زۆرێک عاشقی بوون، چ بە کردار یان بە کۆمپیوتەر یان لەڕێی ئینتەرنێتەوە یاری پێ دەکەن، کێبڕکێی و پاڵەوانێتی بۆ ساز دەکرێت.
یاریزان وزە نەرێنێیەکانی تێدا بەتاڵ دەکاتەوە و ماوەیەکی باش لە واقیعی حاڵ دووری دەخاتەوە، هەموو هۆش و خەیاڵی بۆ پلان و چۆنیەتی گەمەکردنی تەرخان دەکات. بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع یارییەکی هاوردە کراوە و بۆتە یارییەکی تاڕادەیەک جەماوەری و دەشێ هاوڕێیەتی و دۆستایەتی کۆتایی پێ بهێنێت.
ئەو یارییانەی هەمان کاغەزی تێدا بەکاردەهێنرێت فرەجۆرن، چ یارییەکی ئاسایی بێت یاخود قومار یان سیحر و خانوو دروستکردن بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرن ئەوانەی مێژوو و رەمزیبوون و نیشانەی سەر کاغەزەکان نازانن، ئەستەمە بتوانرێت بەدواداچوون بۆ مێژووی ئەم یارییە لە شارستانییە کۆنەکاندا بکرێت، بەڵام نیشانە سەرەتاییەکانی کاغەزی یاری لە چین و هیندستان و میسرەوە بە دیار کەوتوون، هەندێک پێداگیری دەکەن کە سەرەتاکەی بۆ خێزانی پاشایەتی «تانگ»ی چین لە سەدەی نۆیەمی زایینی دەگەڕێتەوە، بەوەی لە سەدەی دەیەمی زایینی باسی ئەم یارییە لە ئەدەبی چینیدا کراوە، لەڕێی بازرگانیشەوە بۆ دەوڵەتانی تر گوازراوەتەوە، دوا ڤێرژنیشی لە فەرەنسا پەرەی پێدراوە.
پرسیارەکە ئەمەیە، نهێنی ژمارەی کاغەزەکانی چییە؟ کە ژمارەکەی 52 کاغەزە، هەر (13) کاغەزی لە یەک لەو چوار جۆرە ناسراوەیەتی، ناسنامەی کەسایەتییەکانی کێن؟
ژمارە (52) ژمارەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو ژمارەی هەفتەکانی ساڵە، چوار جۆرەکەیشی نیشانەی هەر چوار وەرزەکەی ساڵە، هەردوو سورەکەی مانای هەردوو وەرزە گەرمەکەیە، وێڕای ئەوەی نیشانەی هێزی روناکییە، وەلێ هەردوو رەشەکەی نیشانەی هەردوو وەرزە ساردەکەی ساڵە، هەروەها نیشانەی تاریکیشە. دەشێ هێمای هەر چوار چینی کۆمەڵایەتیی سەردەمی کۆن و ناوەڕاست بێت، ئەوانیش، کوپ هێمای دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی و کڵێسایە، سینەک سوپای دەوڵەتە و قەرە وێنای کشتوکاڵ و جوتیارانە و دیناریش واتە چینی بازرگان.
«بیلی» هێمایە بۆ گەوهەری شتەکان و سەرەتاکان، کاغەزە وێنەدارەکانی تر، مەلیک (شایب)، هێمای دەسەڵات و باوکایەتییە، لە کاتێکدا مەلیکە هێمای دایکایەتی و مرۆڤایەتییە، گەنجەکەیش هێمایە بۆ منی باڵای مرۆڤە و شەهوەتە، ئەمریکییەکان دواتر دوو جۆکەریان بۆ زیاد کرد، کە بوونی لە حەرەمی پاشاکانی سەدەی ناوەڕاست ئاسایی بوو، بۆ هەموو بارێک خۆیان دەگونجاند.