بوونی زانكۆ لەهەر كۆمەڵگەیەكدا، بە مانای بوونی هێزی مەعریفی كلتوریو ئابووری دەگەیەنێت، بەهۆی بوونی عەقڵی خاوەن ئاست بەرزی خوێندن، مەعریفەی فراوان، فرە سەرچاوە، بەردەوام ئاگاداریو بەدواداچوون بۆ پسپۆڕییەكانی خۆیانو پەرەسەندنی بێ شوماری مەعریفی دەكەن، بەڵام ناكرێ ئەو وەسفە بەسەر هەموو زانكۆكانی جیهان تەعمیم بكرێت، لەبەر جیاوازی هەلومەرجو بارودۆخی كۆمەڵایەتیو ئابووری، هەستكردن بە بایەخو گرنگیی زانكۆ دەبێتە هۆكاری گەشەكردنو پەرەسەندنی كۆمەڵ، لەبەر ئەوەیە زانكۆی پرشنگدار هەیە كە مێژوویەكی قوڵی لە مەعریفە، داهێنان، بەرهەمی فكریو تیۆری كە جیهان بەڕێوەدەبات، كاریگەریی لەسەر هەموو ئاستەكان هەیە، ئەو زانكۆ پێشەنگانە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری هەستكردنی كۆمەڵگەكانیانە بە گرنگییو بەهای مەعریفە، لەبەر ئەوە هەموو پێداویستییەكانی بۆ فەراهەم كردووە تا بە پێگە بەرز و گرنگە بگات، بە پێچەوانەی ئەمەشەوە، دەیان زانكۆ هەن كە هەر ناونو هیچ ناوەڕۆكێكیان نییە، واتە هەر پیری لە دایك بوونە.
هۆكاری ئەم پاشەكشێیە چییە؟
ئایا هیچ نیشانەیەك هەیە بۆ پیربوونی زانكۆ؟ بێگومان نیشانەی زۆر هەن، لەوانە دابڕانیەتی لە كۆمەڵگە، دەرگاكانی بەڕووی كەرتە هەمەچەشنەكانی كۆمەڵگەو بوارە هەمەڕەنگەكانی ژیاندا نەكردۆتەوە، نە لەڕێی توێژینەوەو كۆڵینەوە لەكێشە كۆمەڵایەتی، ئابووریو كلتورییەكانی، خۆی لە بزاوتی كلتوری بەدوور گرتووە، دەشێ ئەوانە تاكو دامەزراوەكانی دەرەوەی زانكۆ وەك مونتەدا، یانە، رێكخراو، كۆمەڵەو گروپێكی رۆشنبیری دەرەوەی زانكۆ بەڕێوەی بەرن، بەهای ئەم چالاكییانە چەند گرنگ بوون كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووین، هێشتا كاریگەریی ئەو شانۆگەرییانەی زانكۆ رێكیدەخست یان ئێوارە شیعرییەكان یان كۆڕە ئابووریو كۆمەڵایەتیو ئەدەبیو مێژووییەكان، حزوری ماوە لامان. هۆكاری ئەم پاشەكشێیە چییە؟ یان خۆیان لەسەروو كۆمەڵگەوە دەبینین یان لاوازی ئامادەسازیی زانكۆكانە بۆ بەگەڕخستنی ستافەكانی خۆیانو خوێندكارەكانیان.
گۆڕانكارییە گەورە سیاسیو ئابووریو كۆمەڵایەتیو كلتوریییانە
لە نیشانەكانی پیربوون زانكۆ، دواكەوتنێتی لە خۆگونجان لەگەڵ رەوتی رووداو و گۆڕانكارییەكان، گۆڕانكاری تەكنەلۆجیا، سیاسیو مەعریفیو نوێگەرییەكانی سەردەم، ئەمەش وادەكات هەم زانكۆ و هەمیش كۆمەڵگەكەی زۆریان لە كیس بچێت، چونكە لەڕێی كۆڕ و سیمینار و كۆنفرانس و ۆركشۆپ لەگەڵ ئەو پێشهاتو گۆڕانكارییانە كارلێك ناكات، زانكۆ ناكاتە ژینگەیەكی زیندوو كە هەموو ئەندامانی خێزانەكەی لە مامۆستاو خوێندكارو فەرمانبەرانو میوانانیشی بەشدار پێ بكات، لەبەر ئەوە زۆرێكی ئەو رووداو و گۆڕانكارییە گەورە سیاسیو ئابووریو كۆمەڵایەتیو كلتوریییانە بەبێ چالاكی كە شرۆڤەیەكی زانستییانەیان بكرێتو بە دەرئەنجامی باش لێی بێنە دەرەوە، كە دواتر رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر خودی زانكۆ و كۆمەڵگەش هەبێت، هاوكاتیش یارمەتی بڕیار بەدەستان بدات لە داڕشتنی پلانو سیاسەتی وڵاتدا. بۆ نمونە، چەند پرسی گرنگ رووبەڕووی ئەم هەرێمە دەبێتەوە، بەتایبەتی كە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستینو بەردەوام ئاوسە بە دەیان كێشەی گەرم، كەچی هێشتا زنكۆكانمان لەزۆرێكی ئەو پرسانە بێدەنگنو ناخرێنە بەر باس كۆڵێنەوەی زانستی.
پێشخستنو پەرەسەندنی زانكۆ
گەنجێتی یان پیربوونی زانكۆ بە جۆری بەرهەمی زانستی زانكۆكان دەپێورێن، وەك كتێب، توێژینەوەی بڵاوكراوە، گۆڤاری زانستی، كۆنفرانسو كۆڕ و سیمینار، هەروەها بە ژمارەی (داهێنان)ی مامۆستایانی زانكۆ.
بەحوكمی ئەو شارەزاییە كەمەی هەمە لەسەر زانكۆكانو تێبینییەكانم، بەو بڕوا گەیشتووم، كە ئیدارەی زانكۆكان كاریگەریی گەورەی لەپێشخستنو پەرەسەندنی زانكۆدا هەیە، یان بیكاتە دامەزراوەیەكی بیرۆكراتی كە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ دامەزراوە ئیدارەییەكانی تری حكومەتدا نەبێت، جگە لە ناوەكەی، نەبوونی نەرمی ئیداری، گرێدانی زانكۆ بە بازنەیەكی بیرۆكراتی ناو زانكۆ، یان دەرەوەی رێگری لە بزاوتە هەمەجۆرەكانی دەكات. بۆ نمونە، نابێت زانكۆ دەستبەرداری یەكەمەكانی بێت، ئەگەر نەشتوانرێ وەك موعید دایانمەزرێنێ، دەبێ لینكی پەیوەندیی لەگەڵیان درێژە پێبداتو بۆ چالاكییەكانی بانگهێشتیان بكاتو رۆڵی بەرچاویان بداتێ تا بۆ سبەی ببنە سەركردەی ئایندەی زانكۆ، نەك لە دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆیی، وەك ئەوەی لێك جیادەبنەوە و ببڕای بر پێكەوە قسە ناكەن.
كادری بەتوانای ئیداری
ئەوانەشی وەك موعید لەناو زانكۆكاندان، كراونەتە فەرمانبەرێكی ئاساییو كاری ئیدارییان پێ دەكرێت لەبری ئەوەی كاری یارمەتیدەری زانستی مامۆستاكانی پێشووی خۆیان بن، بەوەی توانیویانە بە ئاستێكی زۆر بەرز پڕۆسەی خوێندن تەواو بكەن، ئەمەش وادەكات زانكۆ ئەو توانایانەی لە كیس بچێت، چونكە مەشغوڵكردنی بەكاری ئیداری، لەو زانستەی وەریگرتووە دووری دەخاتەوەو دەرفەتی بەدواداچوونو خوێندنەوەی لێ زەوت دەكات، بەپێی ئەو زانیارییەی هەیە، چەندین موعید هەیە بە درێژایی ساڵانی دامەزراندنی لەناو كۆلیجەكەی خۆی بەشداری سیمینارێك، كۆڕێك یان كۆنفرانسێك، تەنانەت ئامادە گفتوگۆی ماستەرنامەو تێزی دكتۆراش نەبووە، هۆكارەكەیشی دوو لایەنەیە، هەم ستافی كۆلیجەكەو هەمیش موعیدەكە لێی بەرپرسیارن.
گەنجێتی زانكۆ پێویستی بەكادری بەتوانای ئیداریو توانای مادییو مرۆیی ئاستە بەرزە، توانای خۆ رزگاركردنی لە بیرۆكراتیەت هەبێت، نەرمییەك بە زانكۆ بدات تا لەڕۆتینی نووسینگەیی رزگاری بێت، بۆ ئەوەی دەستبەرداری هەموو ئەوانە بێت كە بەهای كۆمەڵگەییی زانكۆ نازانن یان دەیزاننو بایەخی پێ نادەن.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان