بەهۆی پەتای كۆرۆناوە كە لە سەرەتای ساڵی رابردوو، بە ئێستاشەوە بەردەوامی هەیە، نرخی نەوت دووچاری داڕمان بووەوە، كاریگەرییەكەشی بە ئێستاشەوە بەردەوامی هەیە. بەهۆی داخستنی تەواوی بازاڕ و دابڕانی نێوان دەوڵەتان، لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2020 خواستی جیهانیی لەسەر نەوت بەشێوەیەكی زۆر گەورە داشكا، كە بەدوای خۆیدا هاڕەی بە نرخی نەوت كرد، بە جۆرێك لە نیسانی 2020دا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برنت بۆ خوار 10 دۆلار دابەزی، نرخی نەوتی خاوی خۆرئاوای تەكساسی ئەمریكاش ئاستێكی پێوانەیی بێ پێشینەی تۆمار كرد، كە بە نێگەتیڤ بوو، ئەوەش وایكرد رەشبینی باڵ بەسەر بازاڕی نەوتدا بكێشێت.
هەر چەند ساڵێك پیشەسازیی نەوت بە رەوشێكی قورس و نالەباردا گوزەر دەكات و نرخی نەوت بۆ ئاستێكی زۆر نزم دەشكێت، هەروەها ماوەش هەیە نرخی نەوت بە ئاستێكی پێوانەیی و نالۆجیكی هەڵدەكشێت. ئەو بارگۆڕانە توندە ترس و دڵەڕاوكێ لەناو پیشەسازیی نەوت و ئاسۆی نرخەكەیدا دروست دەكات، كە بەدوایدا داڕمانێكی تری نرخەكەی دێت.
قەبارەی كۆگاكردنی نەوت
داشكانی توندی نرخی نەوت وای لە بەرهەمهێنەرانی كرد، بەتایبەتیش ئەندامانی ئۆپیك، سیاسەتی كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوت بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە زێدە نەوتی بازاڕ رزگاریان بێت. ساڵی رابردوو ئۆپیك و دەوڵەتانی دەرەوەی رێكخراوەكە، گەورەترین كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان پەیڕەو كرد، ئەو كەمكردنەوەیە شتێك هاوسەنگیی بۆ بازاڕ گێڕایەوە، بەڵام لە بەرامبەر بەو پاشەكشێیە گەورە و كتوپڕەی بەكاربردنی جیهان لە نەوت وەك پێویست نەبوو.
گۆڕانكارییەكانی كۆگا جیهانییەكانی نەوت رەوشی بەكاربردن و بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانی دەردەخات. زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرەتای قەیرانەكەدا، قەبارەی كۆگاكردنی نەوتی لە جیهان بەرزكردەوە، كە لە داتا و ئامارەكانی دەوڵەتانی ئەندامی هاریكاری و گەشەپێدان بەدیار دەكەوێت. كۆی كۆگاكردنی نەوتی ئەندامانی ئەو رێكخراوە لە مانگی شوباتی 2020دا نزیكەی 4410 ملیۆن بەرمیل بوو، لە تەمموزی هەمان ساڵدا بۆ 4784 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە، ئەم زیادەیە دەرئەنجامی جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و بەكاربردنی نەوتە بە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەوەش لە ماوەی پێنج مانگی (شوبات بۆ تەمموز)ی ساڵی 2020 بوو، دوای ئەوە یەدەكی نەوتی دەوڵەتانی ئەو رێكخراوە پاشەكشێی كرد تا لە تشرینی یەكەمی 2020 گەیشتە نزیكەی 4672 ملیۆن بەرمیل.
خواستی جیهانی و گەیاندنی نەوت
یەدەكی نەوتی ئەمریكا گەورەترین بەشی یەدەكی دەوڵەتانی ئەو رێكخراوەیە. بازاڕی نەوت بەردەوام چاودێریی یەدەكی كۆگاكراوی ئەمریكا دەكات كە هەفتانە رادەگەیەنرێت و متمانەیەكی زۆری پێدەكرێت، وایكردووە بازاڕی نەوت متمانە بە ئامار و داتاكانی بكات.
