بورهان شێخ رەئوف

ئاسایشی خۆراك لە عیراق و كوردستان

  2021-03-28 16:56      424 جار بینراوە        کۆمێنت

عیراق لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی پێشووەوە، بە شێوەیەكی بەرچاو بە دەست كەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی مادە خۆراكییەكانەوە دەناڵێنێت، بە دیاریكراوی لە دوای داگیركردنی دەوڵەتی كوێت و ئابڵوقەی ئابووریی نێودەوڵەتی، زیاتر ئەو دیاردە بەدیكرا.

ئێستاش كەمیی بەرهەمی ناوخۆیی نیشتمانیی عیراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە، گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، بە جۆرێك پاڵپشتیكردنی كڕین و هاوردەكردنی خۆراك لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، بەشێكی زۆری بودجەی ساڵانەی عیراق دەبات بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، بۆ پڕكردنەوەی خواستی هاووڵاتیان بۆ مادە خۆراكییە پێویستەكان.

ئاسایشی خۆراك
ئاسایشی خۆراك لە هەر وڵاتێكدا بەشێكی گرنگی ئاسایشی نیشتمانییە، هەر لەبەرئەوەشە زاراوەی ئاسایشی خۆراك مانای وایە كە هەر تاكێكی كۆمەڵگە بەشە خۆراكی خۆی بەبێ كەموكوڕی بۆ دابین بكرێت، كاتێك ئاسایشی خۆراك دابینكراوە و مسۆگەرە و ترسی لەسەر نییە كە كەس ترسی نەبێت رووبەڕووی برسێتی ببێتەوە، هەر ئەمەش دەكرێت ببێتە پێوانە و دڵنیایی كە تاكەكان لە ئایندەشدا مەترسیی برسێتییان لەسەر نییە.

پاشەكشەی كەرتی كشتوكاڵ و گرنگی پێنەدانی، بێگومان كاریگەریی راستەوخۆ و خێرای لەسەر ئاسایشی خۆراكی نیشتمانی دەبێت، جگە لە زیادبوونی زۆری ژمارەی دانیشتووان، كە ئەمەش خواست لەسەر خۆراك زیاد دەكات، سەرەڕای گۆڕانكارییەكانی ژینگە و كەشوهەوا.

گرفتەكانی بەردەم ئاسایشی خۆراك لە عیراق
كێشە و بەربەستی گەورە لە بەردەم ئاسایشی خۆراك لە عیراقدا زۆرن، لەوانە، كۆنی و چەقبەستنی دامودەزگاكانی خودی دەوڵەتی عیراقە، كە ماوەیان بەسەرچووە و لەگەڵ پێشكەوتنە گەورەكانی زانست و تەكنۆلۆجیای سەردەمدا ناگونجێت، جگە لە ململانێی نابەجێ و نادروست لە نێوان ئەم دامودەزگایانەدا و كەمیی پاڵپشتی دارایی و نەبوونی توانای زانستی و شارەزایی پێویست و بیرۆكراسی لە بەڕێوەبردندا.

سەرباری ئەو فاكتەرانەی سەرەوە، هەندێك فاكتی سەرەكی تریش هەن كە بە پێویستی دەزانم زیاتر لەسەریان بووەستم:
پاشەكشەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، ئەمەش بەهۆی پشتگوێخستنی ئەم كەرتە گرنگە كە عیراق خاوەن زەوی بە پیت و كەشوهەوای لەبار و گونجاو و جیاوازە بۆ گەشەپێدانی و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی ناوخۆیی خۆی و ئەگەر هەوڵ بدات، توانای ناردنە دەرەوەشی هەیە بۆ وڵاتانی دی، پاشەكشەكە بە جۆرێكە ئێستا عیراق پێداویستیی رۆژانەی بەرهەمی كشتوكاڵ بە رێژەی 10 %ی بازاڕی ناوخۆیی وڵات دابین دەكات، بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە دوای ساڵی 2003 ەوە.

گرفتی دابەزین و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو، گەورەترین كێشەیە كە بەرەوڕووی عیراق بۆتەوە، كەوایكردووە عیراق بەرەو كەشوهەوای وشك و بە بیابانبوون بڕوات، بەهۆی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمییەوە (احتباس حراری).

دەستگرتن بەسەر سەرچاوەكانی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بە تایبەتی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەدەر لە هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان، بە شێوەیەك توركیا 80 %ی بەشە ئاوی عیراق دەبات بەهۆی دروستكردنی گەلێك بەنداوی گەورەوە، سوریاش بەهەمان جۆر 10 %ی بەشە ئاوی عیراق دەبات.

گەندەڵیی دارایی و ئابووری و كارگێڕی لە عیراقدا، ئەمیش یەكێك لە قەیرانە هەرە گەورەكانی عیراقە و لە تیرۆر زیاتر زیانی بە كۆمەڵگەی عیراق گەیاندووە، تا ئێستا حكومەتەكانی عیراق و پەرلەمان و دامودەزگا چاودێرییەكان و دەزگای دەستپاكی و زۆر دامەزراوەی دی زل و زەبەلاح دامەزراون و بودجە و توانای باشیشیان لە بەردەستدایە، بەڵام دەسەوسانن لەبەردەم ئەم دیاردە قێزەونەدا، بێگومان ئەمیش كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە بۆ دابین نەكردنی ئاسایشی خۆراك.

رۆڵی كۆرۆنا
بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ڤایرۆس كاریگەری خۆی هەبوو لە دەركەوتنی فشۆڵیی ئابووریی عیراق و نەبوونی ئاسایشی خۆراك لە عیراقدا، رووخان و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ ژێر سفر، وایكرد كە عیراق 40 ملیار دۆلار كورتهێنانی لە بودجەدا هەبێت، جارێكی تر شكستی ئابووری ریعی پشت بەستوو بە نەوت فرۆشتن، ئەو زەنگەی بە گوێی حكومەتی عیراق و گەلەكەی و پەرلەمانەكەیدا دا، كە دەبێت بەهۆش بێنەوە و تا زووە خەمی وڵات بخۆن و ژێرخانی ئابووری تر بنیات بنێن، بە تایبەتی كشتوكاڵ نەوتی هەمیشەییە لەگەڵ سێكتەرەكانی تردا.

لە كۆتاییدا، عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە بەردەم مەینەتێكی گەورەدایە، ئەگەر حكومەتی عیراق و هەرێمیش هەنگاوی خێرا هەڵنەنێن بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی بەرهەمی ناوخۆیی بە كشتوكاڵ و هەموو سێكتەرەكانی تریشەوە، ئەویش بە كۆمەك و پاڵپشتی دارایی و زانستی و مرۆیی و دابینكردنی تەكنۆلۆجیای نوێ بە تایبەتی بۆ كشتوكاڵ و رێگرتن لە هاوردەكردن لەڵاتانی دراوسێ، كە بازاڕەكانی عیراقیان كۆنترۆڵ كردووە.

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      144 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو