بڵێسە جەبار فەرمان

نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW)

  2021-03-08 21:28      274 جار بینراوە        کۆمێنت


ئەم ناونیشانە ناسنامەی شێوازی جەنگێکی نوێیە، کە تێیدا سنوری نێوان سیاسەت و جەنگ نا دیارە ھەروەها جیاوازی لە نێوان شەڕکەر یا جەنگاوەر و ھاوڵاتی سیڤیلدا دیار نییە. لەم جەنگەدا دەوڵەتی نەتەوەیی دەگۆڕدرێت و دەبێتە دەوڵەتی ململانێی نێوان ھێزەکان و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش کاتی بوژانەوە یا گەشەکردن. ئەم بابەتە لەوانەیە لە لای زۆرێک لە خەڵک تازەو نەبیستراو بێت بەڵام تازە نییە. ناوھێنانی ئەم جۆرە تازەیەی جەنگ بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1980 دابوو لە لایەن ویلیەم لیند(William S. Lind) و كابتن جون إف. شمیت ( John F. Schmitt)بووە.

لەم جەنگەدا دەوڵەت پەیوەندیان لەگەڵ ھێزی چەکداری فەرمی لە دەست دەدەن و ھێزە چەکدارەکان بێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت لە جەنگی یەکتردا دەبن. واتە سوپای رەسمی دەوڵەت لە ژێر فەرمانی رەسمی دەوڵەتدا نامێنێ.

ئەم جۆرە جەنگە لە ژینگەیەکدا دەخوڵقێت کە کێشەی درێژخایەن و ئاڵۆزی تێدابێت، لایەنە دژ بە یەکەکان لە کرداری تێرۆریستی دژ بە یەکتر سڵ نەکەنەوە، نەبوونی ئینتما و پابەندی بۆ دەوڵەت، ھەبوونی چەندەھا نەتەوەو ئایین و مەزهەبی جیاواز لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا، سڵ نەکردنەوە لە تێکدانی کەلتوری یەکتری و جێنۆسایدکردنی یەکتری، جۆشدانی رق و کینە لە دژی یەکتری لە رێگەی بەکارھێنانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا و پڕوپاگەندەی دژ بە یەکتر، ھەروەھا بەکارھێنانی ھەموو جۆرە ھێزێکی سیاسی و ئابووریی و سەربازیی دژ بە یەکتری. لە وڵاتانێکدا کە ئەم بنەما و خاڵانەی سەرەوەی تێدا بەدی دەکرێت هەڵگیرسان و روودانی جەنگی 4GW زۆر ئاسانە.

خۆرھەڵاتی ناوەڕاست
گەر بێت و چاو بە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بخشێنین و بەدواداچونێک بۆ سیاسەتی وڵاتان ئەم ناوچەیە بکەین دوای بەھاری عەرەبی، ئەوا ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێ ئاخۆ ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە سیاسەتیان لە بەرقەراری ئارامی لەم ناوچەیە شکستیان ھێناوە؟ ئاخۆ دەبێت دوای ئەو ھەموو ترلیۆن دوڵارەی بۆ لەناوبردنی دیکتاتۆرەکان بەکارھێنران بەھەدەرچووبن و ئامانجی خۆیان نەپێکابێت. چۆن دەبێ ھێزێکی ھاوپەیمانی بەھێزی پڕچەک و پڕ لە تەکنۆلۆجیای نوێ و بەو گەورەییەوە شکست بھێنێت لە رووخانی رژێمی ئەسەد و بونیادنانی حکومەتی دیموکراسی بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە؟

دوای روخانی دیکتاتۆرەکانی عیراق، میسر، لیبیا و تونس چەندھا حزب و سیاسەتمەدار ھاتنە سەر کورسی دەسەڵات کە مایل بە سیاسەتی غەرب بوون. ئەی بۆ ئاشتی و ئارامی بەرقەرار نەبووەو جەنگ و ماڵ وێرانی بەردەوامە.