نرخی سەبەتەی نەوتی ئۆپیك لە ساڵی 2020 لە 64,04 دۆلار بۆ 41,47 دۆلار پاشەكشێی كرد، بە رێژەی (25,2 %)، هەرچەندە ئەو پاشەكشێیە بۆ كۆی ساڵەكە بوو، بەڵام لە كۆتایی ساڵدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، كە نێوەنجی نرخی مانگانەی سەبەتەی نەوتی ئۆپیك لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2020، 49 دۆلار بوو. ئەمساڵ 2021 نرخی نەوت رووی لە باشبوون كرد، نرخی سەبەتەی نەوتی ئۆپیك لە كانوونی دووەمی 2021 گەیشتە 54,38 دۆلار، ئێستا 63 دۆلاری تێپەڕاند. نرخی نەوت بۆ سێ مانگی داهاتوو هەڵكشانی بەخۆوە بینی و نزیك بۆتەوە لە نرخی فرۆشتنی نەوت لە ئێستادا، بەڵام نرخی نەوت بۆ دوازدە مانگی داهاتوو هێشتا كەمترە لە نرخی تەسلیمكردنی نەوت لە مانگی داهاتوودا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا بازاڕ چاوەڕێی زیادبوونی توندی نرخ ناكات، نرخ بۆ ماوەی داهاتوو بەو ئاستەی ئێستا بە جێگیری دەمێنێتەوە.
بەرزبوونی نرخی نەوتی ئێستا بۆ ئەو پەرەسەندنە ئیجابیانەی بواری خواستی جیهانی و گەیاندنی نەوت دەگەڕێتەوە. لە رووی گەیاندنی نەوتەوە، بازاڕ پابەندبوونی بە بەركەوتی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەندامانی ئۆپیك پڵەسی بەخۆیەوە بینی. دیارترین ركابەری نەوتی ئۆپیك، نەوتی ئەمریكایە، لەم ماوەیەدا بە بەراورد بە مانگی شوباتی رابردوو، بە نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی یەدەكی نەوتی ئەمریكا لە ماوەی شەش مانگی رابردوو زیادی نەكرد، واتە بەكاربردنی نەوت بە ئاستێكی بەرزتر لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی گەشەی كرد، بەوەش بەشداری لە زیادكردنی نرخی نەوت لە جیهاندا كرد.
شەش ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە
لەلایەن خواستەوە، بەهۆی گەشەكردنی ئابووریی ژمارەیەك لە دەوڵەتە گەورەكان لەمیانی نیوەی دووەمی ساڵی رابردووەوە، بەكاربردنی جیهانی بەرزكردەوە، بەڵام هێشتا بەكاربردنی جیهانی لە خوار ئاستە مێژووییەكەی 2019وەیە. مەزندەكانی ئۆپیك بە بەراورد بە ساڵی پێشووی ئاماژە بۆ پاشەكشێی رۆژانەی بەكاربردنی جیهانیی لە نەوت لە 2020 بە نزیكەی 9,8 ملیۆن بەرمیل دەكات. پێشبینی دەكرێت كە لە ماوەی ئەمساڵدا بەكاربردنی نەوت رۆژانە نزیكەی شەش ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بە نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل لە خوار ئاستی 2019وەیە. نرخی نەوت لە بەرامبەر پەرەسەندنەكانی داهاتوو ئێجگار هەستیارە، پێشبینی باشبوونی رەوشی ئابووریی جیهان لەم ساڵدا هۆكارێكی ئەرێنییە بۆ پشتیوانیی نرخی نەوت، ئەمەش بەشێكی زیانەكانی ساڵی رابردوو قەرەبوو دەكاتەوە.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان