نامەوێ باسی ژمارەی زمانە جیاوازەکان بکەم و مێژووی سەرھەڵدانی رۆژی زمان یا ئاماژە بە زمانە جیاوازەکانی جیهان بدەم، من پسپۆڕی زمانی کوردی یا ھیچ زمانێکی تر نیم، بەڵام دەمەوێ بڵێم کە ترسی ئێستا و رابردوومان وەک یەکە وەک باو و باپیرانمان ترسی لەناوچوونی زمانی کوردی ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاترە. ھەموومان ھەستمان بە لاوازی زمانی کوردی و بایەخی زمانی کوردی کردووە لەلای نەوەی نوێ. بێگومان من لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی قسە دەکەم و ئەڵبەتە ھەموو نەوەی نوێ ناگرێتەوە.
بیرم دێ جارێک لە تەمەنی 11 ساڵی دا لە خزمەت شێخ محەمەدی خاڵدا بووم. جوانەی کچەزای شێخ محەمەدی خاڵ و من پێکەوە لە کتێبخانەکەی دانشتبووین و قسەی بۆ دەکردین. ھانی دەداین کە کتێب بخوێنینەوە. لە منی پرسی کە چەند شیعری کوردیم لەبەرە. منیش کۆمەڵێک شیعری نەتەوەییم دەزانی وەکو رێی خەباتمان و ئەی رەقیب و رێی خەباتمان بۆ وت. پێی وتین کە دەبێت 1000 دێڕ شیعر لە دەفتەرێکدا بنووسینەوە و ھەر وشەیەکی تێنەگەیشتین لێی بکۆڵینەوە و پیشانی بدەین. بەداخەوە کە ئەوە دوا جار بوو کە من ئەو مرۆڤە مەزنە ببینم و نەمتوانی توانی دەفتەرەکەمی پیشان بدەمەوە.
ھۆکار زۆرە کە دەبێتە ھۆی بایەخ پێ نەدانی نەوەی نوێ لە باشووری کوردستان بە زمانی دایکیان، بەڵام کەمتەرخەمی سەرەکی لە دەسەڵاتی سیاسیمان و حکومەت دایە.
نموونەی ئەڵمانیا
گەربێت و سیستم و بایەخدانی ئەڵمانیا بە زمانەکەیان و بە خوێندنەوە بە نموونە بھێنمەوە ئەوا دەبینین ھەر لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە وانەیەکی تایبەت بە کتێب خوێندنەوەیان ھەیە. ھەموو قوتابیەک دەبێت کتێبێک بخوێنێتەوە و لەبەردەم پۆلەکەیدا کورتکراوەکەی پێشکەش بکات و راوبوچوونیان لەسەر کتیبەکە بگۆڕنەوە. ئەم وانەیە وانەیەکی سەرەکیە و نمرەی لەسەرە. ئەم میکانیزم و جۆرە پەروەرەدەیە دەبێتە ھۆی وابەستەبوونی نەوەی نوێ و کۆمەڵگا بە کتێب خوێندنەوە و لەو رێگایەوە جگە لە بەکەلتورکردنی خوێندنەوە بەقووڵی و باشتر فێری زمانی دایکیان دەبن. بۆ دایەلۆگی سەرەتایی رۆژانە ھەموو کەسێک دەبێت 5000 وشە بزانێت. ئەمە ژمارەیەکی ستانداردە بۆ ھەموو زمانێک.
کەسێک کە بروانامەی زانکۆ بەدەست دەھێنێت دەبێت زیاتر لەو ژمارەیە وشە بزانێت. جیاوازی ئاستی خوێندەواری مرۆڤەکان لە دەربڕین و وشەدا بە دی دەکرێت.
ساڵانە لە ئەڵمانیا 70,000 بۆ 86,000 کتێبی تازە دێتە بازاڕ و کتێبخانەکانەوە، لەگەڵ بوونی تەکنولوجیا و ئینتەرنێت و کەم بوونەوەی کڕیاری کتێب ساڵانە زیاتر لە 12 ملیارد دولار قازانجی چاپخانەکانە.
لە کوردستان ئەمە بە دی ناکرێت. مناڵەکان ھان نادرێن بۆ خوێندنەوەی کتێب. کتێبی باش و ھاوچەرخ بە زمانی کوردی کەمە. زۆرێک لە شارەزایانی زمان رەخنەیان لە زمانی وەرگێڕان ھەیە. زۆرێک لەو بڕوایەدان کە دەبێت بە ئینگلیزی یا بە عەرەبی بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی بتوانی چێژ لە خوێندنەکە وەربگریت.
