مستەفا محەمەد

متمانە سەرەداوی رێكەوتنی هاوسەنگە

  2021-03-27 14:37      232 جار بینراوە        کۆمێنت

عیراق لە زۆرلاوە كێشەی ئاڵۆزی تێدایە و ململانێی هێز و قەوارە سیاسییەكانیش بە تایبەت پەرتەوازەیی و چەند بەرەیی لە نێو ماڵی شیعەدا، بوونەتە بەربەستی گەورە لەبەردەم بنەماكانی شەراكەتی راستەقینە لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانیدا، ئەمەش رەنگدانەوەی هەیە لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و رێكەوتن لەبارەی زۆر پرسی گرنگی پەیوەست بە فۆرمی مامەڵەی حكومڕانییەوە.

ئەوە روونە كە عیراق رووە و هەڵبژاردن هەنگاو دەنێ، واش دەردەكەوێ كە بەشێك لە هێزە عەرەبییەكان «سوننە یان شیعە» بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گرەو لەسەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن، قەیرانە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەردوولاش رێی خۆشكردووە كە زەمینەیەكی لەبار بۆ چارەسەر نەیەتە ئاراوە، هەربۆیە رێكەوتن دەكرێ، بەڵام لە ئان و ساتێكدا پێش وشكبوونەوەی مەرەكەبی ئیمزاكان، ئەو رێكەوتنانەش هەڵدەوەشێنەوە.

با واز لە قەناعەت و تێڕوانینی ئەوانی دی بهێنین و قسەیەك لەبارەی خۆمانەوە بكەین. خۆ دەزانین كە ئەم كێشە و قەیرانانە هی دوو سێ رۆژێك نین تا چارەسەریان ئاسان بێ، بەڵكو كەڵەكەبووی ساڵانێكی درێژن، هۆكارگەلێك لە پشتییانەوەن كە لە پێشینەیاندا بە شەخسەنەكردنی كەیسە نەتەوەییەكان و ململانێی رۆڵی تایبەت و پچڕینی پۆستی قەبە و چنینەوەی دەستكەوتی نەتەوەیی بۆ باخەڵی حزبی، نموونەی زەق و بەرچاوی درێژكردنەوەی ئەو قەیرانانەن، ئەمەش تا رادەیەكی زۆر وەزیفەی وەفدی دانوستكاری كوردی لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی و عیراقیدا قورس و نالەبار كردووە و هەركاتێك هەلێك بۆ رێكەوتن بێتە پێشەوە، پێشهاتێكی تازە، ئەم هەلە لەبار دەبات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، گرنگترین هەنگاوی بەدیل بۆ كورد دوای گفتوگۆی درێژخایەن، هێشتا هەر گفتوگۆیە، بێ دۆزینەوەی سەرەداوی رێكەوتنی بنەڕەتی لە كۆی پرسە سیاسی و یاساییەكاندا، یاخود هەموو ئەو بابەتانەی كە مۆركی نەتەوەییان هەیە، ماف و بەشداریی ئارەزوومەندانەش پایەكانی دامەزراو نابن و هەمیشە لەبەردەم دووڕیانێكی چارەنووس نادیاردا خول دەخۆین.

ستراتیژی كورد بۆ دۆخی ئێستای عیراق هەرچی لەتوانایدایە دەبێ هەڵبژاردنی دۆستایەتیی راستەقینە بێت، ئەویش تەنها بە رەواندنەوەی ‌كەشی بێ متمانەیی لە نێوان هەولێر و بەغدادا دەستبەر دەبێ، دەبێ سەركردایەتیی سیاسیی كورد هاوشێوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە میانڕەوە عیراقییەكاندا لە ئاستی هەڕەم هەمدیس بچێتە گفتوگۆیەكی چڕەوە، تا لای خۆیەوە دڵنیایی بداتە هێزە هەژموونگەرا و لایەنە شیعەكان، كە كورد عاملی خێر دەبێ لە عیراقدا و نایەوێ لەسەر حسابی ناوچە و پێكهاتەكانی تر، بەشی زیاتر لەوەی كە مافیەتی، وەربگرێ و ئامادەشە بە رێكەوتنی هاوسەنگ چی ئەركێكی دەستووریی لەسەرشانە، بەرپرسیارانە لە ئەستۆی بگرێ.

وتاری زیاتر





ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      109 جار بینراوە








عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      148 جار بینراوە


















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو