بورهان شێخ رەئوف

پڕۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز

  2021-04-04 14:06      198 جار بینراوە        کۆمێنت

دواجار مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە رۆژی 31/3/2021، بە سەرۆكایەتیی وەفدێك گەیشتە ریاز-ی پایتەختی عەرەبستانی سعودیە ‌و ئەو بەستەڵەكەی توانەوە كە لە ساڵی 1990ەوە بەهۆی داگیركردنی كوێت لەلایەن عیراقەوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بڕابوو.

كازمی دوای دەستبەكاربوونی، سەردانی وڵاتانی دەرودراوسێی عیراقی كرد، هەرچەندە بڕیاربوو یەكەم وڵات سەردانی سعودیە بكات و بڕیاریش درابوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی شا سەلمان-ەوە دواخرا بۆ ئێستا، سەردانی تاران و ئەنقەرەی كرد.

حكومەتی عیراق لە سەردەمی عەبادی و دوای ئەویش عەبدولمەهدی و نهاش كازمی، لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عیراق و وڵاتانی عەرەبیدا بوو، كە قووڵایی ستراتیجی عیراقە بەلای عەرەبەكانی عیراقەوە، ئیتر ئەو پڕۆژەیەی كازمی بە ناوی رۆژهەڵاتی نوێوە ناوی دەبات، یان هەندێكی دی بە پڕۆژەی شامی نوێ‌، كە تائێستا سێ‌ كۆبوونەوەی لووتكە لە نێوان هەر سێ‌ وڵاتی میسر و ئوردن و عیراق لە قاهیرە و نیۆرك و عەممان گرێدراوە، چەند رۆژی رابردوو، بڕیاربوو كۆبوونەوەی لووتكە لە بەغدا ببەستن، بەڵام بەهۆی رووداوی بەیەكدادانی دوو شەمەندەفەر لە میسر، دواخرا.

مەبەست لەم كۆبوونەوە و جەمسەربەندییانە لەم ناوچەدا، لە نێوان سێ‌ وڵاتدا تەواوكاری و دەستكەوتی ئابووری و سیاسی ‌و ئاسایش و رۆشنبیریی دەبێت، شەقامی عیراقیش وەكو كاردانەوەكانیان لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبینرێت، خۆشحاڵن بەو پێشهاتە. هەوڵەكانی عیراق بۆ بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عیراق بە ئوردن و راكێشانی بۆری نەوت لە بەسرەوە بۆ عەقەبە، گۆڕینەوەی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكانی میسر بەرامبەر بەشداریكردن لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی عیراق و زۆرشتی تریش، سەرەتای ئەو پڕۆژەیەن.

رێكەوتننامەی هاوبەش لە نێوان دوو وڵاتدا
عیراق و سعودیە چەند رێكەوتننامەیەكی گرنگیان لە چەند بوارێكی جیاوازدا ئیمزاكرد، سەرەڕای رێكەوتننامە لە سێكتەری وزەو و وزەی نوێبووەوە. هەروەها ریاز و بەغدا رێكەوتن كە سندوقێكی هاوبەش دابمەزرێنن، كە بەگوێرەی بەیاننامەی هاوبەشی هەردوولایان، سەرمایەكەی سێ ملیار دۆلار بێت، كە سوود و قازانجی بۆ ئابووریی هەردوولا دەبێت، بە هاوبەشی كەرتی تایبەتی هەردوو وڵات.

نەوت
خاڵێكی تری گرنگ كە دوو وڵات هاوڕابوون، سێكتەری نەوتە، كە هەردوو وڵات خاوەنی یەدەكی گەورە و هەناردەكەری زەبەلاحی نەوتن، بۆیە بڕیاریانداوە هەماهەنگی و هاوكاری و هاوهەڵوێستی خۆیان لە رێكخراوی ئۆپیك پەرەپێبدەن، كە سەقامگیریی بازاڕی نەوت بپارێزن و پابەندبن بە بڕیارەكانییەوە.

سیاسی و ئابووری
لە بواری سیاسی و ئابووریشدا، بڕیاریانداوە بە ئەكتیڤكردنی گواستنەوەی زەمینی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا، هەروەك باسی زۆر دۆسێی گرنگی تریان كردووە تایبەت بە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە و پشتیوانی دەستپێشخەرییەكەی سعودیە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە شەڕ و ئاژاوە. كازمی بەڵێنی ئەوەی بە عەرەبستانی سعودیە داوە، كە لە خاكی عیراقەوە هیچ هێرشێك نەكرێتە سەر ئەو وڵاتە، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا هەندێك دەنگۆی وا بڵاوكرابۆوە.

حكومەتەكەی كازمی هەرچەندە ماوەكەی كورتە و راگوزەرە، بەڵام لە هەوڵی ئەوەدایە كە وەبەرهێنانی دەرەكی بۆ عیراق رابكێشێت، بۆیە هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ سعودیە بە گرنگ و پێویست دەزانێت، بە تایبەتی لە بوارەكانی وزە و كشتوكاڵدا پشتیوانیی عەرەبستانی سعودیە بۆ عیراق، كاریگەریی خۆی دەبێت.

خۆرهەڵاتی سەوز
بابەتێكی تری گرنگ كە پێش سەردانەكە كازمی، شازادە محەمەد بن سەلمان بە تەلەفۆن لەگەڵ كازمی باسی كردبوو، پڕۆژەیەكی زۆر گرنگ بوو لە بواری ژینگەدا، ئەویش دەستپێشخەری و پڕۆژەی (خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز)ە، كە بە مەبەستی روواندنی 50 ملیار دار وەكو گەورەترین بەرنامەی سەوزكردنەوەی زەوی لە جیهاندا، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بكرێت.

لە كۆتاییدا، ئەوەی گرنگە، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ دەوروبەرە عەرەبییەكەی دوای ساڵانێك لە دابڕان و درز و كەلێن، بێگومان بەربەستی گەورەی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە و كارێكی وائاسان نییە، بە تایبەتی بۆ كازمی.

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      104 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو