر ئاڵۆز دەکەن، بەگشتی ئابووری سامانی سروشتی یەکێک لەهۆکارو سەرچاوەکانی ململانێی نوخبەو زۆرجار شەڕی ناوخۆ. ئەمەش بۆ کوردستان راستە. بەم پێیە ئابووری کوردستان چونکە دەتوانرێت بەئاسانی کۆنترۆڵبکرێت ئەوا نوخبەی سیاسی هەوڵی کونترۆڵکردنی دەدات و ئەمەش دەبێتە مایەی گرژی، چونکە کۆنترۆڵی ئابووری راستەوخۆ کۆنترۆڵی سیاسی لێدەکەوێتەوە. خەسڵەتێکی تری ئابووری کوردستان ئەوەیە کە توانای ئەوەی نییە کە تەختایی یان سەقامگیری ئابووری درێژخایەن بەرهەم بهێنێت لەبەر هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت، جەنگ، وەک دوو هۆکاری دەرەکی.
قەیرانی ئابووری هەرێم تەنها کاتێک چارەسەر دەبێت کە بتوانرێت رێژەیەکی زۆری کار لەماوەیەکی کەمدا دابین بکرێت. ئەمەش وەک جۆرێک لەمەحاڵ دەبینرێت بەتایبەتی کاتێک کە هیچ بنەمایەک نییە بۆ فراوانبوونی ئابووری و زەمینەسازی بۆ کردنەوەی کەرتی تر. ئابووری ئەمڕۆ پێویستی بەکارایی و هەرزانی هەیە، هیچ کام لە ئەم دووانە لەکوردستان دەستەبەرنین. لەهەمانکاتدا قۆرغکاریی ئابووری رێگرە لەوەی کە بتوانرێت کرانەوە دروست بێت لەسەر بنەمای ئابووری بازاڕ. نوخبەی سیاسی هەتابێت زیاترو زیاتر بوارەکانی ئابووری کۆنترۆڵ دەکەن.
هەموو ئەمانە زیاترو زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن. دیارە گەندەڵی کە دەرئەنجامی قۆرغکاری و دۆخی سیاسییە، هۆکارێکی کوشندەیە لەڕێگەی گەشە. ئەوەی جێگای مەترسییە ئەوەیە کە کاتێک ئابوورییەک ناتوانێت بنەماکانی گەشە دابڕێژێت، ئەوا هەتا زیاتر لەسەر بنەما کۆنەکانی بەردەوام بێت سەخترە بۆی بتوانێت گۆڕانکاری لەخۆیدا بکات، ئابووری لەمجۆرە ناتوانێت دەستی کاری کارا بەرهەم بهێنێت. ناتوانێت دەزگاکانی نوێبکاتەوە هەتا بنەمای داهێنان و نوێگەری و گەشە دابڕێژێت. دەترسێت لەکاریگەری سیاسی دروستبوونی چینی ناوەندی راستەقینە.
رووانین و بیرکردنەوە لەم بوارە کاری زۆری دەوێت، بەگشتی شەش بواری بەرفراوان دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. دەزگاو چۆنێتییان، دیموگرافی و کارایی، ژێرخان و توانای جووڵە ، ژینگەی ماکرۆئیکۆنۆمی و کارنامە سیاسییەکان، ستراکتۆری ئابووری، دۆخی ئاسایش و پەیوەندی نوخبەی سیاسی و خەیاڵی گشتی.
لەکوردستان دەبێت دەوام بگۆڕدرێت بۆ کار، (لەماوی کۆرۆنادا ٥٠٪ فەرمانبەر دەوامیان نەکردوەو لەعیراقدا، هیچ دائیرەیەک کێشەی کەمیی فەرمانبەری نەبووە)، حکومداری لەئامانجی سیاسی تەسکەوە بگۆڕدرێت بۆ حوکمداری کۆمەڵگا بەفراوانی، ئابووری بریتی نەبێت لەسیاسەت، بەڵکو لەدیدی چۆنێتی بەڕێوەچوونی کاروباری ماڵ یان وڵاتەوە ببینرێت، ئەوەی هی هەمووانە بۆ هەمووان بێت.