دروستكردنی قەیران و سەرقاڵكردنی هاووڵاتیان بە بابەتی لاوەكییەوە، بۆتە جۆرێك لە سیاسەتكردنی بەربڵاو و ساڵانێكە چەندین كتێبی لەسەر نووسراوە و توێژینەوەی زۆری لەسەر كراوە.
هەموو حكومەت و سیستمێكی سیاسی، چ سەرمایەداری بێت یا كۆمۆنیستی، سۆشیالیسی یان دیكتاتۆری، لە كۆتاییدا هەموویان لەسەر دروستكردنی قەیران كۆكن.
هەموو حكومەت و سیستم و وڵاتێك بێگومان تووشی قەیران و شكستی سیاسی دەبێت، بەڵام لەبری بەدواداچوونی جدی بۆ كێشەكان و چارەسەركردنیان، بە بوونی مەترسییەكی گەورە و دروستكردنی دوژمنێكی نادیار پەردەپۆش دەكرێت و لەیادی هاووڵاتیان دەبرێتەوە.
ئەم سیاسەتە كاریگەریی هەبووە لەسەر بڕوابوون بە دیموكراسی و هەڵبژاردن، چونكە لە كۆتاییدا ئەم سیستمی خوڵقاندنی قەیرانە لەلایەن هەموو حزبەكانەوە پەیڕەو دەكرێن.
لە زۆریك لە وڵاتە ئەوروپییەكان دەستی تۆمەت بۆ ئاوارەكان درێژ دەكرێت كە گوایە بەرپرسیارن لە خراپیی دۆخی ئابووریی و ئەمنی وڵات و نەبوونی هەلی كار و كەمیی شوێنی نیشتەجێبوون و گرانیی بازاڕ، لەكاتێكدا توێژینەوەی زۆر هەن كە پێچەوانەی ئەمانە دەسەلمێنن.
لە ئەمریكا هەوڵ دەدرێت نەبوونی بیمەی تەندروستی و خراپیی باری ئەو كەرتە و خراپیی دۆخی رەشپێستەكان و نادادپەروەریی بە هەڕەشەی مەكسیكییەكان پەردەپۆش بكرێت.
ساڵانێكی زۆر دوژمنی وەهمی هەموو تاكێكی ئەمریكایی كۆمۆنیستەكان بوون و هەموو رەخنەگرێك بە كۆمۆنیستی تۆمەتبار دەكرا كە دیارترینیان نموونەی چارلی چاپلن بوو.
ئەگەر بێینە سەر عیراق، وابزانم بۆ ناوهێنانی هەموو قەیرانەكانی عیراق زیاتر لە رۆژنامەیەكم پێویست دەبێت، بەڵام هەنووكەیی ترینیان بودجەیە و نەبوونی خزمەتگوزاریی و برسێتییە.
بودجەی 2021
بودجەی 2021چەندین بۆمبی تەوقیتكراوی تێدایە كە دیارترینیان پێدانی دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵك و ماڵی حكومەتە بە وەزارەتەكان و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ دروستكردنی لیژنە، بەم شێوەیەش بێت، هەموو كارگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و فەرمانگە حكومییەكان دەفرۆشرێن.
هەروەك چۆن چەند ساڵێك پێش ئێستا كارگەی غازی هەولێر فرۆشرا بە بڕیارێكی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم و موڵكی پەرلەمانیش وردە وردە دەفرۆشرێت.
–بەرزكردنەوەی نرخی دولار لە بودجەدا
–دانانی رێژەیەك بۆ دامەزراندن بۆ هەر وەزارەتێك و پارێزگایەك و لە سەر بنەمای پشكپشكێنە و نەك لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پێداویستی.
كەم كردنەوەی مووچەی فەرمانبەران
–زیادكردنی باجی خانەنشینی و زۆری تر.
بەڵام كوردیان كردووە بە دوژمنی هەموان و بەرپرسی سەرەكی لە دۆخی عیراق و خەتاباری یەكەم لە كورتهێنانی بودجە.
رۆژانە چالاكوان و رۆژنامەنووس تیرۆردەكرێن (بە هەرێمی كوردستانیشەوە)، بەڵام گفتوگۆی هەموو میدیا و سوشیال میدیاكان بووە بە دانانی چوارگۆشەیەكی رەشی هاوشێوەی ماڵی خوا لە كەربەلا لە نیوان مەرقەدی ئیمام حسێن و ئیمام عەباسدا.
دوای دانانی ئەو هاوشێوەی كەعبەیە، هاووڵاتیان بە دەوریدا تەوافیان كردووە. ئەمە ئاگرێكی گەورەی لە نیوان هەموو لایەنەكاندا خۆش كردووە. زۆرێك ئەم «كەعبە»یە بە كفر و تاوان دادەنێت و چەندین بەیاننامە و سەركۆنە و بابەتی لەسەر نووسراوە.
لایەنێك لایەنێكی تر بە مولحید و كافر ناودەبات و دژ بە ئاینی ئیسلام كە پایەی سەرەكیی حەج كردن و سەردانی ماڵی خودا و جێبەجێكردنی فەرزەكانی ترە و بەشێكیش پێیانوایە كە تەواف بە دەوری ئەم هاوشێوەیەی كەعبەیەدا دەتوانێت شوێنی عەمرە بگرێتەوە.
دانانی ئەم «كەعبە»یە شیاوە یا نەشیاوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە كە خەڵكێكی زۆری كردووە بەگژ یەكتریدا و ئاگری چەند بەرەكیی جۆش داوە.
دیاردەی دووەم پۆپۆلیستییە و پەیوەندیی راستەوخۆی بە دروستكردنی قەیرانەوە هەیە، مەیدانێكی نوێی نمایشكردن دروستبووە بە شێوەیەك كە لە ساڵانی پێشودا بەم جۆرەی ئێستا لەئارادا نەبووە، ئەویش بوونی میدیا و سۆشیال میدیایە. هەركەسێك لە ئێمە بە مۆبایلەكەی دەستی دەتوانێت بینەر و خوێنەر و هەواداری زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە كۆششی زۆر بێت.
كەسانی پۆپۆلیستی كەسانێك نین كە بە لۆژیك بیربكەنەوە و خوێندنەوەی وردی بابەتەكان بكەن، پێویستیان بە بڕوانامە و شارەزایی و زانیاریی نییە، تەنها شتێكی كە پێویستە بیزانن قەیرانەكانی ناو كۆمەڵگاكان و وروژاندن و كاركردن لەسەریان بەشێوازی تایبەتی خۆیان.
بۆ نموونە وەكو دەبینین كەسانیك بە لۆژیك قسەدەكەن و بە زمانی داتا و زانستی لە هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی بێ وروژاندنی هەست و نەست دەكەن. دەنگ بەدەست ناهێنن، بەڵام كەسانێك كە دەستی تۆمەت بۆ لایەنێك و زمانی زبر و توندو دوور لە ئەتەكێت بەكاردەهێنن، بە كەسانی ئازاو دلێر ناوزەد دەكرێن. لە كۆتاییشدا دەنگ دەهێنن.
ناكرێت چاوەڕوانی هیچ جۆرە كردارێكی بەرپرسانە بیت لەو كەسانە، چونكە كاری ئەوان كاركردن نییە، بەڵكو تەنها رەخنەگرتنی بێ بنەما و تەشهیركردنە و دروستكردنی دوژمنی وەهمییە كە لەهەموو كێشەكان بەرپرسیار دەكرێن.
پۆپۆلیستی دیاردەیەكی جیهانییە، بزوتنەوەی سیاسی و گروپی جیاجیا هەن لە سەردەمەكاندا سەرهەڵدەدەن، بەسروشت زوو دەردەكەون و زووش ئاوا دەبن.
تەنیا لە ئاستی تاكەكەس دەرناكەون، بەڵكو هەندێك جار وەك رەوت و گروپ بەدیار دەكەون.