بەهاتنی بایدن هیوای ئەوە هاتە ئاراوە کە ئێران و ئەمریکا دەگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما. هۆکاری ئەم پێشبینی و گەشبینییە زۆربوو. نزیکێتی ئۆباماو بایدن، بانگەشەی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکە لەکاتی کەمپەیندا، هەبوونی لۆبییەکی بەهێزی ئێرانی نزیک لەدیموکراتەکانەوە. بەڵام سەرباری دەنگۆو باسکردن و هەوڵی بچووک هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لەئارادا نییە کە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکە فەراهەم دەبێت.
لێرەدا بەکورتی ئارگومێنتی ئەوە دەخەمەڕوو کە بۆچی بایدن پەلەی نییە یان نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکە. پاشان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە کە ئایا ئێران چی دەکات.
رۆژانی رابردوو بینیمان شەقامەکانی بەغدا پڕبوون لەچەکداری میلیشیاکان. هۆکاری ئەمەو ئامانجی ئەمە تەنها یەکێک نییە، بەڵکو زۆرە. بەڵام بەدڵنیاییەوە یەکێک لەهۆکارەکانی نمایشی فشارە لەسەر ئەمریکاو دۆستەکانی لەعیراق. ئەمە لەجێگاکانی تریش دەبینین لەهەمانکاتدا. سیاسەتی ئێرانی ئاشکرایە، کە خۆی لەچەند هەنگاوێکدا دەبینێتەوە. یەکەم، بەم ئەم کارانە ئێران دەیەوێت خۆی بیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بخاتەوە کە دۆخی خراپەو پێویستە ئەمریکا ئابڵۆقەی لەسەر لاببات ئەگینا دەتوانێت کاری تێکدان بکات لەزۆر شوێن. دووەم، ئەڵتەرناتڤی نەگەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی شلۆقانی سەرتاپا ناوچەکەیە، دۆستەکانی ئێران لە واشنتۆن دەیانەوێت ئەم پەیامە بگەیەنن. هەموو ئێرانییە ئەمریکییەکان وەک یەک قسە دەکەن لەمبارەوە.
بەڵام بایدن هەست بەفشار ناکات، چونکە لەڕاستیدا گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەبری ئەوەی فشار لەسەر بایدن لاببات فشاری زۆری لەسەر دروست دەکات. بایدن پەروەردەی سێناتە. چاک شارەزای کۆنگرێسە. ئەوەی لەئێستادا فشارە لەسەری دۆخی سەختی ناوخۆی ئەمریکایە، لەئاستی کۆڤید، ئابووری، ژێرخان، کۆچبەر. ئەوەی بڕیار لەسەر سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئیدارەی بایدن و دیموکراتەکان دەدات ئێران نییە، بەڵکو دۆخی ناوخۆیە. بۆیە بایدن نایەت کۆنگریس لەخۆی بئاڵسکێنێت و هەموو کارەکانی لەناوەوە تووشی شکست بن، لەبەر ئێران.
ئێران باش ئەمە دەزانێت بۆیە لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی ئەو پەیامە بنێرێت کە ئەگەر ئاوڕی لێنەدەنەوە، ئەوا ناوچەکە تێکدەدات، بەڵام ئێران کۆریای باکوور نییە، هەرچەندە هەوڵدەدات بەڕێچکەی ئەودا بڕوات.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر سەیری ئەجیندای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکەیت ئەوا ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی نیوەییە، میدتێرم، لەکاتی وەهادا دانوستان ناکرێت. پاشان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نزیک دەبینەوە، دیسانەوە دانوستان ناکرێت، بەگشتی لەخولی یەکەمی بایدن-دا مەحاڵە لەو پرسە نزیک ببنەوە، مەگەر ئێران بەتەواوی رەفتاری بگۆڕێت بەجۆرێک کە کۆنگریس لێی رازی بێت.
لەئێستادا لەنەبوونی هیچ جۆرێک لەباوەڕ بەیەکترکردن لەنێوان هەردوولادا، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت ئێران رەفتاری خۆی بگۆڕێت. لەڕاستیدا ئەگەری زۆرە لایەنگرانی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا لەپاش هەڵبژاردن کەمتربن. ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێران و چین رێککەوتنی ٢٥ ساڵە لەنێوانیاندا واژۆ دەکەن. ئەمەش جۆرێکە لەفشار، بەڵام ئەمریکا، ئەمریکای جاران نییە، ئێستا ناوەوە لەهەموو شتێک گرنگترە، لەدەرەوە چین.
بۆیە رەنگە برادەرانی رەبع اللە زیاتر سەرقاڵبن لەماوەی داهاتوودا.