ئەم ڕۆژانە لەجێگایەک ئەوەم بەرچاو کەوت کە نزیکەی ٢٠٠ رێکخراوی ژینگەپارێزی لەکوردستان بوونی هەیە. بەڕاستی ئەمە دیاردەیەکی سەیرە. دیارە زۆری رێکخراو لەهەموو بوارێکدا دیاردەیەکی تایبەتی هەرێمی کوردستانە، کە هەمیشە بیانییەکان لێم دەپرسن، ئایا ئەم هەمووە پێویستە؟ بۆ هیچ کارێک لەم بوارانەدا دیار نییە؟ بەم پێیە بوونی رێکخراو پەیوەندی بەبوونی کارەوە نییە.
ژینگە بۆ دونیای ئێمە بوارێکی نوێیە. ئاستی مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا زۆرە. بەڵام بیرکردنەوەی ژینگەیی ئێجگار رادیکاڵە. مرۆڤی ئاینی و مرۆڤی مۆدێرنیش هەردوو لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندی لەگەڵ ژینگەدا دەکەن کە دەبێت بەسەریدا زاڵبیت. ئەم دیدە لەو رەوشتەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێت سروشت دەستەمۆ بکرێت. ئەم دەستەمۆییە لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا گەشتووەتە ئاستێک کە چیدی باس لەسروشت ناکرێت وەک بوونێکی سەربەخۆ. ئەمە چەمکێکی تایبەتی هەیە کە پێی دەڵێن anthropocentrism یان مرۆسەنتەرێتی.
لەڕاستیدا من ئەوەندە شارەزای ئەم بوارەنیم، بەڵام مرۆڤ کاتێک بیر لەحوکمڕانی دەکاتەوە ناچارە بیر لەم بوارەش بکاتەوە.
ژینگە دۆستی کاتێک بەرجەستە دەبێت کە مرۆڤ پەیوەندی خۆی لەپەیوەندی ستونییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی ئاسۆیی. لەبیری ئاینیدا خودا لەسەرووی هەمووانەوەیە، پاشان مرۆڤ دێت ئینجا سروشت. ئەم پلە بەندەییە وەهایکردووە کە مرۆڤ بەمافی خۆی بزانێت یان بەمافی خودایی خۆی بزانێت کە دەبێت ئاژەڵ بکوژێت، سروشت بەکاربهێنێت. لەهەمانکاتدا سروشت بوونێکی تایبەتی بەخۆی نییە، بەڵکو خودا سەرپەرشتی دەکات، بۆیە مرۆڤ ئەرکی ئەوەی نییە بایەخی پێبدات، بەڵکو تەنها دەبێت بەکاری بهێنێت.
لەپەیوەندی ستوونیدا مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک و پێکهاتەکانی تر لەپەیوەندییەکی ئاسۆیی تەریبدان. کەس باڵاتر نییە لەکەس. ئەمە وەرچەرخانێکی پارادیمییە بەئاسانی نایەتەدی، بەڵام بوونی ڕێکخراوی زۆری بێ فەلسەفەو دید، قەرەباڵخی و جەنجاڵی بێ سوود دروست دەبێت. بەهیوام ئەوانەی شارەزای ئەم بوارەن کاری زیاتری لەسەر بکەن. ئەم کورتیلە نووسینە تەنها بۆ ختۆکەدانە.
ئایا ژینگە دەخوێندرێت؟