ژینگە ئەو شوێنەیە کە لێی دەژین وهەستی جێگیریی و دڵنیایی بەمرۆڤ دەبەخشێت، کەواتە ژینگە لانکەی مرۆڤە، هەر لاسەنگییەکی راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر مرۆڤ هەیە، زۆرێکی ئەو نەخۆشی و زیانانەی دووچاری مرۆڤ دەبنەوەو بەدەستییانەوە دەناڵێنێت، سەرچاوەکەی پیسبوونی ژینگەیە. مرۆڤ لەدوای شۆڕشی پیشەسازییەوە تێبینی ئەو پاشاگەردانییەی کرد کە دەرئەنجامی ئەو پێشیلکارییانەی دەرهەق بەژینگە کران وایکرد ئەو زەوییەی لەسەری دەژین بێتە شوێنێک کە قورس بێت بۆ ژیان، بەوەی کە هەندێک بوونەتە هۆکاری روودانی زۆرێکی کارەسات کە لەئەنجامی بایەخنەدان بەژینگە دروست بێت. لەبەرئەوەی پرسی هەڵمەتەکان و یاساو رێککەوتن و پەیماننامەکانی پەیوەست بەژیگە بایەخێکی جیهانی هەیە، بایەخدان بەژینگە بۆتە نیشانەی شارستانی بوونی ئەو کۆمەڵگانەی بایەخی پێدەدەن، پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ژینگە پەیوەندییەکی پتەوە، چونکە ژینگەی تەندروست واتە مرۆڤی ساغ و تەندروست.
مرۆڤ چۆن بایەخ بەماڵەکەی خۆی دەدات و دەیپارێزێت، دەبێ بەهەمان ئاست بایەخ بەژینگەش بدات، چونکە ژینگەی دەرەوە کاریگەریی دیاری لەسەر ژینگەی ماڵەکانمان هەیە، بەهەمانشێوەش ژینگە ماڵەکانمان هەمان کاریگەریی لەسەر ژینگەی دەرەوەمان هەیە، کاتێک توانیمان ماڵەکانمان پاک رابگرین بێگومان ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر دەوروبەریشمان دەبێت و بۆ ئەویش هەر دەبێ وابکەین. بەداخەوە ئەم کۆمەڵگەیە زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستەی کە ژینگەی کۆڵانەکەی، گەڕەکەکەی، شارەکەی و وڵاتەکەی بەچاوی ماڵی خۆی تەماشا بکات. چونکە چونە سەیرانمان ئەو راستییەی بۆ هەمووان دەرخستوە، رەنگە هەموو ئەوانەی ئەوەش دەکەن لەهەموو کەس زیاتر دروشمی پاک وخاوێن و پاراستنی ژینگە بڵێنەوە.
لێرەوە گرنگە بایەخ بەهەندێک پرسی هەمەلایەن بدەین، لەوانە:
دەستنیشان کردنی هەموو ئەو هەڵسوکەوتانەی زیان بەژینگە دەگەیەنن، بۆ نموونە زۆری پاشەڕۆی پلاستیکی زیانێکی گەورە بەژینگە دەگەیەنێت، کۆمەڵگەو حکومەتیش هەست بەبەرپرسیارێتیی ناکات سەبارەت بەبەکارهێنانی زیاد لەپێویستی ئاوی دەبە، لەکاتێکدا حکومەت پارەیەکی ئێجگار زۆر لەبەرهەمهێنان گواستنەوەی ئاو بۆ ماڵەکان خەرج دەکات، کۆکردنەوەو فڕێدان و لەناوبردنی ئەو بڕە ئێجگار زۆرەی دەبەی ئاوە تیچوونێکی ئێجگار زۆری دەوێت، وێرای زیانە زۆرەکەی بەژینگە.
بایەخدان بەژینگە دەکرێ بکرێتە مادەیەکی خوێندن و ناوەندی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندی بۆ دابمەزرێت و پرسی ژینگە بۆ پسپۆرییە زانستییەکان زیادبکرێت، بۆئەوەی هەر لەسەرەتاوە لەکاریگەریی نەرێنی ئەو زانستانە لەسەر ژینگە بکۆڵرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لەپیسبوون و زیان گەیاندن بەژینگە بکرێت.
هەوڵبدرێت بەردەوام هەڵمەتی پاراستنی ژینگە هەبێت و تەواوی کۆمەڵگە بهێنرێتە ناو ئەو هەڵمەتانەوەو میدیاکان بەبێ جیاوازی بەرنامەی تایبەت بەپاراستن و پاک راگرتنی ژینگەیان هەبێت.
زۆر زەرورە هەموومان بەشدار بین لەدەستنیشانکردنی سەرپێچی ژینگەیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگاداربکەینەوە، لەبەرامبەریشدا دەبێ حکومەت رێگەیەکی ئاسان و سانا بۆ ئەم کارە دابین بکات، بۆئەوەی هاوکارییەکی باش لەنێوان هەردوولا بۆ پاراستنی ژینگە بەدی بێت، بەجۆرێک هەموومان هەست بەکاریگەریی ئەو هەوڵانە بکات.
لەبەرامبەر بەو سەرپێچییانەی بەرامبەر بەژینگە دەکرێن، دەبێ لەڕێی هەڵمەت سەوزکردن و دار رواندن بەهاوبەشی لەگەڵ هاووڵاتیان ئەنجامبدرێت، بۆئەوەی زیاتر بەرپرسیارێتی پاراستنی ژینگە بگرێتە ئەستۆ بەوەی بەشداربوویەکی کارای دروستکردنی ژینگە بووە، زیاد لەوەش سروشتی مرۆڤ وایە بەردەوام چاودێری ئەنجامی چالاکییەکانی خۆی دەکات، ئەمەش وا دەکات بەردەوام بیری لای بایەخدان بەژینگە بێت.
کارکردن بۆ دەرکردنی یاساو رێسای بۆ بەتاوان ئەژماردنی ئەوانەی زیان بەژینگە دەگەیەنن، سزای توندیان بۆ دیاری بکرێت بەجۆرێک کە جارێکی تر بیر لەکارێکی لەو جۆرە نەکاتەوە.
بەکورتی، پاراستن و بایەخدان بەژینگە پرسیکی ئێجگار گرنگە بۆ ژیانێکی ئاسوودەوجێگیر لەکۆمەڵگە، لێرەوە گرنگیی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی میدیایی بۆ پاراستن و بایەخدان بەژینگە دەردەکەوێت، وێڕای گرنگیی دەستنیشانکردنی سەرپێچییەکان و هاندانی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژینگە لەڕێی پلان و بەرنامەی هەمەلایەنە کە هەستی بەرپرسیارێتی لای تاک و کۆمەڵگە سەبارەت بەژینگە پتەوتر بکات. تاوەکو ژینگەکەمان بە پاک و جوانیی بهێڵینەوە.