بەر لە نزیكەی مانگێك، لە دوا مامەڵەیدا، بیتكۆین بە رێژەی (17 %)ی بەهاكەی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەهاكەی ئاستێكی پێوانەیی تۆمار كرد كە 58345 دۆلار بوو، لەگەڵ ئەو داشكانە گەورەیەدا هێشتا بەهای بیتكۆین بە بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ 2021 بە نزیكەی (60 %) بە بەرزی ماوەتەوە، هەروەها بەهای «ئەیسەر» دووەم گەورە دراوی گریمانەیی لە جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە (17 %) بەهاكەی لەدەستداوە، ئەم بارگۆڕانی بەهای بیتكۆینە پرسیاری گرنگ دەوروژێنێت سەبارەت بە چییەتی و بزاوتی بازاڕی ئەم دراوە، یان سەبارەت بە چییەتی هەموو دراوە گریمانەییەكان.
متمانەیەكی گەورەی دروستكردووە
هیچ لۆژیك نییە دراوێك بەو جۆرە گەورەیە بەهای هەڵبەز و دابەز بكات، ئەم بارگۆڕانە گەورەیە دەرفەتی هەڵسەنگاندنێكی ورد و دادپەروەرانە بە كاڵا نادات، هەروەها دەرفەتیش بە بیتكۆین و دراوە گریمانەییەكانی تریش نادات تا ببنە یەكەی پێوانە، چونكە ئەو بارگۆڕانە گەورەیە بەبێ زیانێكی گەورە كە قەرەبوو ناكرێتەوە رێگە بە پڕۆسەی ئاڵشتكردن نادات، چونكە بنچینەی هەر دراوێك جێگیریی پێوانەكردنێتی.
ئەمە لەوەی پێی دەوترێ دراوی گریمانەیی دەستەبەر نابێت، بەڵام ناتوانرێ نكۆڵی لەوە بكرێت كە ئەم دراوانە متمانەیەكی گەورەی لای ئاڵووێرانكاران پێی دروستكردووە، بەڵگەش ئەو هەڵكشانە گەورەی نرخەكەیەتی لە بەرامبەر بە دۆلار، هەر لە دروستكردنییەوە لە سەرەتای دەیەی رابردووەوە كە نرخەكەی لە دۆلارێك كەمتر بووە تا بەو ئاستە پێوانەییەی ئێستا گەیشتووە، ئەو بە گەرمی بەرەو رووی چوونەی بەڵگەی ئەوەیە كە جێی رەزامەندی وەبەرهێنەرانە بەگشتی. ئەو روو تێكردنە لە بیتكۆین لەلایەن بەڕێوەبەرانی سامان و كۆمپانیاكانەوە رووی لە هەڵكشانە، لەوانە كۆمپانیای پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی كارەبایی «تەسەلا»، كە بە بەهای (1,5) ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا كرد و نرخەكەیشی بۆ سەروو پەنجا هەزار دۆلار بەرزكردەوە.
لەگەڵ ئەم پاشەكشێیەی دوایی بیتكۆین پشكەكانی تەسەلاش زیانی بەركەوت، ئەمەش رووبەڕووی ئەم پرسیارەمان دەكاتەوە، ئایا توانای كاریگەریی ئەم دراوە گریمانییانە لەسەر بزاوتی راستەقینەی ئابووری چەندە؟ لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە لێدوانەكەی «جانێت یەلەن»ی وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بدەین لەمەڕ بیتكۆین، كە دەڵێ: «بە رەهایی هیچ جەدوا و سودێكی نییە»، هۆشداریشی لەبارەی بەكارهێنانییەوە دا، بەڵام دەبێ ئەو هۆشدارییەی بە وردی بخوێنرێتەوە، كاتێك كارایی بیتكۆین و رۆڵی وەك دراوێك بۆ راییكردنی مامەڵەی نێوان تاكەكان پێكەوە گرێدا، كاتێك وتی: «بیتكۆین لە راییكردنی مامەڵەی نێوان تاكەكان كارا نییە».
بەڵام ئەو هۆشدارییەی وەزیری گەنجینە ناتوانێ خۆی لەبەردەم ئەو هێزی بازاڕە بگرێت كە پێیوایە بیتكۆین و هاوشێوەكانی لە دراوی گریمانەیی ئامرازێكی دەستەبەركردنی سامانە، لەبەر ئەوە پێویستە لە روانگەی بازاڕەوە وەك بنەچەیەكی سەرمایە وەك هەر پشكێكی تری كۆمپانیاكان لە بیتكۆین بگەین، نەك هەر وەك دراوێكی ناڕاستەقینە تەماشای بكەین. ئەم گۆڕانە گرنگ و وردە لە تێڕوانینی جیهان بۆ ئەم دراوە، بەتایبەتیش كە پشت بەوەی پێی دەوترێ كانزاسازی دەبەستێت.
كارێكی پڕ مەترسییە
لە پێگەی رەسمی بیتكۆیندا ئاماژە بەوە دراوە، تەنیا (21) ملیۆن یەكەی بیتكۆین بەرهەم دەهێنرێت، بەمە لە پشك دەچێت كە دەشێ ژمارەكە بۆ یەكەی زۆر بچوكتر دابەش بكرێت، ئەویش بەپێی رێسای حاسیبە، بەڵام بە هەرحاڵ، لە ژمارەدا لە پشك دەچێت تەنانەت لە بیرۆكەی دابەشكردنیشی، نەك دراوێكی راستی، ئەم گۆڕانی تێڕوانینە لە تێگەیشتن لەم دراوانە بە تەواوی رێسای یارییەكە دەگۆڕێت.
بەدەستهێنانی بیتكۆین بۆ ئاڵووێر و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی كارێكی پڕ مەترسییە، بەتایبەتی كە پڕۆسەی تەحویلكردنی بیتكۆین هەر 10 خولەكی پێدەچێت، ئەمەش ماوەیەكی تەواوە كە بارگۆڕانی گەورە لە بازاڕی جیهانیدا رووبدات. وەك یەك لە دامەزرێنەرانی ئەو سەكۆیانە دەڵێ، زۆر ئەستەمە بتوانرێ پێشبینی قەبارەی پاشەكشێ یان كەی روو دەدات بكرێت، پرسەكەش بەندە بە رێسایەكی كۆنی ئابوورییەوە، ئەویش نرخ تا ئەو ئاستەی بە كردەوە خواست هاندەری دەبێت، دەشكێت، ئەو دوو دڵ نییە لە داشكانی بیتكۆین بۆ خوار پەنجا هەزار دۆلار، چونكە دەشێ ئاستی خواست بیگەڕێنێتەوە بۆ پەنجا هەزار دۆلار، بەڵام ئەم تێڕوانینە هێندەی بۆ كاڵایەك یان بنەچەیەكی سەرمایە دروستە، هێندە بۆ دراوێكی وەك بیتكۆین و هاوشێوەكانی گونجاو نییە. لەبەر ئەوە هەموو بانكە ناوەندییەكان هۆشداری دەدەن لەوەی وەك دراو مامەڵە لەگەڵ بیتكۆیندا بكرێت.
هەروەها هۆشداری لە بەكارهێنانیشی دەدات، چونكە ئاستی بارگۆڕانی بەهاكەی ئێجگار توندە، وێڕای ئەوەی دەشێ ئامرازێكی لەباری بەجێهێنانی كاری نایاسایی و سپیكردنەوەی پارە بێت.
دەرامەتێكی زۆر بەكاربەرێت
مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم جۆرە وەبەرهێنانە دەشێ ببێتە هاندەری كاری نایاسایی و دەرچەیەك بۆ چوونە نێو بازاڕەكان بدۆزێتەوە. بەڵام ئەو رەخنە گەورەیەی ئەمڕۆ رووبەڕووی دراوی گریمانەیی بەتایبەتیش بیتكۆین دەبێتەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە كارایی تۆڕی بیتكۆین بكرێت و لە هەموو مامەڵەكانی دڵنیا بیتەوە، وا دەكات ئەو تۆڕە بەشێوەیەكی گەورە دەرامەتێكی زۆر بەكاربەرێت و پێویستی بە پانتاییەكی فراوانی كۆگاكردن و گوژمەیەكی گواستنەوەی داتای «bandwidth» پێویست دەبێت، تا لەگەڵ قەبارە زنجیرەی ئەو بلۆكانەدا گونجاو بێت.
بەپێی لێدوانی وەزیرە ئەمریكییەكە، بیتكۆین پێویستی بە حەلكردنی هاوكێشەی حسابی ئێجگار ئاڵۆزە كە لەڕێی بەكارهێنانی كۆمپیوتەری زۆر بەهێزەوە دەكرێت، بڕێكی ئێجگار وزەی كارەبای دەوێت، كە دەرهاویشتەیەكی كاربۆنی زۆری هەیە كە هاوتای ئەو كاربۆنەیە كە نیوزلەندە بەرهەمی دەهێنێت، لەبەر ئەوە بەرهەمهێنانی یەكەی بیتكۆین بۆتە سەرچاوەیەكی ئێجگار ئاڵۆزی ژینگەیی.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان