لەكۆنەوە لەكوردەواریداو پاش پەیدابوونی كارەباو گڵۆپ، پێیان گوتوە عەلەتریك، كە لەبنەڕەتدا ئیلیكتریكە ئینگلیزییەكەیە. بەعمودیش كە گڵوپی پێوە بووبێ، پێیان وتووە دارە ئەلیكتریكەكە. بەڵام ئەم ئەلەكتریكەی من باسی ئەكەم جیاوازە، بەڵام ناوەكە هەر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.
كەریم كابان بەحوكمی كارەكەی كە پۆلیسی بێتەل، بێسیم، مخابر بەعەرەبی، بووە بۆ زۆر شوێن نێردراوە، بەغدا، رەواندوز، شیوەكەڵ، دینارتە، رانیە، بەنەفی كراویش بۆ ناسرییە، دیوانیە، نەجەف، رومادی. كاتێك كە لەناوەڕاستی پەنجاكاندا لە شیوەكەڵ دەبێ، بێجگە لەدۆستایەتی و خۆشەویستی لەگەڵ خەڵكی ئەوێدا، یادگارییەكی جێهێشتوەو بەناوی خۆیەوە. لەو سەردەمەدا جۆرێك پەیوەندی سەربازی هەبووە، بەلایت، گڵۆپ، كاتێك ویستراوە پەیوەندی بكرێ و ئامێری بێسیم، لاسلكی نەبووە، یا نەویستراوە بەرامبەرەكە گوێی لەپەیوەندییەكە بگرێت، بەو ئامێرە پەیوەندی كراوە. كەریم كابان بەكارهێنانی ئەو ئامێرەی زانیوەو لەشیوەكەڵیش بەكاری هێناوە. هەر وەختێك ویستبێتی بەو ئامێرە لەگەڵ چوارتا پەیوەندی بكات كە لەوێش ئامێری هەمان شێوە هەبووە، چۆتە سەر كانییەك كە چوارتای لێوە دیاربووەو بەلایتەكە پەیوەندییەكەی كردووەو وەڵامیشی وەرگرتۆتەوە، بۆیە خەڵكی شیوەكەڵ ئەو كانییەیان ناو ناوە، ئەلكتریكەكەی كەریم كابان!