ھەموو زمانێکی زیندوو لە بەرەو پێش چوونی بەردەوام دایە. بە گوێرەی سەردەم واتە کات و شوێن و گۆڕان وشەی نوێ دێتە نێو زمانەوە و وشە و دەستەواژەی تری کە بەکار ناھێنرێن و لەناو دەچن. بۆ نمونە زمانی ئینگلیزی سەردەمی شکسپیر جیاوازی زۆری ھەیە لەگەڵ ئینگلیزی ئەم سەردەمە. ئەو سەردەمەی سوارچاکان لەگەڵ ئەم سەردەمی سۆشیال میدیایەدا جیاوازی زۆرە. ھەموو زمانێک فەرھەنگی خۆی ھەیە کە ھەموو چەند ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوەو کەم و زیاد دەکرێت.
بۆ ھەر دەرکەوتە و دەستەواژەیەک کە نییە وشە دادەتاشرێت و دەخرێتە نیو کۆمەڵگاوە بۆ بەکار ھێنانی.
زمان و بە جیهانیبوون
بە جیهانیبوون و بەزاندنی سنوورەکان بە ھۆی سەتەلایت و ئینتەرنیت و سۆشیال میدیاوە، بۆتە ھۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزی ببێە زمانێکی ستاندارد و باڵادەست. دەرکەوتنی زۆرتر و بڵاوکردنەوەی کولتوری وڵاتانی ئنگلیزی زمان لە ھەموو دونیادا. لە ساڵانی 2000 وە وڵاتانی ئەوروپا لە ھەوڵی کەمکردنەوەی بە ئەمریکاییکردنی کولتوری وڵاتەکانیانن. بۆ نموونە thanksgiving بە ھۆی کاریگەری زمانی ئینگلیزییەوە ئەم جەژنە کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئەوروپاوە نییە لە ھەموو وڵاتەکان پەیڕەو دەکرێت، تەنانەت چەند ساڵێکە لە شارەکانی باشووریش ناودەھێنرێت. ھەربۆیە بایەخێکی زۆر زیاتر بە زمان و کولتوری خۆیان دەدەن و لە ھەموو بوارەکاندا و لە ھەوڵی پاراستنیدان. لە بوارەکانی تەندروستی و تکنولوجیا و ئەدەب و فەرھەنگدا ھەوڵ دەدرێت بۆ ھەموو وشەیەک، وشەیەک داتاشن.
زمانی کوردی لە چەند روویەکەوە لە مەترسیدایە.
نەوەی نوێ لە خوێندنەوەوە دوورن لە ھەموو کۆلێژەکان دا تێکەڵەیەک لە زمانی ئینگلیزی و کوردی دەخوێنرێت زۆری خوێندنگاکانی بیانی و زمان ئینگلیزی و بایەخنەدانی حکومەت بە خوێندنگا کوردییەکان.
لاوازی زمانی کوردی لە وشە و دەستەواژەی نوێدا وای کردووە بۆ زۆر بوار وشە ئینگلیزییەکە بەکار بهێنرێت.
وشەی لاتینی و ئینگلیزی
بە کارھێنانی وشەی لاتینی و ئینگلیزی لە ھەواڵەکانی تیڤی و راگەیاندنەکاندا بۆ نموونە ئەوەندەی باس لە ریفراندۆم دەکرێت ھاوشێوە کوردیەکەی کە بریتییە لە راپرسی یا گشتپرسی بەکار ناھێنرێت.
زمانی کوردی لە زۆر رووەوە کەلتوری پیاوسالاری پێوە دیارە و بچووککردنەوەی ژن تیایدا بەدی دەکرێت. من لەو بڕوایەدام زمانی کوردی دەبێت ھاوچەرخ بکرێت بە شێوەیەک کە دژ بە ژنان نەبێت.
جگە لە سیاسەتی نەتەوەکانی سەردەستی ناوچەکە کە بەهەموو جۆرێک دەیانەوێ زمانی کوردی بایەخی نەدرێتێ و گەشە نەکات خۆیشمان وەک پێویست هەست بە مەترسی لەسەر زمانەکەمان ناکەین.
بەپێی دەستووری عیراقی و لە مادەی چواردا زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبی کردووە بە زمانی فەرمی وڵات بەڵام کوا فەرمیەتی زمانەکەمان لە ناوەندەکانی حکومی و سیاسی عیراقدا.
هیچ چاودێریەک بەدی ناکرێت بۆ پوختەکردنی زمانی کوردی و داتاشینی وشەی نوێ.
بەکارهێنانی زمانەکانی تر بەگرنگ تەماشاکردنی لەبەرامبەر زمانی کوردیدا حەقیقەت لە خۆ بەکەم زانینەوەیە دەبێت کورد و کورد زمان لەم هەستە بچنە دەرەوە.
زمانی کوردی هێزی هاوبەشی نێوان هەموو گروپ و ناوچەو بەشەکانی کوردستانە گرنگیدان بە زمانی کوردی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییە.