نیوەڕۆی رۆژی ١٨ مانگ بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکاو کەنەدا، ئینستیتۆی نیولاین، وێبینارێکی بۆ نووسەری کتێبی کچانی کۆبانی گایلا لیمۆن سازکرد. لە وێبینارەکەدا رەشا العقیدی، کە لێکۆڵەرێکی بەڕەچەڵەک خەڵکی موسڵە، پرسیارەکانی ئاراستەی گایلا دەکرد. رەشا ئافرەتێکی لێهاتووەو سەرپەرشتی بەشی بواری نادەوڵەتی دەکات لە ئینستیتۆی نیولاینس، ئەم ئینستیتۆیە نوێیە، بەڵام کاری باش دەکات. هەرزوو خەریکە تورکەکان تیایدا زاڵن دەبن و دیدی خۆیان دەسەپێنن. لێکۆڵەری کورد دەبێت بیر لەئەم ناوەندانە بکاتەوە.
گایلا بەڕەچەڵەک جولەکەیەکی عیراقییە. باوکی لە بەغدا لەدایکبووەو باپیری لە کەرکوک. کاتێک سوپاسم کرد بۆ نووسینی ئەم کتێبەو پێمگوت کە لەکوردستان بووە بەکەسێکی ناسراو، لە قاقای پێکەنینی داو باسی پاشخانی خۆی کرد.
گایلا پێشئەوەی ئەم کتێبە بنوسێت دوو کتێبی تری نووسیوە لەسەر ئافرەتان لەجەنگ و دۆخی جەنگدا. یەکێک لەکتێبەکانی ناوی شەڕی ئاشلیە، کە دەربارەی تیمێکی سەربازی ئەمریکییە کە هەموو ئەندامەکانی ئافرەت بوون. ئافرەت و تواناو دەسەڵاتی ئافرەتان کرۆکی بابەتەکان و دیدی گایلایە. یەکێک لەئەندامانی ئەو تیمە ئافرەتێکە بەناوی کاسی. ئەم کاسییە پاش ئەفگانستان دێت بۆ عیراق و پاشان دەچێتە سوریا.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ کاسی پەیوەندی دەکات بە گایلاوە، هەرچەندە گایلا ژمارەکە ناناسێتەوە، بەڵام وەڵامدەداتەوە. کاسی داوای لێدەکات کە دەبێت بێت سەردانی سوریا بکات. لێرە ئافرەتان نەک هەر شەڕ دەکەن، بەڵکو سەرکردایەتی پیاوانیش دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروستبێت. کاسی بە گایلا دەڵێت لەڕاستیدا من ئیرەییان پێدەبەم.
گایلا دەستوبرد بڕیار نادات. لەگەڵ کاسیدا لەڕێگای وەتس-ئاپەوە دەکەونە پەیوەندی. پاش ساڵێک گایلا بڕیار دەدات کە بچێت بۆ رۆژئاڤا.
گایلا لەکوردستانی باشوورەوە دەچێتە رۆژئاڤا. لەکاتی هاتنی وێنەی ئەو بڕیارەی پێیە کە لە چلەکانی سەدەی ڕابوردوو کاتێک دەوڵەتی عیراق بڕیاری دەرکردنی جولەکە دەدات لەعیراق، کە دەبێت لەماوەی دە رۆژدا وڵات بەجێبهێڵن بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت هیچ شتێک لەگەڵ خۆیاندا ببەن.
ئەم رووداوە رووداوێکی سەردەمی مناڵی خۆم بیردەخاتەوە کاتێک لەچێشتخانەکەمانەوە، لەسەر رێگای سلێمانی بەغدا، کوردە فەیلییەکانم دەبینی لە عیراق دەردەکران . بەڕاستی دەوڵەتی عیراقی دەوڵەتێکی فاشیی عەیار بیست و چوارە.