ئایا ئەم پاشاگەردانیەی کە ھەیە خوازراوە یا دروست کراوە یا بە بەرنامەیە(فوچی‌ خلاقە). بێگومان لێرەدا مەبەست کەمکردنەوەی رۆڵی ئۆپۆزسین و بزووتنەوە بەرگریەکان نییە، ناکرێت رۆڵی حزبەکان لە رووخاندنی رژێمە دیکتاتوریەکان نادیدە بگیرێت. شاراوە نییە کە مییلەتەکانی ئەم ناوچەیە ساڵانێکی زۆری بن دەستی و ئەشکەنجەو دەردەسەری زۆریان بەرێکرد و خەباتێکی زۆریان کرد بۆ ئازاد بوونیان. بەڵام شاراوەش نییە کە بەھاری عەرەبی بە ھاوکاری خۆرئاوا ھاتە کایەوە. ھەرئەوان بوون کە بە دروشمی دروستکردنی خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ و دیموکراسی خۆپیشاندەرانیان ھان دەدا. ھەروەھا راستەوخۆش لەبۆمبارانکردنی سوپای لیبیا بەشداربوون. بەشداریکردنی راستەوخۆی سەربازی ئەمریکا و ھاوپەیمانیان لەم ناوچەیە بابەتێکی نوێ نییە. لە ساڵی 1991 ئەمریکا راستەوخۆ بەشدار بوو لە رزگارکردنی کوێت لە دەستی رژێمی سەدام حسین و تێکدانی بەشی ھەرەزۆری سوپای عیراق. بەڵام پرسیارەکە ئەوە بوو بۆ بەردەوام نەبوو لە روخانی سەدام و بۆ لە بەردەرگای بەغدا هێرشەکانیان راوەستان و رێگەیان دا لە 1991 تا ساڵی 2003دیکتاتوریەتی سەدام بەردەوام بێت. ئایا ئەمە بریارێکی ھەڵە بوو ئەو کاتی ئەمریکا بوو یاخود دەکرێت خوێندنەوەی تری بۆ بکرێت.

دواتر لە شەڕ دژ بە داعش ھەمان سیناریۆ دووبارە بۆوە. ھاوپەیمانیان و ئەمریکا بەشدار بوون لە تێکشکانی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لەناویان نەبردن. ئێستاش رێکخراوی داعش لە ئەوروپا چالاکن و لە ھەوڵی خۆکۆکردنەوەن و لە لایەن حکومەتەکانەوە دەستگیرناکرێن بە ناوی مافی ئازادی و نەبوونی بەڵگەی کافی.

سیاسەتمەدارانی ئەمریکا لەسەردەمی فەرمانرەوایی جۆن بایدن لەسەر پەرەپێدان بەم سیاسەتە نوێیەی جەنگ نەوەی چوارەم بەردەوام دەبن.

ئەم سیاسەتە کار لەسەر شکست ھێنانی لەسەرخۆی سیاسەتی دەوڵەتەکان دەکات و نائارامی و دژایەتی لە نێوان نەتەوەو تایەفەکان بەشێکی گرنگی پەیڕەوکردنی ئەم جەنگەیە. بەمشێوەیەش سەپاندنی واقعێکی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ھەمیشەش لایەنەکان و نەتەوەو و مەزهەبێک ھەیە کە بۆ مانەوەی خۆی دەبێتە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتە زلھێزەکان. بەتاڵان بردنی سامانی ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکی بەردەوام و درێژخایەن بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن. دوای خاپوورکردن و لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری لە رووی رێگەوبانو ئاو و ئاوەڕۆو کارەبا، دێن و بە گرێبەستی زەبەلاح سەرلەنوێ ھەمووی بە شێوەیەکی کاتی دروست دەکەنەوە. لە ھەمووی کارەساتتر کارکردنە لەسەر شێواندنی تاکی کۆمەڵگە و نەھێشتنی بڕوا بە خۆبوون و ئینتمای نیشتمانی. پشتگوێخستنی پەروەردە و بێبەهاکردنی بڕوانامە. ھەموو ئەمانە سیماو رووی جەنگی نەوەی چوارەمن کە لەم ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەدا پەیڕەو دەکرێت.

لەم حالەتەدا دوژمن نادیارە و ھاوڵاتی دەبێتە مورتەزەقە.

ماكس مانوارینج یەکێک لە راوێژکارەکانی سوپای ئەمریکایە لە یەکێک وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئامانجیان تێکدانی ھێزی سوپایی ھیچ وڵاتێک نییە، بەڵام ئامانجیانە کە ھێزەکە شەکەت بکەن و بە ھێواشی لەناوی ببەن. ئامانجمانە کە دوژمن ناچاربکەین سەردانەوێنێ بۆ خواستەکانمان. لە رێگەی ھاوڵاتیانیانەوە ئەتوانین ئەم خواستەمان جێبەجێ بکەین و ئەمە دەبێتە شێوازی نۆێ لە ئیستعمار. ئەم سیاسەتە لە عیراق بە روونی بەدی دەکرێت.

