بەپێی تێگەیشتنمان لە زیرەکی، زۆربەمان هیواخوازین کە خۆمان و منداڵەکانمان خاوەن رێژەیەکی بەرزی زیرەکی بین تاوەکو بتوانین لە ژیانماندا سەرکەوتوو بین و بەسەر کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەماندا زاڵ بین، کۆی بیرکردنەوەمان بۆ زیرەکی لە پێناسەیەکی سنورداردا کورت دەکەینەوە، ئەویش لە پرۆسەی خوێندن بە تایبەتی لە کۆتا قۆناغی ئامادەیی نمرەیەکی بەرز بهێنن تاوەکو لە باشترین زانکۆ و باشترین کۆلیج وەربگیرێن، پاشانیش وەزەیفەیەکی باش بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، ئەوکات زۆر دڵخۆش دەبن و پارەیەکی باش بەیەکەوە دەنێن، بەڵام واقیعی زیرەکەکان و ئەو توێژینەوەی لەسەریان کراون، وات لێدەکات سوپاسگوزاری ئەوە بیت کە لەوان نیت. بۆ زانینی ئاستی پەیوەستبوونی زیرەکی و شادمانی و سەرکەوتووی، لویس تێرمانی دەروونناسی فەڕەنسی لە ساڵی 1926دا، توێژینەوەیەکی تاقیگەیی لەسەر کۆمەڵێک منداڵی بەهرەدار ئەنجامدا، تێرمان لە قوتابخانەکانی کالیفۆرنیا بەدوای هەرە زیرەکەکاندا گەڕا، دواتر (1500) قوتابی دەستنیشان کرد، کە ئاستی زیرەکییان لە (140) بەرەو سەروو دەست پێ دەکات، (80) قوتابییان ئاستی زیرەکییەکەیان (170)ی تێپەڕاند.
ئەو قوتابییانەی بە «مێرولەی سپی» ناونا، بە ئێستاشەوە سەرکەوتن و شکستەکانیان لە ژێر توێژینەوەدایە.
بەڵێ هەندێک لەوانە سامان و ناوبانگیان بەدەست هێنا، لەوانە جیس ئۆبنهایمەری شانۆنووس، بەڵام بەشێکی دیاری ئەندامانی تیمی مێرولەی سپی، بوونە خاوەن کاری زۆر ئاسایی، وەک دەریاوان و نووسەری ئامێری چاپ، تا بە جارسۆنی چێشتخانە و بارەکان دەگات.
تێرمان بەو دەرئەنجامە گەیشت کە زیرەکی و سەرکەوتن بە یەکەوە پەیوەست نین.
هەروەها زیرەکی بە درێژایی ساڵانی ژیانیان بەختەوەری بۆ دەستەبەر نەکردوون، ئاستی لێکجیابوونەوەی خێزانی، راهاتن لەسەر ماددە هۆشبەرەکان، خۆکوشتن لەو تیمە لە هەمان ئاستی کەسە ئاساییەکانی ناو کۆمەڵگە بوو.
رەنگە لە گرنگترین هۆکاری شکستی ئەو زیرەکانە دەرکرکردنیان بوو بێت بە بەهرەمەندی خۆیان، چونکە دوای ئەوەی لە دوای (80) ساڵ، لەمەڕ رەوتی ژیانیان پرسیار لە تیمی مێرولەی سپی کرا، هیچ سەرکەوتنێکی خۆیان بیر نەبوو، بەڵکو باسیان لەو پرسانە کرد کە لە دەستەبەرکردنیدا شکستیان هێناوە، لەبەر ئەوەی بەو ئامانجانەی لە گەنجێتیدا بۆ خۆیان دیارییان کردبوو نەگەشتن.
زۆربەری زیرەکەکان بەدەست دڵەڕاوکێوە دەناڵێنن، ئەو دڵەڕاوکێیەیان لە هی کەسانی ئاسایی جیاوازە، ئەوان بۆ زۆر پرس و بۆ ماوەی درێژ لە رۆژێکدا دوودڵی دایان دەگرێت.
جێی داخە، کە زیرەکییان نابێتە یارمەتیدەری بڕیاردانی دروستیان، یان بە رێگەیەکی دروست بڕیار لەسەر پرسەکانی ژیانیان بدەن، یان بە عەقلانی حوکم لەسەر گرفتەکان بدەن، ئەوان دووچاری کوێری بەهرەمەندی خۆیان بوونە.
بەڵام ئەندامانی رێکخراوی (منسا) کە ئەندامانی رێژەی زیرەکییان لە 98٪ بەرزترە، زیاتر لە کەسە ئاساییەکان دووچاری ناجێگیریی مەترسیدار بوونەوە، وەک خەمۆکی، تێکچوونی میزاج، وەسواسی، لاوازبوونی هۆشداری لەگەڵ زیادبوونی چالاکی، هەروەها هەستیاریی ژینگەیی وەک رەبو، نەخۆشی نەمانی خۆپارێزی ( نقص المناعه)، هۆکارەکەیشی بۆ چالاکی لە رادەبەری مێشک لە لەشێکی لە رادەبەری هەستیار بە هۆکاری دەرەکی.