مستەفا مەحمودی نووسەر دەڵێ: هەموومان بەبێ بواردن، لەناو بیرکردنەوەماندا پێویستمان بە تەنەکەیەکی خۆڵ هەیە، تاوەکو قسە ناخۆش و هەڵوێستە خراپەکان، هەروەها هەندێک کەسی تێ فڕێ بدەین».
زۆر لەم قسەیە ورد بوومەوە، بۆم دەرکەوت کە راستییەکمان نیشان دەدا کە یادەوەریی رابردوو بۆتە بەشێکی رۆحمان، لەگەڵ ئەوەشدا ماوە ماوە دەبینی پێویستت بەوەیە بەشێکی ئەو یادەوەرییانەی رابردووت بنێژی و بۆ هەتا هەتایە لەبیریان بکەی، چونکە دەبێ لە ئێستادا بژی و چێژ لە هەموو ساتەکانی ئێستا ببینی. لەم نووسینەدا، چوار پرسیار دەخەمە بەر دیدەی ئەوانەی ئەم نووسینە دەخوێننەوە، ئەگەر سێیانیت بە بەڵێ وەڵام دایەوە، ئەوا هێشتا دیلی رابردووە ناخۆشەکانی خۆتی و بە دەست ئاستەنگەکانی ژیانی ئێستاتەوە دەناڵێنی.
یەک: کاتێک بەستەڵەکی هەستێک دڵت دەگرێ و هەستێکی سارد و سڕ رۆحت دادەگرێ، ئایا هەست و سۆزت بۆ کەسێک ناڕوا کە لە رابردوودا کاتێکی خۆشی پڕ هاوڕێیەتی و خۆشەویستیت لەگەڵدا بەسەربردووە؟ لێت تێدەگەیشت و خەمەکانتی لەگەڵ هەڵدەگرتی؟ ئایا ئێستا هیوا ناخوازی ئەو کەسەت لەگەڵدا بوایە؟ هەرچەندە بە تەواوی دڵنیای لەوەی بەهیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە؟ لێرەدا ساتێک رامێنە و چاوەکانت دابخە و بیر لە کەسێک بکەرەوە کە تامەزرۆی بینینی دەکەی، ئایا لەو بروایەدای کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیانت هەیە و بەسەریدا زاڵ دەبی، ئەگەر ئەو کەسەت لەگەڵدابایە باشتر دەبوویت؟
کاتێک گوشارەکانت لەسەر زیاتر دەبوو، هەموو جیهانت لەبەرچاو تاریک دەبوو، هەستت بە بێ توانایی خۆت دەکرد لەوەی بتوانی مامەڵە لەگەڵ ئەو باردۆخەت بکەی، هەروەها ناتوانی چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزیتەوە و لە رێکخستنەوەی کارەکانتدا شکست دێنی، دووچاری بێ ئومێدی دەبی، مێشکت ئەو رووداوە ناخۆشانەی رابردووت کە لەمەی ئێستات دەچێت بیردەخاتەوە، ئایا ئەم دۆخە واتلێدەکات هەست بە چارەڕەشی بکەی و واتلێدەکات بڵێی ئێستام درێژکراوەی رابردووە ناخۆشەکەمە؟
کاتێک بە رێکەوت کەسێک دەبینی کە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ژیانت هەبووە و لە رابردوودا دووچاری خەم و خەفەتیکی زۆری کردووی، دەروونتی وێران کردووە بەجۆرێک چەند ساڵێکی گەرەک بووە تاوەکو خۆت رێکبخەیتەوە و سەر لەنوێ دوور لە ئەوەوە دەست پێبکەیتەوە، ئایا بینینی دوای ئەو هەمووە ساڵە، کاتەکەت بە ئاسایی بەڕێوە دەچێت وەک ئەوەی نەت بینی بێ، بەوەی ئێستا بۆ تۆ هیچ شتێک ناگەیەنێت، یان هەموو یادەوەرییە ناخۆش و هەڵوێستە خراپەکانی سەر و دڵت دەگرن و بۆ چەند رۆژێک میزاجت تێک دەچێت؟
کاتێک بە تەنهای، ئایا زۆرجار یادەوەرییە خەماوی و رۆژە ناخۆشەکانی رابردووت وەبیر دەکەوێتەوە، یان پێچەوانەکەی؟!