توركیا و ئێران، پێش ئه‌وانیش روسیا و ئه‌مریكا زۆر باش ده‌یانزانی قه‌یرانی سوریا ساڵانێكی زۆر ده‌خایه‌نێت و ده‌بێته گرێ كوێره‌یه‌كی سه‌ربازی و چاره‌سه‌ری سیاسی شه‌ڵاڵی نائومێدی ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نه ناوخۆییه‌كانیش به چاره‌سه‌رێك رازی بن، ئه‌و چاره‌سه‌ره له دیمه‌شق نابێت، به‌ڵكو سه‌ره داوه‌كه‌ی له ئه‌نكه‌ره و تاران ده‌بێت، یان له مۆسكۆ و واشنتۆن ده‌بێت، كردنه‌وه‌ی گرێی چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت نه‌ك ناوخۆ، به تایبه‌تیش كه لایه‌نه ناكۆكه‌كان پاڵیان داوه به لایه‌نه ئیقلیمییه‌كانه‌وه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ته‌نیا شه‌ش مانگ دوای هه‌ڵایسانی شه‌ڕو دوای ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانی ئاگری تایه‌فه‌گه‌ری و ململانێی مه‌زهه‌بی خامۆش بكات.
هه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی باس كران باش ده‌زانن شه‌ڕ و ناكۆكییه‌كان چه‌نده ئاڵۆزن و باش ده‌زانن گه‌لی سوریاش چه‌نده له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ردوو ئه‌سه‌د سه‌ركوت كراوه، ئێستا هه‌ركه‌س به پێوانه‌ی خۆی شیكاریی بۆ دۆخه‌كه ده‌كات، نه‌ك به پێی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌گوزه‌رێ و گه‌لی سوریا چی به‌سه‌ر دێ، به تایبه‌ت كه ئێران و روسیا پشتیوانی ته‌واو و بێ سنووریان له رژێمی سوریا كرد، ئه‌و رژێمه‌ی به زه‌بری ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی ئۆپۆزسیۆنی دایه‌وه، كه ئه‌ویش هه‌ر به ئاگر و ئاسن ده‌ستی پێ كردبوو، ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی ره‌نگه بتوانین پێی بڵێین رادیكاڵ و پاشماوه‌ی گروپه‌كه‌ی 1982، كه ئه‌وكات بوونه هۆی وێرانكردنی شاری حه‌ما، هه‌ڵبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی فیرقه‌ی چوار به سه‌ركردایه‌تی ره‌فعه‌ت ئه‌سه‌د جێگری سه‌رۆكی سوریا و برای حافز ئه‌سه‌د هێرشی كرده سه‌ر شاره‌كه.
ئه‌و گروپه له‌و سه‌رده‌مه‌دا رژێمی سوریای ناچاركرد په‌نا بباته به‌ر رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی، رژێمیش ده‌یزانی ئۆپۆزسیۆنێكی چاره‌گرانه و هیچ جه‌ماوه‌رێكی له پشت نییه، له‌به‌ر ئه‌وه به خێرایی سه‌ركوتی كردن بێ ئه‌وه‌ی هێچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ناوخۆیی ده‌ره‌كێ لێ بكه‌وێته‌وه، دوای ئه‌و رووداوه سوریا به ئارامی مایه‌وه تا ئه‌وكاته‌ی مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی نه‌خشه‌ی سیاسی به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌و به‌هاره‌ی بووه پاییزێكی دڵڕه‌ق بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌لله‌ڕه‌قی دیكتاتۆره‌كان و هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنانه‌ی پشتیان به ئه‌جێندای دوژمن و نه‌یار به‌ستبوو.
ئه‌وه‌ی رۆی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام بۆ داهاتوو ره‌نگه باشترین سیناریۆ بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ ده‌رهاویشته‌كانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می ژنێڤ، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵی نێوده‌ڵه‌تی به راستی مه‌به‌ستیان بێت گه‌لانی سوریا له مۆته‌كه‌ی شه‌ڕی سه‌پێنراو رزگاربكه‌ن، ئه‌مه‌شیان به كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنی هه‌ژموونی ده‌رهاویشته‌كانی كۆنگره‌ی سوچی و ئاستانه ده‌بێت، كه چاره‌سه‌ری سیاسی‌یان شێواندووه و ده‌رهاویشته‌كانیشیان سه‌پێنراوه به‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا و به‌هۆیه‌وه به‌شێكی زۆر له خاكی سوریا له‌لایه‌ن توركیاوه داگیركراوه، روسیاش په‌لی هاویشتووه بۆ خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتی فورات، كه پێشتر ته‌نیا ناوچه‌ی كه‌نار ده‌ریاكانی سوریای به‌ده‌سته‌وه‌بوو، هه‌روه‌ها ئاماده‌بوونی ئه‌مریكا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كورد و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، كه ره‌نگه ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌یان سه‌ركه‌وتووترین مانه‌وه‌ی هێزی ده‌ره‌كی بێت، یه‌كه‌م بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و دووه‌میش بۆ دابینكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له سوریادا دوای ئه‌و هه‌موو وێرانكارییه‌ی له ئه‌نجامی شه‌ڕی نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆن به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا هات.
یه‌كێكی دیكه له سیناریۆكان ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانی نێوان رژێم و هێزه‌كانی سوریای دیموكراته، له‌گه‌ڵ كێشانی نه‌خشه‌ڕێگا به پێی ده‌رهاویشته‌كانی كۆنگره یه‌كه‌می ژنێڤ، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان رژێم و هه‌سه‌ده وه‌ك دوو لایه‌نی به‌هێز كه جگه له روسیا و ئه‌مریكا وه‌ك لایه‌ن نێوده‌وڵه‌تی پشت به هیچ لایه‌نێكی دیكه نه‌به‌ستن، به‌مه‌ش رێگه له دروستبوونی گروپی دیكه‌ی چه‌كدار ده‌گیرێت و ئه‌و گروپانه‌ش كۆنترۆڵ ده‌كرێن كه وڵاتیان پڕ كردووه له گه‌نده‌ڵی و وێرانكاریی و پێشێلكاریی ده‌رهه‌ق به هاووڵاتیانی سوریا له ده‌رعاوه تا سه‌رێ كانی، هه‌روه‌ها به‌و شێوه‌یه سوریا له هه‌ژموونی وڵاتانی ئیقلیمی رزگاری ده‌بێت كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هۆكار بوون بۆ لادانی شۆڕشی سوریا به‌ره‌و زمانی توندوتیژی.
چاره‌سه‌ری سیاسی له ژنێڤ نه‌خشه‌ی بۆ ده‌كێشرێت و له نێوان دیمه‌شق و قامیشلودا جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌و شێوه‌یه نه‌بێت، چاره‌سه‌ری سیاسی له وڵاتێكی به‌ش به‌ش كراودا بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار نییه و نابێت.