بۆچی پاپا دێت بۆ عیراق؟
مانگی دووی ساڵی ٢٠١٩ پاپای ڤاتیکان لە ئەبوزەبی ئیمارات بەڵگەنامەیەکیان لەگەڵ ئەحمەد ئەلتەیب، ئیمامی گەورەی ئەزهەردا واژۆکرد دەربارەی برایەتی ئاینەکان و ئاشتی. پاپا دەیەوێت هەمان دۆکیومێنت لەگەڵ شیعەی موسوڵمانیشدا واژۆ بکات. هەرچەندە تەمومژێک لەدەوری ئەم پرسە دروستکراوە لە لایەن نەجەفەوە. هەر ئەمەشە کە پاپا بەپێویستی نابینێت کە نوێنەری سوننەکان ببینێت، ئەوانیش لێی نیگەرانن. وەک هەموو شتێکی تر لە عیراقدا، سەردانەکە بەچاویلکەی تایفییەت دەخوێنرێتەوە.
سەردانی کوێ و کوێ دەکات؟
لە بەغدا دادەبەزێت، هەندێ دیداری لەگەڵ حکومەت و دیپلۆماتاندا دەبێت لەگەڵ لایەنە مەسیحییەکان. پاشان دەچێت بۆ نەجەف، ئینجا بۆ ناسرییە، بۆ شاری ئور، پاسان دێتە هەولێر، لەوێوە سەردانی موسڵ و قەرقوش دەکات، ئینجا لەیاریگاری فرانسۆ، نوێژێکی جەماعەت دەکات و دەگەڕێتەوە.
بۆچی پاپا دەچێتە ئور؟
ئور وەها دادەنرێت کە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمە. ئیبراهیم باوکی ئایینە ئاسمانییەکانە. بۆ پرۆژەکەی پاپا بۆ ئاشتی نێوان ئاینەکان، ئیبراهیم فیگەرێکی گرنگە، چونکە هەمووان کۆدەکاتەوە. ئیبراهیم ناوی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سوننەکانیشە. خەڵکی ناسرییە هیوایان وەهایە کە سەردانەکە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە چاوی دونیا ئازارو مەرگ و برسێتی و خۆپێشاندانەکانی شارەکەیان ببینێت. هەندێکیش هیواخوازن کە ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی گەشتیاری ئایینی بۆ ناوچەکە. ئیتر، هەرکەسەو بۆ لەیلای خۆی دەگری.
ئایا سەردانەکەی نەجەف چۆن لە عیراقدا دەخوێنرێتەوە؟
بەرەی قوم بەنیگەرانییەوە تەماشای دەکەن. وەهای دەبینن کە حەوزەی نەجەف هێندەی تری بەهێز دەکات و شەرعیەتی نوێنەرایەتی شیعەی پێدەبەخشێت. بۆیە گوێمان لەهەندێک گیزو گازە لەلایەن موقتەداوە.
ئایا سەردانەکە چی دەگەیەنێت؟
سەردانی پاپا نیشانەی ئەوەیە کە عیراق لەدرێژایی مێژوودا جێگای ئایین و کەلتوورو خەڵك و گروپی جیاواز جیاوازی زۆر بووە. بەڵام لەدروستبوونی دەوڵەتی عیراقییەوە، ئەم خەسڵەتی فرەییە لەعیراقدا بەرەو نەمان دەچێت. سەردانی پاپا ئاماژەیە بۆ بوونی ئەم جیاوازییە، لەهەمانکاتدا بۆ بوونی مەترسی لەسەر ئەم جیاوازییە. چونکە لەملیۆن و نیوێک مەسیحی کەمتر لەنێو ملیۆن لەعێراقدا ماون و ئەوانیش بەنیازی رۆشتنن.
ئایا سیاسییەکان دەیانەوێت چۆن سوودی لێببینن؟
هەر لایەک دەیەوێت بەسوودی خۆی بیشکێنێتەوە. بەغدا دەیەوێت وێنای ئاشتی و سەقامگیری بگەیەنێت لەدۆخێکی ناسەقامگیرو سەختدا. هەولێر دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت کە مەسیحی تەنها لەکوردستان سەلامەتن. سەدر دەیەوێت دژایەتی رکەبەرەکانی پێبکات.
ئایا سەردانەک هیچ دەگۆرێت؟
نەخێر. چەند رۆژێک هەراو هوریاو وێنەگرتن و قەرەباڵغی دروست دەبێت. پاشان هەمووی وەک خۆی لێدێتەوە.