فەیسەڵ عەلی

چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی بەفیڕۆداندا بكرێت؟

  2021-02-15 14:25      302 جار بینراوە        کۆمێنت

كەسی بەفیڕۆدەر (شتی بە فیڕۆدراو) بەبێ بەها دەزانێت، واتە هیچ خێرێكی نییە یان نەماوە، یان هیچ سوودێكی نییە، بەمانای ئەوەی هیچ رێگرییەك نییە لەوەی لە كۆڵ خۆی بكاتەوە، بەڵام مەرج نییە تێڕوانین و بۆچوونی كەسی بەفیڕۆدەر دروست بێت، بە تێڕوانینێكی تر، دەشێ ئەو شتە بێكەڵكە بەگەڕبخرێت و سوودێكی باشی هەبێت، بەڵام ئەو بەفیڕۆی داوە، ئەو بەفیڕۆدانە قەرەبوو ناكرێتەوە. دروشمی خۆ رزگاركردن لە بەفیڕۆدان یەك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی كوالێتی یەكە ستراتیجییەكانە، چونكە داوای خۆ دوورخستنەوە لە بەفیڕۆدان دەكات و نابێ هیچ بەهایەك لە دەست بدەیت، بەڵكو دەبێ كار بۆ پاراستنی بكەیت و سوودی لێوەربگریت و ئاستی بەكارهێنانی ئەو شتە بەرز بكەیتەوە.

بەفیڕۆدانی دارایی
بەفیرۆدان جۆری هەیە، پەیوەستە بە بەهای ئەوەی بەفیڕۆی دەدەیت، بە فیڕۆدانی دارایی هەیە، كاتێك كاڵایەك دەكڕین بەهای ئەو كاڵایە ئەو پارەیە ناهێنێ كە لە بەرامبەریدا داومانە، لێرەدا پارەی بەفیڕۆدراو جیاوازیی نێوان ئەو بەهایەی پێی دراوە و ئەو بەهایەیە كە بەدەستمان هێناوە. بەفیڕۆدانی دارایی شێوەی تریشی هەیە، وەك بەفیڕۆدانی خواردن، بەتایبەتی دوای میوانداری، بەفیڕۆدانی ئاو، وزە، كە سەرچاوەی گرنگی ژیانن، پێویستە نەك هەر بەفیڕۆی نەدەین، بەڵكو دەبێ هەوڵی دەستپێوەگرتنی بدەین.

بەفیڕۆدانی دارایی تەنیا لە تاكە كەسدا كورت نابێتەوە، بەڵكو بەفیڕۆدانی دارایی لەسەر ئاستی دامەزراوەكان زیاتر و زۆرترە. وێڕای ئەوەی هەمان بەفیڕۆدانی تاكە كەسەكانی هەیە، بەڵام زیاد لەوەش، كاتێك دامەزراوەیەك ئامرازێك دەكڕێت، بەڵام لە چوارچێوەیەكی تەسكدا بەكاری دەهێنێت، واتە ناتوانرێ بە تەواوی سوودی لێوەربگیرێت، وەك ئەوەی دەكرێ هەمان ئامراز لە دامەزراوەیەكی تریشدا بەكاربهێنرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی دامەزراوەكان بەهۆی ئەو رێنماییانەی هەیە بتوانن شەراكەتێك لە نێوانیاندا هەبێت و بازنەی بەكارهێنانی ئامرازە بەكارهێنراوەكانی نێوانیان فراوان بكەن و بەهای ئەو ئامرازە كارا بكەن و لە ئاستێكی فراوانتردا بەكاری بهێنن. بەفیڕۆدانی كات هەیە، كات بە مانای ژیان، كە دەرفەتی بەدەستهێنانی بەها دەڕەخسێنێت، دەتوانێ بەهایەك پێشكەش بكات، لەسەر ئەمە، مرۆڤ دەتوانێ لە ژیانی كەس و پیشەییدا، خۆی لە كات بەفیڕۆدان رزگار بكات، كە دەشێ ئەو كاتە لە كارێكی باشتر كە سوودی هەبێت خەرج بكات.

بەفیڕۆدانی بەهای مرۆڤ
مەرج نییە ئەو بەهایە مادی بێت، بەڵكو دەشێ مەعریفی بێت كە توانا و مایەی مەعریفی خاوەنەكی پێ بەهێز بكات، یان كۆمەڵایەتی بێت كە سوودی بۆ خۆی و تاكەكانی تر و تەواوی كۆمەڵگەكەی بێت، یان وەزرشی بێت كە سودی لە بونیادنانی لەشێكی تەندروست‌و عەقڵێكی دروست هەبێت. بێگومان پێویستە دامەزراوەكان چاو بە شێوازی كاركردنیاندا بخشێننەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە بەفیڕۆدان بەدوور بگرن. ئەمە ئامانجێكی گرنگ و سەرەكییە، نەك تەنیا لە چوارچێوەی كوالێتی ئیدارەدانی دامەزراوە Quality Management، بەڵكو لە دووبارە دیزاینكردنی دامەزراوە Re-Engineering و پەرەپێدانی پەیكەر و باشتركردنی ئەدای كاركردنیشیدا.

دوای ئەمە، پرسی «بەفیڕۆدانی بەهای مرۆڤیش» هەیە، ئەمەش دوو لای هەیە، یەكەمیان سەرپێچیكردنی یاسا و تەشریعاتەكانی كۆمەڵگە بەو جۆرەی دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئەو بەهایە، وەك ئەوەی سەرپێچییەك كە شوفێرێك دەیكات، وێڕای ئەوەی بەهای خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەفیڕۆدانی بەهای مرۆڤی تریش دەخاتە مەترسییەوە. دووەمیان، بەفیڕۆدانی بەهای مرۆڤێك لەلایەن مرۆڤێكی تر كە دووچاری نەخۆشی هەست بە گەورەبوونی خۆی بكات، بەر هەر هۆكارێكی كۆمەڵایەتی یان ئیداری یان مەعریفی بێت، ئەویش لەڕێی نواندنی رەفتارێكی نابەجێ و نادروستەوە. هەموو مرۆڤێك رۆڵێكی بنچینەیی لە ژیاندا هەیە، لە بارەگای هەر دامەزراوەیەك، كرێكاری پاككەرەوە، وێنەیەكی جوان و پاكی دامەزراوەكە نیشانی هەموو كارمەندان و كرێكاران و میوانانی ئەو دامەزراوەیە دەخاتەڕوو، ئەم رۆڵە سەرەكییە هیچ جیاواز نییە لە بەهای سەركەوتنی دامەزراوە كە كارمەندەكانی تر دەیگێڕن.

بەگژاچوونەوەی دابونەریتی بەفیڕۆدان
دوای خستنەڕووی پێناسەكردنی بەفیڕۆدان و جۆرە سەرەكییەكانی، لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندێك راسپاردە بۆ سنورداركردنی بەفیڕۆدان چ بۆ تاكە كەس چ بۆ دامەزراوە بخەینەڕوو.

ئەگەر بە تاكە كەس دەست پێبكەین، پێنج راسپاردە هەیە، یەكەمیان، كاركردن و هەوڵدانە بۆ بەگژداچوونی دابونەریتی بەفیڕۆدانە كە تاكە كەس لە ژیانیدا وەریگرتووە، وەك بەفیڕۆدانی بەشێكی ئەو خواردنەوەیەی كە دەیخوات، بەفیڕۆدانی ئاو، كارەبا، سووتەمەنی، كات و… تد. دووەمیان پێداگیریی لەسەر سنورداركردنی بەكارهێنان دەكات، داوا لە هەموو كەسێك دەكرێت كە ئەوەندەی پێویستی پێی هەیە بەكاربهێنێت، مەبەستەكە لەوەیە، تەنیا ئەوە بكڕێت كە پێویستی پێی دەبێت. سێیەمیان، دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەوەی هەیەتی، ئەگەر دەكرێ بەر لەوەی بیر لە كڕینی تازەیەك بكاتەوەو كۆنەكەی بەفیڕۆ نەدات، چوارەمیان جەخت لەسەر تێڕوانینێكی تر دەكات، ئەویش دەكرێ ئەو شتەی هەیەتی لە بوارێكی تردا بەكاریبهێنێت، ئەگەر بكرێت، لە بری ئەوەی بچێت شتێكی نوێ بكڕێت. پێنجەمیان ئەو شتانەی بەفیڕۆیان دەدات لە شوێنی تایبەت بە فیڕۆدان دایبنێت، دەشێ یەكێك هەبێت بتوانی لێی سوودمەند بێت لەبری بەفیڕۆدانی. دەشێ هەندێك زێدەڕۆیی لەم راسپاردانەدا هەبێت، بەڵام هەندێك بۆچوونی كەسییە بۆ سنورداركردنی بەفیڕۆدان.

سنوورداركردنی بەفیڕۆدان
لەكۆتایی ئەم نووسینەدا، هەندێك پێشنیار بۆ دامەزراوەكان، چ حكومی بێت یان تایبەت دەخەینەڕوو، بەو ئامانجەی ئەگەر پراكتیزە بكرێن بتوانن لێوەی بەفیڕۆدان سنوردار بكەن. پێشنیارەكە ئەمەیە، هەر دامەزراوەیەك كێبڕكێی «سنورداركردنی بەفیڕۆدان» بۆ كارمەندانی خۆی رابگەیەنێت، دوو داوا لە هەر كارمەندێك بكرێت كە دەیەوێ بەشداری ئەم پێشبڕكێیە بكات، یەكەمیان، خۆی حاڵەتێكی بەفیڕۆدان دیاری بكات كە بە گرنگیی دەزانێت، دووەمیان، راسپاردەیەك پێشكەش بكات كە پێیوایە سوودی بۆ سنورداركردنی بەفیڕۆدان هەیە. دوای ئەوەی وەڵامی هەموو كارمەندان كۆدەكرێنەوە، بدرێتە لیژنەیەك بۆ داڕشتنی راپۆرتێك كە ئەو دوو وەڵامە بەپێی گرنگییان بۆ دامەزراوەكە پۆلێن بكات، هەروەها میكانیزمەكانی جێبەجێكردن و كاریگەرییەكانی لەسەر دامەزراوەكە دیاری بكات، لەسەر بنەمای ئەو پۆلێنكردنە خەڵات دابەش بكرێت. راپۆرتی لیژنەكە دەبێتە زەخیرەیەكی باشی بەردەستی دامەزراوە تا لەڕێی سنورداركردنی هەموو شێوەكانی بەفیڕۆدان تواناكانی خۆی كارا بكات.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

وتاری زیاتر





كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      115 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      225 جار بینراوە




پەیوەندیی نێوان ئابووری و ژینگە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-09-04 15:06      250 جار بینراوە



مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-26 11:00      528 جار بینراوە

فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      304 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      143 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      216 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      275 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      706 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      183 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      164 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      182 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      242 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو