لەسەرەتای سەدەی نۆزدەدا هەوڵ بۆ بەدیهێنانی خەونی فڕین و دیزاینکردنی فڕۆکە هەبووە، بۆ ئەوەی بەهۆیەوە مرۆڤ بەرەو ئاسمان ببات، کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان دوو گەنج کە دووکانێکی بچووکی پایسکیل فرۆشتنیان هەبوو لەگەڵ زانایەکی ناوداری فەلەک و فیزیا و فڕۆکەوانی، کە ئەمینداری دامەزراوەی سمیسونیان پشتیوانی لێکرد، وایکرد ئەمریکا هاوکاری بکات تا وەکو خەونەکەی بەدی بهێنێت.
لە کۆتایی 1902، یەکەم فڕۆکە لە دیزاینکردنی «برایانی رایت» لەگەڵ ناخۆشی کەشوهەواوی ئەو رۆژە، کە زۆر سارد و رەشەبا بوو، بەرەو ئاسمان بۆ ماوەی یەک دەقە فڕی، بۆ ئەوە لەگەڵ باسکردنی چیرۆکی فڕین بۆ ئاسمان ناویان بهێنرێت، بەڵام سامۆنیل بیربۆنت چی بەسەر هات؟ ئایا کەس پێشتر هیچی لەسەر بیستووە؟ لەگەڵ ئەوەی پشتیوانییەکی مادی و مەعنەوی گەورەی لەلایەن ئەمریکاوە لێکرا، ئەو لە هەوڵەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو و شکستی هێنا.
هەر یەک لە ئێمە خەون و ئاوات و ئامانجی گەورەی هەیە هەوڵی دەستەبەرکردنیان دەدات و هیواشی لەسەر بنیات دەنێت، هەیە ئاواتی دامەزراندنی پرۆژەیەکی بازرگانییە تاوەکو داهاتەکەی لێوەی زیاد بکات، یان توێژینەوەیەکی زانستی لە بوارەکەی خۆی ئەنجام بدات کە بیرۆکەی نوێی لەخۆ گرتبێت، یەکێکیتر ئامانجی دابەزاندنی کێشی لەشیەتی، هەموو ئەوانە هیوایان بە بەدیهێنانی ئامانجەکەیان هەیە، دەبینین بۆ هاوڕێ و هاوبەشەکانیانی باس دەکەن، تاوەکو ئەوان پشتیوانیان بکەن. بە کردەوە، هاوڕێکانیان دەستخۆشی و پشتیوانی دەکەن و سەرسامی خۆیان بۆ بیرۆکە و ئامانجەکانیان دەردەبڕن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەوانە هیچکام لە ئاوات و خەونەکانیان بەدی نەهێناوە، دووچاری بێ هیوایی دەبن و متمانە و پشتیوانی نزیکەکانیان لە دەست دەدەن، بە پێچەوانەیشەوە، هەیە بە بێ دەنگی و لەسەرەخۆ کاری خۆی دەکات، دەستکەوتەکانی قسە دەکات.
کام رێگە باشە کە پەیڕەوی لێبکرێت، ئایا بە کردەوە، ئێمە پێویستمان بە کەسانێکە ببنە هاندەرمان تاوەکو ئامانجەکانمان دەستەبەر بکەین، یان پاڵنەر و هێزی ناخی خۆت بەسە؟
لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر 163 کەس ئەنجامدرا، نیوەیان ئامانجەکانیان راگەیاند و سووربوونی خۆیان لەسەر بەدیهێنانی نیشاندا، نیوەکەی تری بێدەنگییان هەڵبژارد. کاتی تەواو بە هەمووان درا، کە ماوەکەی 45 دەقە بوو بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکان. ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، ئەوانەی ئامانجەکانیان ئاشکرا کرد بوو، لە نیوەی کاتەکە وەستان، چونکە هەستیان بەوەکرد کە لە ئامانجەکانیان نزیک بوونەتەوە، بەڵام بێدەنگەکان بە درێژایی ئەو کاتە کاریان دەکرد، چونکە پێیان وایە هێشتا کاتی زۆریان لە بەردەستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بە کردەوە بێدەنگەکان سەرکەوتن و ئەوانیتر شکستیان هێنا.
چیرۆکی «دوو برای رایت» و توێژینەوەی زۆری دەروونی، پشتیوانی ئەگەری دووەم دەکات، چونکە هەر کە پشتیوانیت لێکرا، بیرۆکەکانت جێگیر دەبن و دەگەیتە ئەو بڕوایەی کە ئەرکەکەت بەجێهێناوە.
ئەو هەستە ساختەیەی قایلبوونت بەو ئامانجەی کە بەوانیترت گوتوە و هێشتا بەجێتنەهێناوە، ئەو پشتیوانی و پێهەڵدانەت هۆکاری راستەقینەی شکستەکەتە، قایلبوونی راستەقینە ئەو هەستەیە کە دوای بەدەستهێنانی ئەوەی دەتەوێ و کردووتە بە ئامانجت دروست دەبێت، لەبەر ئەوە بە بێ دەنگی هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکەت بدە.