گایلا لەڕۆژئاڤا دەیەوێت چیرۆکی کچان بنووسێتەوە. ئەو نیوەڕۆیە لەدیدارەکەدا وتی، لەهیچ کوێی دونیادا ئافرەتانی نەبینیوە هێندە مورتاح بن بەهەبوونی دەسەڵات. ئەو کچانەی کە چیرۆکیان دەگێڕێتەوە: نەورۆزو روژدەو عەزیمەو زنارینە. هەروەها ئیلهام ئەحمەدو فەوزییە یوسف.
بەڵام ئەم چیرۆکە ناتوانرێت تەنها چیرۆکی کچان بێت، بەڵکو چیرۆکی مێژوو و جیوپۆلەتیک و دیپلۆماتەکانە. یەکێک لەو دیپلۆماتکارانە کە ناوی زۆر دەهێنرێت کەسی برێت مەکگۆرکە. برێت کە ئەو کاتە کار لەسەر عیراق دەکات، لەکاتی کەوتنی شەنگال و بەهاناهاتنی پەیەدە، بە پەیەدە ئاشنا دەبێت. شەنگال ئەو رووداوەیە کە ئەمریکاو پەکەکە بەیەک دەگەیەنێت. ئەم پەیوەندییە بەئاسانی دورست نابێت. بۆیە لە ٢٠١٤ەوە هەتا ٢٠١٦ دەخایەنێت. پاش شەنگال مەکگۆرک دەبێتە دەنگێکی دیار لەهەوڵدانی بۆ رازیکردنی ئیدارەی ئۆباما بەهاوکاری رۆژئاڤا.
کە شەڕ دەگاتە کۆبانێ، دونیا لەڕێگای کامێراکانەوە دەبێتە بینەر. ئەمە کار ئاسانی بۆ مەکۆرگ دەکات، کە ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێت کە ئەگەر بێتو کۆبانێ بکەوێت ئەوا داعش بەئاسانی دەست بەسەر عیراقدا دەگرێت و توانای مانەوەی دەبێت، لەجێگای تردا مەکگۆرک باسی دەکات کە لەمیانەی گفتوگۆی لەگەڵ تورکەکاندا، تورکیا هەرگیز ئامادەنەبووە بۆ هاوکاری بۆ شەڕی داعش، بەڵکو هەمیشە ئامانجی شەڕی کورد بووە.
سەرەتای گۆڕینەوەی گفتوگۆ لە نێوان ئەمریکییەکان و پەیەدەدا لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت. کەسێک بەناوی پۆلات جان لەسلێمانی دەبێت. پۆلات شارەزای مێژووەو چەند زمانێک بەباشی قسە دەکات و خاوەن پاشخانێکی ئەکادیمییە. پەیەدە پۆلات دەکات بەنوێنەری خۆی، ئەویش لەپەیوەندی چڕدا دەبێت لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا، ئەو هاوینە سەربازێکی ئەمریکی کە تایبەتمەندە لەبواری هێزە توندڕەوەکاندا ناوی لیو جەیمسە دەگاتە سلێمانی. لیو و پۆلات دەبنە هاوڕێ. ئەمریکاو پەیەدە لەگفتوگۆو بێرەو بردەی زۆردا دەبن. ئەمریکاییەکان بەدوای شێوازێکدا دەگەڕێن کە لەڕێگایەوە بتوانن هاوکاری پەیەدە بکەن. تورکیا رێگری سەرەکی دەبێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکاییەکان بەهانەی ئەوە بە تورکیا دەدەن کە ئەوان تەنها هاوکاری عەرەبەکانی ناو سوپای دیموکراسی سوریا دەکەن.
چیرۆکی دروستبوونی و ناونانی سوپای دیموکراتی سوریاش بۆ خۆی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. ئەم ناوە لەمیانەی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی نێوان ئەمریکاییەکان و مەزڵوم عەبدیدا، مەزڵوم پێشنیاری دەکات.