شێوازەکانی پێناسەی جەنگ
کاتێک باسی ئەم جۆرە جەنگە دەکەین دەزانین لە مێژووی دوورونزیکدا چەندان جۆری جەنگ هەن. ئەم ناوچەیەش لەبەرئەوەی بە درێژایی مێژوو مەیدانی جەنگ و ململانێی هێزە نزیک و دوورو ناوخۆیەکان بووە. هەموو جۆرە جەنگێکی بەخۆیەوە دیوە. لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژەیەکیان پێ بدرێت بۆ روونکردنەوە بە گرنگ دەزانم شێوازەکانی پێناسەی جەنگ

–جەنگی نێوان دوو وڵاتی دژ بە یەک و دوو ھێزی چەکداری سەر بە دەوڵەت وەکو جەنگی ئێران و عیراق لەساڵەکانی ھەشتاکان (Conventional War).

–جەنگی شۆڕشی لایەنێک دژ بە حوکمداری لایەنێک وەکو شۆڕشی کورد دژ بە رژێمی بەعس( Guerilla War).

–جەنگی بەکارھێنانی ھێزی چەند وڵاتێک بەرانبەر بە وڵاتێک بۆ ھاتنە ژێربار و تەسلیم بوونی وەکو جەنگی کەنداو دژ بە عیراق ( Preventive War).

–جەنگ بەرانبەر چەند لایەنێکی نەناسراو و شاراوە وەکو روداوەکانی دوای 11 سێپتەمبەر کە تێیدا ئەمریکا بەرانبەر چەندەھا گروپ و رێکخراو لە جەنگ دابوو. ئامانجی ئەم گروپانە جیاواز و نادیارن( Asymmetric War).

عیراق
دواجارو بۆ روونبونەوەی نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW) لە ئێستای بارودۆخی عیراق ئەو بنەمایانەی شەڕ بەدیدەکرێت. جۆرێکی تری جەنگ لە عیراق بەردەوامە، کە زۆربەی خەڵک توشی سەدمە بون و نازانن چیەو چۆنە. عیراق لە مێژوی خۆیدا گۆڕەپانی شەڕ بووە. تاوان و قەساوەتی زۆر دژی مرۆڤایەتی کراوە. بە حوکمی سیاسەتی دەوڵەتە گەورەکانی دونیا بێت وسیمای ئەو جۆرە جەنگە بێت کە باسم کرد عیراق کەوتۆتە ناو ئەو بارووزروفەوە، چونکە ژینگەکەی رەخساوەو بە سیاسەت و بەرنامە کار بۆ گەیاندنی وڵاتەکە بەو بارودۆخە کراوە.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەناوی دیموکراسی و مەدەنیەتەوە پڕ کراوە لە کێشە و ململانێی نا دیموکراسی و نامەدەنی بەتایبەت عیراقیش پڕ کراوە لە رق بەرامبەر بە کەلتوورو ژیان لەبەرئەوە زەمینەی بەردەوامی داهێنانی شەڕی تازەی هەیە. جار هەبووە عیراق داگیرکراوە، جاریش هەبووە عیراق داگیرکەر بووە.جاریش هەبووە شەریکی شەڕ بووە. ئیستاش کە سنوری نێوان سیاسەت و جەنگ خەریکە نامێنێ جیاوازی لە نێوان کەسێکی جەنگاوەرو هاوڵاتییەکدا دیار نییە. کێشەکانی سەد ساڵ پێش ئێستا هەر بەردەوامە و چارەسەر نەکراوە. تیرۆری شاراوەو ئاشکرا بەردەوامە، پابەندی بە یاساو و دەستور کەمەو میزاح بڕیار دەدات و تائفیەت زۆر زیاترە لە رابردوو. ئەمانە سیماو ئەدگاری نەوەی چوارەمن لە جەنگی (4GW)ە

وتاری زیاتر









راپەرین بۆ كرا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-03-05 13:45      155 جار بینراوە



دادگای ئیتحادی بڕیاریدا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-02-06 20:16      185 جار بینراوە





کارەبا بەرانبەر بە ئاو‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-11-22 21:23      157 جار بینراوە














نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو