دروست كردنی قەیران و سەرقاڵ كردنی ھاوڵاتیان بە بابەتی لاوەكی بۆتە جۆرێك لە سیاسەت كردنی بەربڵاو. ساڵانێكە چەندەھا كتێبی لەسەر نوسراوەو توێژینەوەی زۆری لەسەر كراوە.
ھەموو حكومەت و سیستێمێكی سیاسی چ سەرمایەداری بێت یا كۆمۆنیستی یا سۆشیالی یان دیكتاتۆری لە كۆتایی دا ھەموویان لە سەر دروست كردنی قەیران كۆكن. ھەموو حكومەت و سیستێم و وڵاتێك بێگومان توشی قەیران و شكستی سیاسی دەبێت، بەڵام لە بری بەدواداچوونی جدی بۆ كێشەكان و چارەسەركردنیان، بە بوونی مەترسیەكی گەورە و دروست كردنی دوژمنێكی نادیار پەردەپۆش دەكرێت و لە یاد ھاوڵاتیان دەبرێنەوە.
ئەم سیاسەتە كاریگەری ھەبووە لەسەر بڕوا بوون بە دیموكراسیەت و ھەڵبژاردن چونكە لە كۆتایی دا ئەم سێستیمی خوڵقاندنی قەیرانە لە لایەن ھەموو حزبەكانەوە پەیڕەو دەكرێت.
لە زۆریك لە وڵاتە ئەوروپیەكان دەستی تۆمەت بۆ ئاوارەكان درێژ دەكرێت كە گوایە بەرپرسیارن لە خراپی دۆخی ئابوری و ئەمنی وڵات و نەبوونی ھەلی كار و كەمی شوێنی نیشتەجێبوون و گرانی بازاڕ، لە كاتێك دا توێژینەوەی زۆر ھەن كە پێچەوانەی ئەمانە دەسەلمێنن.
لە ئەمریكا ھەوڵ دەدرێت نەبوونی بیمەی تەندروستی و خراپی باری ئەو كەرتە و خراپی دۆخی رەشپێستەكان و نادادپەروەری بە ھەڕەشەی مەكسیكیەكان پەردەپۆش دەكرێت. ساڵانێكی زۆر دوژمنی وەھمی ھەموو تاكێكی ئەمریكی كۆمۆنیستەكان بوون و ھەموو رەخنەگرێك بە كۆمۆنیستی تۆمەتبار دەكردا كە دیارترینیان نمونەی چارلی چاپلن بوو.
بێینە سەر عیراق، وابزانم بۆ ناوھێنانی ھەموو قەیرانەكانی عیراق زیاتر لە رۆژنامەیەكم پێویست دەبێ، بەڵام ھەنوكەترینیان بوجەیە و نەبوونی خزمەت گوزاری و برسێتیە.
بوجە: بوجەی 2021 چەندەھا بۆمبی توقیت كراوی تێدایە كە دیارترینیان پێدانی دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵكوماڵی حكومەتە بە وەزارەتەكان و امین عامی ئەنجومەنی وەزیران بێ دروست كردنی لیژنە. بەم شێوەیە بێت ھەموو كارگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و دائیرە حكومیەكانە دەفرۆشرێن. ھەروەك چۆن چەند ساڵێك پێش ئێستا كارگەی غازی ھەولێر فروۆشرا بە بریارێك سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت و موڵكی پەرلەمان وردە وردە دەفرۆشرێت.
-بەرزكردنەوەی نرخی دولار لە بوجەدا
-دانانی رێژەیەك بۆ دامەزراندن بۆ ھەر وەزارەتێك و پارێزگایەك و لە سەر بنەمای پشكپشكێنە و نەك لەسەر ئەساسی لێھاتووی و پێداویستی.
-كەم كردنەوەی موچەی فەرمانبەران
-زیادكردنی باجی خانەنشینی وە زۆری تر.
بەڵام كوردیان كراوە بە دوژمنی ھەموو و بەپرسی سەرەكی لە دۆخی عیراق و خەتاباری یەكەم لە كەم ھێنانی بوجە.
رۆژانە چالاكوان و رۆژنامەنوس تیرۆردەكرێن(بە ھەرێمی كوردستانیشەوە) بەڵام گفتوگۆی ھەموو میدیا و شوشیال میدیاكان بووە بە دانانی چوارگۆشەیەكی رەش ھاوشێوەی ماڵی خوا لە كەربەلا لە نیوان مەرقەدی امام حسین و امام عباس.
دوای دانانی ئەو ھاوشێوەی كەعبەیە ھاوڵاتیان بە دەوری دا تەوافیان كردووە. ئەمە ئاگرێكی گەورەی لەنیوان ھەموو لایەنەكان خۆش كردوە.
زۆرێك ئەم كعبەیە بە كفرە، تاوانە دادەنێت
چەندەھا بەیان و ادانە و بابەتی لەسەر نوسرا.
لایەنێك لایەنێكی تر بە مولحیدو كافر و ناودەبات و دژ بە ئاینی ئیسلام كە پایەی سەرەكی حج كردن و سەردانی ماڵی خوایە و ئەنجامدانی فەرزەكانی ترە.
بەشێك پێیان وایە كە تواف بە دەوری ئەم ھاوشێوەیەی كعبە ئەتوانرێت جێگای عەمرە بگرێتەوە.
دانانی ئەم كعبەیە شیاوە یا نەشیاوە گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە كە خەڵكی زۆری داوە بەگژ یەكتردا و ئاگری چەندبەرەكی جۆش داوە.
دیاردەی دووەم پۆپۆلیستیە پەیوەندی راستەوخۆی بە دروست كردنی قەیرانەوە ھەیە.
مەیدانێكی نوێی نمایش كردن دروست بووە بە شێوەیەك كە لە ساڵانی پێشودا بەم جۆرەی ئێستا بوونی نەبووە، ئەویش بوونی میدیا و شۆشیال میدیایە. ھەر كەسێك لە ئێمە بە مۆبایلەكەی دەستی دەتوانێت بینەر و خوێنەرو ھەواداری زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات. بێ ئەوەی پێویستی بە كۆششی زۆر بێت. كەسانی پۆپۆلیستی كەسانێك نین كە بە منتق بیر بكەنەوەو خوێندنەوەی وردی بابەتەكان بكەن. پێویستیان بە بڕوانامە و شارەزایی و زانیاری نیە. تەنھا شتێكی كە پێویستە بیزانن قەیرانەكانی ناو كۆمەڵگان و وروژاندن و كاركردن لەسەریان بەشێوازی تایبەت بەخۆیان.
بۆ نمونە وەكو دەبینین كەسانیك بەلۆژیك قسەدەكەن و بە زمانی داتا و زانستی لە ھەڵبژاردنەكان بانگەشەی بێ وروژاندنی هەست و نەست دەكەن. دەنگ بەدەست ناھێنن، بەڵام كەسانێك كە دەستی تۆمەت بۆ لایەنێك و زمانی زبر و توندو دوور لە ئەتەكیەت بەكار دەھێنن بە كەسانی ئازاو دلێر ناوزەد دەكرێن. لە كۆتایش دا دەنگ دەھێنن. ناكرێت چاوەڕوانی ھیچ جۆرە كردارێكی بەرپرسانە بیت لەو كەسانە چونكە كاری ئەوان كاركردن نیە بەڵكو تەنھا رەخنە گرتنی بێ بنەماو تەشھیركردنەو دروست كردنی دوژمنی وەھمیە كە لە ھەموو كێشەكان بەرپرسیار دەكرێن.
پۆپۆلیستی دیاردەیەكی جیهانییە. بزوتنەوەی سیاسی و گروپی جیاجیا هەن لە سەردەمەكاندا سەرهەڵدەدەن. بە سروشت زوو دەردەكەون و زووش ئاوا ئەبن.
تەنیا لە ئاستی تاكەكەس دەرناكەون بەڵكو هەندێك جاو وەك رەوت و گروپ بەدیار دەكەون.