کاتێک لەمانگی یەکی ساڵی ٢٠١٦ بۆ یەکەمجار مەکگۆرک بەسەفەر دەچێت بۆ رۆژئاڤا، پۆلاتیشی لەگەڵدا دەبێت. لەو گەشتەدا مەزڵوم و ئیلهام ئەحمەد داوی سەرەکییان لە مەکگۆرک ئەوەیە کە هەوڵبدات وەک ئەندامی دانیشتنەکانی جنێف قبوڵ بکرێن. بەڵام تورکیا رێگر دەبێت لەم هەوڵە. ئامۆژگاری مەکگۆرک ئەوەیە کە وەها باشە پەیەدە هێندە خۆی بە جنێفەوە خەریک نەکات، بەڵکو زیاتر جەخت لە ئەوە بکاتەوە کە تیرەتۆری یان خاکی زیاتری بکەوێتە دەست، چونکە لەکۆتاییدا خاک بڕیاردەرە، نەک جنێف.
بۆ گایلا رۆژئاڤا لەچەندین ئاستدا جێگای سەرنجە، بەڵام لەهەموو زیاتر یەکسانی ژن و پیاوە. بەدیدی ئەو رێگرتن لەخواستەکانە هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرییە لەدونیادا. کاتێک لێم پرسی لەسەردەمی کشانەوەی ئەمریکادا، ئەوا رۆژئاڤا وەک چیرۆکێکی تاقانە دەمێنێتەوە، بەڵام رەشا ئەو بەشەی پرسیارەکەی قرتاند، ئەو وەک عەرەبێک هەوڵی ئەوەی دەدا کە بۆیاغێکی عەرەبی بەچیرۆکەکە بدات، گوایە ڕۆژئاڤا لە تونسەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. بەڵام بەگشتی پشتیوان بوو، بەتایبەتی کاتێک مامەڵەی پەیەدەو هێزە عیراقییەکانی بەراورد دەکرد.
کتێبەکەی گایلا لەوەدا گرنگە کە چیرۆکێک بۆ رووداوێکی ناوازە دروستدەکات. مەبەستم لەچیرۆک لێرەدا سەربوردەیەکی خەیاڵی نییە، چونکە کتێبەکەی گایلا رۆمان نییە. ئەمڕۆ لەدونیادا گەر چیرۆکت نەبێت ئەوا ئامادەییت نییە. چیرۆک لەخۆیەوە دروست نابێت. چیرۆک لەهەناوی جیوپۆلەتیکدا چەند خەسڵەتێکی هەیە: خەسڵەتی هەرە سەرەکی جیاوازی یان جوداییە. ئایا چەندێک ئەزموونی تۆ جودایە لەئەوانەی دەروبەرت؟ ئەم جیاوازبوونە بەئاسانی نایەتە دی، بۆیە لەپشت چیرۆکی کچانی کۆبانێەوە تارماییەک هەیە کە تارمایی ئۆجەلانە. خەسڵەتی دووەمی چیرۆک ئەوەیە کە یەکێک لەسروشتەکانی مرۆڤ ختۆکە بدات، لێرەدا مەبەستم لەسروشتەکان ئەو خەسڵەتانەیە کە مرۆڤ پێی باشە یان جوانە یان خۆشە دەربارەیان ببیستێت، وەک ئازادی ئافرەت، سروشت دۆستی، پاکی، ئازایەتی، بەرگریی.
کورد بەگشتی چیرۆکێکی دڵگیری هەیە بۆ دونیای بگێڕێتەوە. بەڵام ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئێستا بەئاراستەیەکدا دەچێت کە خەریکە ئەو چیرۆکانە بەتاڵ دەکاتەوە. هەرێم بەئاقارێکدا دەچێت کە هیچ جیاواز نییە لەمۆدێلی دەسەڵاتەکانی تری ناوچەکە. ئەمە سەرەتای ئەو تراژیدیایەیە کە کەس تاقەتی بینین و بیستنی نییە.