لەم ساتەوەختەی تێیدان، بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەربڵاویی هەواڵی درۆیینە بۆتە کێشەیەکی راستەقینە تا ئەو رادەی خەریکە دەبێتە دیاردە. رۆژانە، بەڵکو هەر سەعات و دەقیقەیەک، دەیان هەواڵی ترسناک و نامۆ و روخێنەر، چ سیاسی یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان زانستی و پزیشکی دەکەوێتە بەرچاومان، لە بەرامبەریدا دەستەوەستان دەبین، دواتر بۆمان دەردەکەوێت ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە، ئەوەی مەترسی ئەو جۆرە هەواڵانە زیاتر دەکات بەناو زانا و شارەزایانی بوارە جیاجیاکانن کە مەیدانەکەیان داگیرکردووە.
توێژەرانی پەیمانگای ماساچوتس لە کامبریج، شرۆڤەی ئەو زانیاریانەیان کردووە کە لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە، تاوەکو بزانن کام هەواڵی راستەقینە یاخود درۆیینە وەرگری زیاترە؟ 126 هەزار هەواڵی هەمەجۆر و دژ بەیەکیان تەماشا کرد، کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ماوەیەکی دیاریکراودا تویتیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە هەواڵە درۆیینەەکان زووتر و خێراتر بڵاودەبنەوە و دەگەن.
تێبینی زاڵبوونی هەواڵی درۆیینەیان کرد، ئەمەش وایکردووە خەڵکی متمانەی بە ئاژانسەکانی هەواڵ نەمێنێت و توانای جیاکردنەوەی دروستی و نادروستی هەواڵ لە دەست بدەن، حەوت لە دە کەس ترسیان لە بەکارهێنانی هەواڵی درۆیینە وەک چەک هەیە، لە (60٪) ئەوانەی راپرسییان لەگەڵ کراوە، بە متمانەوە ناتوانن هەواڵی راست و درۆیینە لێک جیا بکەنەوە. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتەڕوو، چی وا دەکات بڕوا بە هەواڵی درۆیینە بکەین؟ چۆن بتوانین خۆمان و کۆمەڵگەکەمانی لێ بپارێزین؟
پرۆفیسۆر مارک وایتمور لە زانکۆی کینت لە ئەمریکا، هۆکارەکەی بۆ ئەوەی پێی دەگوترێ (لایەنگیریی راستاندن) دەگێڕێتەوە، واتە مەیل و ئارەزووی کەسەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری، کە پشتڕاستی بۆچوونەکانی رابردوویان دەکاتەوە، هەروەها خۆلادان لەو زانیارییانەی لەگەڵ بۆچوونەکانیان نایەتەوە.
بەداخەوە، مێشک، باشتر ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەو هەواڵە ناڕاستانەی کە گونجاو و لەبارە لەگەڵ ئەو بۆچوون و بڕوایانەی پێشتر لای تاک هەبووە، ئەو لایەنگرییە لە سەرەتای تەمەنەوە دروست دەبێت، وەک حاڵی ئەو منداڵەی کە فێری جیاکردنەوەی خەیاڵ لە واقیع دەبێت، سەرەتا مەیلی بەلای وەرگرتنی خەیاڵدایە و لەو بارەوە دەست بە پرسیارکردن لە کەسوکاری دەکات، لێرەوە ململانێی نەگونجاو بۆ ئاستی دەروونی منداڵ دروست دەبێت! لەگەڵ کاتدا، خەڵکی میکانیزمی مامەڵەکردنی پەرەپێدەدات، وەک لایەنگری باوەڕکردن تاوەکو خۆی لە ململانێ و دڵەڕاوکێ بەدووربگرێت.
بەڵام دکتۆر ناسان گیفلیک لە زانکۆی لینکۆڵن لە بریتانیا، پێی وایە، دەروونی مرۆڤ و لایەنگریی مەعریفی و دەمارگیریی کوێرانە و گومان و هەست و سۆز و هەڵوێستی کەسی و مەیلەکانی جیاوازەکانی تری، رۆڵی یەکلاکەرەوە لای هەندێک کەس دروست دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بڕوا پێکردنی و پەخشکردنی و شاردنەوەی راستییەکان، ئەمەیان زۆر پێ گرنگترە لەوەی حەقیقەتیان بۆ بخەنەڕوو.
بۆ کەمکردنەوەی بڕواکردن بە هەواڵی درۆیینە، پێویستە ئاستی گومان و دڵەڕاوکێ کەمبکەینەوە تاوەکو خێرا نەکەوێنە دوای ئەو هەواڵانەی پێمان خۆشە ئەگەر درۆیینەیش بێت، ئەویش بە کۆمیدیا و گاڵتە و سوعبەتەوە دەبێت، هەروەها کات بە بیستنی تێڕوانینی جیاواز بدەین تاوەکو بۆچوونەکانمان رێک بخەینەوە و مکووڕ نەبین لەسەر بۆچوون و تێڕوانینەکانی پێشوومان.