شوان كەریم كابان

چەند بیرەوەرییەك لەڕۆژانی پڕشكۆی بەر لەڕاپەڕین و راپەڕین

  2021-03-10 23:55      277 جار بینراوە        کۆمێنت

هەشتەم

پاش رزگاركردنی سۆران و رەواندزو شەقڵاوەو پیرمام، بەشێكی زۆری پێشمەرگەكانی میحوەری هەولێر، لەنزیك هەولێر جێگیر بووبوون، رێكخستنەكانی ناو شارەكەش چاوەڕێی بروسكە بوون، تاكو هاوكات لەگەڵ جوڵەی پێشمەرگە، ئەوان و جەماوەریش بجوڵێن و هەولێری قەڵاو منارە لەچنگی رژێمی بەعس رزگاربكەن.
هەڤاڵانی ٤١ مەترییەكە لەنێو رانیەی ئازادكراوەوە پەخشیان دەكرد، بارودۆخی دەروونییان لەئێمە باشتر بوو، لەنێو كوردستانی ئازاددا بوون، نزیك بارەگای سەركردایەتی راپەڕین بوون، ئێمەش ستافی ٧٥ مەترییەكە چاوەڕێی بڕیاری جوڵەمان بووین بەرەو سلێمانی ئازادكراو. لەنێو ئەو چاوەڕوانییەدا هەواڵی دەستپێكردنی راپەڕین لەهەولێر گەیشت، رۆیشتنمان بیر چووەوە. هەولێر ئەو دەمە بارەگای هەردوو ئەنجومەنە كارتۆنییەكەی تەشریعی و تەنفیزی بەعسی لێبوو، بارەگای چەندین دەزگای داپڵۆسێنەر بوو، مەنزومەی شیمالیی لێبوو، چواردەوری سەربازگە بوو، بۆیە دەستپێكردنی راپەڕین لەوێ گرنگ بوو. هەواڵی رزگاركردنی بەش بەبەشی شارەكەو گرتن و خاپوركردنی بارەگاكانی بەعس و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی، پەیتا پەیتا دەهاتن، ئەو هەواڵانەی لەپەخشی ٤١ مەترییەكەدا گەیشتن، بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی و توركـمانی پاش داڕشتنەوە، چەندینجار بڵاوكرانەوە. ئەوەی پێویستە بگوترێ ئەوەیە كە هێشتا ٤١ مەترییەكە لەزەڵێ بوو، بەتوركمانی هەواڵ و بانگەواز بڵاودەكرانەوە. كاك كرمانج، كە لەلای خۆمان بە قەرە ناسراوەو خەڵكی كەركوكەو ئەندامی كۆمیتەی ئاگربوو  ماوەیەكیش پێشمەرگەی دەستەكەی كاك ئازاد هەورامی بوو دواتر هاتبووە چاپخانە، لەگەڵ ستافی ٤١ مەترییەكە بوو، توركومانییەكەی خراپ نەبوو سوودی زۆری گەیاند، بەحوكمی ئەوەی توركمان لەكەركوك و لەهەولێریش بەشی خۆی هەبوو. كاك كرمانج خۆشی بابەتەكانی وەردەگێڕایە سەر زمانی توركمانی. رۆژێكیان كاك كرمانج بابەتێك دەخوێنێتەوەو تیایدا وشەی، قاخن كە مانای راپەڕین و هەستانە، زوو زوو دووبارەدەبێتەوە، لەكاتی خوێندنەوەدا، سەرنج ئەدا كترییەكە هاتۆتە كوڵ و وردە وردە واخەریكە ئاوەكەی هەڵدەچێ و سەرقاپەكەشی تەقە تەق دەكات و كەسیش ئاگادار نییە، ئەویش بەسەر یەكەوە چەند جارێك وشەی قاخن دووبارە دەكاتەوەو بەدەستیشی ئاماژە بۆ كترییەكە دەكات، بەڵام هەر كەس ئاگای لێنابێ، بۆیە هاوار ئەكات ؛ كوڕە قاخن.، كوڕە قاخن ئەوسا هەڤاڵانی تر تێ دەگەن مەسەلە چییە. ئازادكردنی هەولێر وەرچەرخانێكی گرنگی تری رەوتی راپەڕین بوو گوڕوتینێكی تری دا بەپێشمەرگەو خەڵك و ئاسۆی سەركەوتنی راپەڕینی روونتر كرد.

 

وتاری زیاتر



راستییەکان ناشاردرێنەوە‬ شوان كەریم كابان
2022-03-12 13:45      84 جار بینراوە



رەوتی سەدر چی دەوێ؟‬ شوان كەریم كابان
2022-02-22 18:57      86 جار بینراوە

ئاسایش بۆ کێ؟‬ شوان كەریم كابان
2022-02-20 16:54      77 جار بینراوە


ئاواتەکەی شەھد‬ شوان كەریم كابان
2022-01-08 16:35      95 جار بینراوە


وەرزش وسیاسەت‬ شوان كەریم كابان
2021-12-21 15:14      110 جار بینراوە

میدیای سەدەی بیست و یەک‬ شوان كەریم كابان
2021-12-19 17:32      113 جار بینراوە



نامرن ئەوانە‬ شوان كەریم كابان
2021-11-21 23:07      98 جار بینراوە




هەڵبژاردن وگومانەكان!‬ شوان كەریم كابان
2021-10-21 22:09      84 جار بینراوە





كۆنگرەی ناكۆكەكان!‬ شوان كەریم كابان
2021-08-31 20:30      285 جار بینراوە


ڤێرژنێكی نوێی تاڵیبان! ‬ شوان كەریم كابان
2021-08-22 14:16      254 جار بینراوە



سەفەر بەخێر كاكە ستار‬ شوان كەریم كابان
2021-07-01 22:27      209 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو