گەلێک هۆکار لەپشت ئەو خەڵاتەوەن، کە ئەڵفرێد بێرنهارد نۆبڵ، زانا و پیشەسازیی سویدی دایهێناوە، دیارترین قسە کە دەربارەی ئەو خەڵاتە دەگوترێ ئەوەیە کە بۆ لێخۆشبوون لەو هەڵە و کارە خراپانەی کردوونی دایناوە، لەوەی کە بۆتە هۆکاری کوشتنی هەزاران مرۆڤ بەهۆی ئەو داینەمیتەی کە دایهێناوە، کە بەهۆی ئەوەوە ناوبانگێکی فراوان و سامانێکی ئێجگار گەورەی بەدەستهێناوە. بەڵام ئەوەی نازانرێت ئەوەیە، لە ساڵی 1888براکەی کاتێک بە سەفەر چۆتە شاری (کان)ی فەڕەنسا و لەوێ مردووە، رۆژنامەیەکی فەڕەنسی ئەوکات، بە هەڵە بەناوی ئەلفرێد نۆبڵەوە سەرەخۆشییەکی بڵاوکردۆتەوە کە ناونیشانەکەی (The merchant of death is dead) بازرگانی مەرگ مرد، لێرەوە تێگەیشت کە ئەو وێنە و یادەوەرییەی دوای مردنی خۆی بەجێی دەهێڵێت چەند عەیب و شورەییە، لەبەر ئەوە بڕیاریدا رابردووی خۆی بسڕێتەوە و بەشێکی گەورەی سامانەکەی ببخشێتە یانەی (سویدی – نەرویجی) بۆ ئەوەی ساڵانە ببەخشرێتە ئەو زانایانەی لەم پێنج بوارەدا دەستکەوت و داهێنانی گرنگ دەکەن، فیزیا، کیمیا، فسیۆلۆجیا، پزیشکی، ئەدەب و ئاشتی، کە خۆی دەستنیشانی کردوون.
یەکەم قوربانی کارەکانی نۆبڵ، باوکی بوو لە کێڵگەی مین و دروستکردنی تەقینەوەدا، هەروەها براکەی (ئەمیل) کە دەرئەنجامی تەقینەوەی کارگەی باوکی بوو.
خەڵاتی نۆبڵ بە بەناوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان دادەنرێت، سەنتەری سویدی خەڵاتی ئابووریشی بۆ زیادکرد، وەک خەونی زۆرێکی زانایان و توێژەران و سیاسییەکان، بەوەی یەک لە کۆنترین و گرانترین خەڵاتە جیهانییەکانە. ئەم خەڵاتە هەر لەسەرەتای بەخشینی خەڵاتەکەوە، مشتومڕی لێکەوتەوە، کاتێک 42 کەسایەتی سویدی ناڕازیبوون لەوەی لەساڵی 1901، خەڵاتی ئەدەب بە شاعیری فەرەنسی (رینێە سولی) بەخشرا، چونکە ئەوان پێیان وابوو، ئەو خەڵاتە شایستەی رۆماننوسی روسی (تۆلستۆی)یە کە رۆمانی (جەنگ و ئاشتی) نووسیوە. عەیبە گەورەکە ئەوە بوو کاتێک خەڵاتی کیمیا بە (فریتز هابەر)ی ئەڵمانی بەخشرا، کە سەمادێکی کیمیایی دروست کرد، کە بووە هۆکاری مردنی هەزاران کەس کاتێک چەکی کیمیایی داهێنا و گازی کلۆری بۆ گازی سیناب گۆڕی، ژنەکەی فریتز لەدژی ئەو کارانەی مێردەکەی خۆی کوشت. هەروەها رێگە لە ماری کۆری کیمیاگەری پۆڵەندنی گیرا تاوەکو لە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکاندا خەڵات وەربگرێت، دوای ئەوەی کەوتە نێوان رەگەزپەرستی پیاو و فێڵی ژنانەوە، کاتێک مێردی هاوڕێیەکی کارکردنی باسی بوونی پەیوەندییەکی نێوان خۆی و ئەوی کرد، لەکاتێکدا ماری خێزانی پرۆفیسۆر پییەر کۆری بوو، بەڵام ئەویش بەرەو رووی هەموان وەستایەوەو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی رۆیشت وەک یەکەم ژن کە ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
دوای ئەوەی ئەنتۆنیۆ ئایگاسی پزیشکی دەمار خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی لە ساڵی 1949 بەدەستهێنا، کە بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەی خەڵاتەکەی لەسەر وەرگرت، کارەساتی بەدوای خۆیدا هێنا، دووچاری شکستێکی گەورە بوو، پزیشکانی ناچار کرد دەستبەرداری ئەو نەشتەرگەرییە بن. ناخۆش ئەوەیە خەڵاتەکەت دەستبکەوێت و دواتر بیفرۆشیتەوە، وەک ئەو زانا فیزیکەی ئەمریکا لیۆن لیدەرمان، کە ساڵی 1988 خەڵاتی نوبڵی وەرگرت لە بەرامبەر بە توێژینەوەکانی لە بواری گەردیلەکان، بەڵام دواتر لەبەر بێ پارەیی ناچار بوو لە مەزادێکی ئەلکترۆنیدا بۆ چارەسەرکردنی خۆی لە خرف بوون بیفرۆشێت. لیدەرمان لە لێدوانێکیدا دەڵێ تەنانەت بردنەوەی خەڵاتەکەشم بیر نەماوە.