بورهان شێخ رەئوف

رۆژی نیشتمانیی تۆلارەنس و پێكەوەژیان

  2021-03-14 18:58      321 جار بینراوە        کۆمێنت

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دوای كۆبوونەوەكەی سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە و پاپای ڤاتیكان لە شاری نەجەف، لە رۆژی 6/3/2021، ئەو رۆژەی وەكو رۆژی نیشتمانیی تۆلارەنس و پێكەوەژیان راگەیاند.

هەرچەندە ئەم شەپۆلی گەشبینیە بە سەردانە مێژووییەكەی پاپا فرانسیس، پێناچێت لە واقیعی تاڵی ژیانی عیراقییەكان شتێكی وەها بگۆڕێت، خواست و لێدوان و دروشمی سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی عیراق بە دیالۆگ و دانوستان هەروەكو ئەم راگەیاندنەی سەرۆك وەزیران كازمی دەبێت.

بەڵێ‌، مستەفا كازمی هەر لەگەڵ ئەو راگەیاندنەشدا بەبۆنەی كۆتاییهاتنی سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عیراق، لە وتارێكدا داوای دیالۆگی نیشتمانیی فراوانی كرد لە نێوان هەموو هێز و لایەنە جیاوازەكانی عیراق لەلایەك و نوێنەرانی بزووتنەوە جەماوەرییە ناڕازییەكە لەلایەكی تر، لەپێناوی ئایندەیەكی گەشتر بۆ عیراقییەكان. ئەوەشی دووپاتكردەوە، كە حكومەتەكەی پابەندە بە خواستی خەڵكەوە لە بنیاتنانەوە و پێشكەوتن و ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایشدا.

ئەوەی ئاشكرایە، كازمی لە ئاكامی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بوو بە سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە دوای ناچاركردنی عادل عەبدولمەهدی بە دەستلەكاركێشانەوە، سەرەڕای ئەوەش تا ئێستا كابینەكەی كازمی رووبەڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی توند دەبێتەوە و تەنانەت هەفتەی پێشوو لە ئاكامی ئەو خۆپیشاندانانەدا لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، پێنج هاووڵاتی كوژران و 280 كەسیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە برینداركران.

ئەوەی خەڵكی وڵاتی زیاتر نا ئومێد كردووە لە گۆڕانكاری و بەدیهاتنی خواستەكانیان، سەرەڕای سەركەوتن بەسەر داعشدا، ئاژاوە و بێ سەروبەریی چەكی دەستی هێزە میلیشیاكانە كە ململانێی دەوڵەت دەكەن لە هەموو پێگە و جومگە گرنگەكەیدا، لەوانەش خراپتر، ئەزموونی حوكمڕانییە لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی تائیفی و ئیتنی.

دۆخی عیراق لەبارە بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی؟
پێناچێت ئێستا دۆخ و ژینگەی سیاسیی عیراق شیاو و ئامادەبێت بۆ دیالۆگێكی نیشتمانیی هاوسەنگ و یەكلاكەرەوە، بەهۆی نەبوونی بنەما و خاڵی هاوبەش لە نێوان شەقامی تووڕە و نیگەران و ناڕازیی عیراق و تاقمە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان، لەبەرئەوە هەندێك لەو سیاسییانە بە دیدی زۆرێك لە چالاكوانان و رێبەرانی خۆپیشاندانەكانی عیراق لە خەمی ئامانج و بەها باڵا نیشتمانییەكاندا نەماون، بەڵكو لە خزمەت پڕۆژەی وڵاتانی تردان، بەتایبەتیی وڵاتە ئیقلیمییەكان.

خواستەكانی كازمی لە نێوان ئاوات و بەدیهاتندا
هەرچەندە كازمی بانگەشە و بانگەوازی دیالۆگ دەكات و خوازیارە لایەنە سیاسییەكان دووربكەونەوە لە وتاری گرژ و ئاڵۆز و سڕینەوەی یەكتر، خوازیارە خۆیان ئامادە بكەن و هەوڵبدەن هەڵبژاردنی پێشوەختە سەربخەن، بوار بە گەل بدەن تا متمانەیان بە سیستمی حوكمڕانیی دیموكراسی لە عیراقدا لا دروست ببێتەوە، ئاڵۆزی ‌و گرژكردنی دۆخەكە لە بەرژەوەندیی خەڵك و خاكدا نییە و ئەوەی لەو ماوە كورتەی كابینەی كازمیدا بنیاتنراوە، سەرەڕای بەربەستی گەورەی تاقم و میلیشاكان، دەبێت بپارێزرێت و زیاتر زەمینەسازی بۆ بكرێت.

لە كۆتاییدا، سەردان و پێشوازییەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عیراق، بۆ حكومەتەكەی گرنگ بوو، بەوەی كە دۆخی وڵات ئارامە، ئەمە دەستكەوتێكی دیپلۆماسی و ئاسایشی گرنگە و دەخوازن دەستكەوتی سیاسی و ئابووری بەدەستبهێنن، چونكە ئەگەر عیراق ئارام نەبێت، ناتوانێت پێشوازیی لە كەسایەتییەكی وەكو پاپا بكات.

لەلایەكی ترەوە، عیراق پەیامێكی تری بۆ دەرەوە نارد، عیراق دوای شەڕی داعش ئارامە و پێداگرە لەسەر ئەوەی كە وڵاتی تۆلارەنس و پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە ئیتنییە جیاوازەكانە.

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      144 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو