پێم وانییه که‌س هه‌بێ ناکۆک بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که (ئیداره‌و فکری ئیداری به‌رپرسان) به‌رپرسی یه‌که‌می سه‌رکه‌وتن و شکستهێنانن.
رۆڵی سه‌رکرده به‌ته‌نیا پله‌و سه‌لاحیات دیاری ناکا، به‌ڵکو چەندین موماره‌سه‌ی سه‌رکردایه‌تی و ئیداری تر هەن ، که‌ده‌بێ سەرکردە جێبه‌جێی بکات و، موماره‌سه‌ی بکا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێ، ئەگەر نا ئەوا شکست دەهێنێت. چه‌ند به‌رپرس به‌رپرسیارێتی وه‌رگرت و دوای ته‌واو بونی ماوه‌ی به‌رپرسیارییه‌تیه‌که‌ی هیچ هه‌نگاوێکی ئه‌تۆی نه‌هاویشت، ئه‌و ماوه‌ی به‌رپرسیارییه‌تیه‌ی به‌هه‌ده‌ر دا‌و هیچی بۆ وڵاتەکەی بەدەستنەهێناو، ئه‌و کاته‌یشی به‌فیڕۆدا که ناتوانرێ بیگێڕدرێتەوە.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، چه‌ندین به‌رپرسیش هه‌ن که سه‌رکه‌وتنه ئیدارییه‌کانیان سنوری وڵاته‌کانیشیان بڕیوه‌و بوونه‌ته نمونه‌و ئه‌زمون، که‌سان و حکومه‌ته‌کانی تر سودی لێوه‌رده‌گرن. لێره کاتێک قسه له‌سه‌ر ئه‌وانه ده‌که‌ین ده‌بێ به‌راوردیشی بکەین به‌وانه‌ی لای خۆمان، که چه‌ند قسه‌کانیان ئه‌و واقعه‌ی تێیداین جیاوازی گه‌وره‌ی له‌نێواندا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رک به گرنگی گۆڕانکاریی ئیداری و پێویستی زۆرمان به‌و گۆڕانکارییانه بکەین، که بوته حاڵه‌تێک و ده‌بێ هه‌ر ئه‌نجامی بده‌ین.
دۆناڵد کاف سه‌رۆکی پێشوی کۆمپانیای کۆکاکۆلا دوای ئه‌و سه‌رکه‌وتنه گه‌ورانه‌ی به‌ده‌ستی هێناو توانی له کێبڕکێی توندی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای بیبسی کۆلا سه‌ربکه‌وێت، بانگهێشت کرا بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی سه‌رکه‌وتنی لەو کێبڕکێیەدا پێشکەش بکات، ئه‌و ئیدارییه وه‌ک ده‌ڵێن یه‌ک له‌و دوو که‌سه‌یه که ئەگەر خۆی بۆ سه‌رۆکی ئه‌مریکا کاندید بکا ئەوا ده‌یباته‌وه، ئه‌ویتریشیان،جاک ۆڵشه، که دواتر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ین.
کاتێک دۆناڵد کاف بانگهێشت کرا بۆ وانه‌که‌ی سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی سه‌رکه‌وتنی، پێیانی گوت، به‌راستی نه‌متوانی وه‌سفه‌یه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتن دابڕێژم، چونکه سه‌رکه‌وتن چه‌ندین رێگه‌ی هه‌یه، به‌ڵام لێمگه‌ڕین با بە چه‌ند وەسیەتێک به‌شداریتان له‌گه‌ڵ بکه‌م ئه‌گه‌ر جێبه‌جێمان کرد، ئەوا زامنی شکستهێنانتان بۆ ده‌که‌م. لێره‌دا بەکورتی باس له‌و وه‌سیه‌تانه ده‌که‌ین، تکام وایه که به‌راورد بکه‌ین له نێوان ره‌وشی به‌رپرسه‌کانمان کاتێک به‌سه‌ر ئه‌و وه‌سیه‌تانه‌دا گوزه‌ر ده‌که‌ین، ئایا ئه‌وانه لای ئێمه جێبه‌جێ ده‌کرێن؟ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ ده‌کرێن ئه‌وا ئێمه به‌رده‌وام پارێزگاری له شکسته‌کانمان ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌که‌یشی راسته ئه‌وا هیوایه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتن هه‌یه. ئه‌و وه‌سیه‌تانه‌ی که ئه‌نجامدانی زامنی شکستمان بۆ ده‌کات چین؟
یه‌که‌م: هه‌موو شتێک وه‌ک خۆی به رێک‌وپێکی به‌ڕێوه ده‌چێت:
جه‌نابی به‌رپرس هه‌موو شتێک به جوانی و رێک‌وپێکی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نوسه‌ر ده‌ڵی بروا به‌بونی هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک یان کێشه‌یه‌ک مه‌که ئه‌گه‌ر هه‌شبوو، ته‌نیا به‌دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێ که هۆکاری کێشه‌که ده‌ره‌کییه‌و په‌یوه‌ندیی به تۆوه نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه بیخه‌یته پاڵ یه‌کێکی تر، به‌رده‌وام به‌رگری له‌خۆت بکه‌و بڕوا به هۆکاره‌کانی هه‌ڵه‌و کێشه‌کان مه‌که، واته بیر له چاره‌سه‌رکردنیشیان مه‌که‌ره‌وه. ره‌نگه ئه‌م وه‌سیه‌ته لای زۆربه‌ی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تانی دنیای دواکه‌وتوو رون و ئاشکرا بێت، کاتێک تێبینی یان ره‌خنه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به هه‌ر که‌مکورتییه‌ک دەخرێتەڕوو له‌و دامه‌زراوه یان ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ی ئه‌و سه‌رپه‌رشتی ده‌کات، له‌بری ئه‌وه‌ی له هۆکاری ئه‌و که‌موکورتی و لاسه‌نگییه بکۆڵێته‌وه‌و هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی بدا، به هه‌موو توانایه‌کییه‌وه به‌رگری له دامه‌زراوه‌که‌ی یان فه‌رمانگه‌که‌ی ده‌کا، به‌توندی ئه‌و تێبینیی و ره‌خنانە ره‌تده‌کاته‌وه. ئایا ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان گرنگه ته‌نیا کار‌و به‌رپرسیارێتیی و ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانیانه یان گرنگ ئه‌وه‌یه که‌س ره‌خنه‌یان لێ نه‌گرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌دائی ئیداری و ئاستی پێشکەشکردنی خزمه‌تگوزاری بە هاوڵاتیان له نزمترین ئاستیدا بێت.
دۆناڵد کاف باس له چیرۆکێکی گرنگ ده‌کا وه‌ک سه‌رۆکی کۆمپانیای کۆکاکۆلا،ده‌ڵێ، دوای روخانی دیواری به‌رلین له‌ساڵی 1989 ، کۆمپانیاکه‌مان کۆبونه‌وه‌یه‌کی کرد، سه‌ررۆکی که‌رتی نێوده‌وڵه‌تیی به‌کاربردن پێشنیاری وه‌به‌رهێنانی نیوملیار دۆلاری کرد له ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات، یه‌کسه‌ر به‌هۆی گه‌وره‌یی پاره‌که ره‌تم کرده‌وه، دوای ئه‌وه سه‌رۆکی ئه‌و به‌شه ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی خۆی پێشکه‌ش کرد، کاتێک له هۆکاری ئه‌وه‌م پرسی، پێم گوترا تۆ پێشنیاره‌که‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی له راستی ئه‌و ده‌رفه‌ت و داهاته بکۆڵیته‌وه یه‌کسه‌ر ره‌تکرده‌وه، ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌که‌م ره‌تکرده‌وه، رازی بووم بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانێکی ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته تازه‌کان بکه‌م، له قه‌باره‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ت و داهاته پێشبینی کراوانه سه‌رم سوڕما، ئه‌وکات له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌نوسیدا رام گه‌یاند که کۆمپانیاکه‌مان یه‌ک ملیار دۆلار نه‌ک نیو ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان ده‌کات، کاف ده‌ڵێ ئه‌و هه‌نگاوه وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره بوو کۆمپانیاکه‌ی برده ئاستێکی زۆر به‌رزه‌وه، ئه‌گه‌ر په‌نام بۆ لۆژیکی عه‌قڵ نه‌بردبا، ئه‌وا ئه‌و ده‌رفه‌ته گه‌وره‌یه‌مان له‌کیس ده‌چوو. (ده‌بێ چه‌ند ده‌رفه‌تی له‌وجۆره‌مان له کیس چووبێ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوێمان له شاره‌زاو پسپۆره‌کانی ئه‌م هه‌رێمه نه‌گرتوه).
دوه‌م: خۆت دابڕه
موماره‌سه‌کردنی ئه‌م وه‌سیه‌ته به‌بێ خۆماندوکردن به‌دی دێت، ئه‌مه گرنگترین و مه‌ترسیدارترین سیفه‌تی به‌رپرسه که ئاگاداری گوزه‌ران و ره‌وشی خه‌ڵکی نییه‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی له ژماره‌یه‌کی که‌می ده‌وروبه‌ریدا قەتیس کردووە، ئه‌وانیش به‌رپرسه‌که‌یان خستۆته ژێر کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌و ده‌بنه هۆکاری سه‌ره‌کی شکستهێنانی، چونکه ئه‌وان ته‌نیا ئه‌وه‌ی پێ ده‌ڵێن که پێی خۆشه، نه‌ک ئه‌وه‌ی که ده‌بێ بیبیستێت، ئه‌وه‌ش وێنایه‌کی ناراسته‌قینه‌ی واقعی دامه‌زراوه یان فه‌رمانگه‌که‌ی ده‌داتێ، راستی ئه‌وه‌ی له دامه‌زراوه‌که‌ی رووده‌دا له کێشه‌و که‌مته‌رخه‌می و گله‌یی و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان، یان هه‌ر ده‌نگ و ره‌نگێک که ده‌یه‌وێ هه‌ڵه‌و که‌موکورتییه‌کان راست بکاته‌وه پێی ناگات، راوبۆچونه دڵسۆز‌و به‌ئه‌مه‌کەکان و ئه‌و چاره‌سه‌ریانه‌ی که دامه‌زراوه‌که‌ی پێویستی پێیه‌تی به‌هه‌ند وه‌رناگرێت، ئه‌و بڕیارانه‌ش که ده‌ریده‌کات ره‌وشه‌که ئاڵۆزتر ده‌کا چونکه له حه‌قیقه‌تی دامه‌زراوه‌که‌ی دابڕاوه.
جۆن لی کاری ده‌ڵێ ( نوسینگه مه‌ترسیدارترین شوێنه که لێوه‌ی جیهانبینی بکه‌یت). ئه‌گه‌ر به مه‌یدانی ئاگاداری به‌ڕێوه‌چونی کاره گرنگ و سه‌ره‌کییه‌کانی دامه‌زراوه‌که‌ت نه‌بیت، ناتوانی ده‌رک به قه‌باره‌ی بەرەوپێشچوون و قه‌باره‌ی که‌موکورتییەکانی بکه‌یت و، ئه‌و پێداویستییانه‌ی که دامەزراوەکەت ده‌یه‌وێت.
بۆ جه‌ختکردنه سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌مه‌یدانی ئاگاداری مه‌سه‌له‌کان بیت، نوسه‌ری ئه‌مریکی (هۆبه‌رت هه‌مفری) ده‌ڵێ( داوا له‌هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و گه‌وره به‌رپرسه حکومییه‌کانی ئه‌مریکا کرا لانی که‌م هه‌فتانه وه‌ک هاوڵاتیان هاتوچۆ بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشه‌که وه‌ک خۆی ببینن، نه‌ک له نوسینگه رازاوه‌کانیان و شۆفێرێک له‌ماڵه‌وە بۆ ده‌وام و به‌پێچه‌وانه‌وه بیانگێڕێت ، ئاگاداری ئازاره‌کانی هاوڵاتیان نه‌بن که چۆن له‌گه‌ڵ یه‌کتر مامه‌ڵه ده‌که‌ن و به چ ده‌ردێکی ئه‌و رێگاوبان و هه‌ڵسوکوتی ئه‌و شوفێرانه‌وه ده‌ناڵێنن.
سێیه‌م: له نزیک هه‌ڵه‌کردنه‌وه به:
ئه‌م وه‌سیه‌ته پێچه‌وانه‌ی ده‌ستپاکی و دڵسۆزی و نه‌زاهه‌ته، ئه‌مانه‌ش خه‌سڵه‌تی زه‌روری سه‌رکه‌وتنی کاره‌کانه، زۆرجار به‌رپرسان به‌ر له‌وه‌ی کارێک ئه‌نجام بدات له‌بری ئه‌وه‌ی بپرسێ ئه‌مه چه‌ند راستەو خزمەت بە وڵات و خەڵکەکەم دەکات، ده‌پرسێ ئه‌مه چه‌ند یاساییه؟ گرنگ نیە لەبەرژەوەندی خەڵکیدایە یان نە، گرنگ ئەوەیە یاساییە، ئەمەش زیاتر لەو کاتانەدا روودەدات، کاتێک کەسێک بە واسیتە یان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی مامەڵەکەیەک دەخاتە بەردەستی ئەو بەرپرسە، ئەویش یەکسەر دەڵی ئەگەر یاساییە ئەوا یەکسەر بۆت دەکەم. هەر ئەمەشە وای لە زۆرێکی بەرپرسانی ئەم هەرێمە کردووە، لەپەراوێزی ئەو نوسراوانەی دێتە بەردەستیان دەنوسن (بەپێی یاسا‌و رێنماییەکان)، جا ئەو یاسا‌و رێنماییانە بۆ ئەو نوسراوە یان ئەو مامەڵەیە لەخزمەتی بەرژەوەندیی گشتییدایە یان پێچەوانەکەیەتی.
چواره‌م: بیرۆکراسیم پێ باشه:
دۆناڵد کاف ده‌ڵێ، له دوا نامه‌ی جاک وێڵش که دیارترین سه‌رۆکی جێبه‌جێکردنی جه‌نراڵ ئه‌لکتریکه، وه‌سیه‌تی به‌رپرسانی دوای خۆی ده‌کات دوای وازهێنانی له کۆمپانیاکه، نوسیویه‌تی (رقتان له بیرۆکراسی بێ) واته هه‌وڵبده‌ن خۆتانی لێ قوتارکه‌ن. کاف رونی ده‌کاته‌وه، که له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی هه‌ر کارێک‌دا هێندێک یاسا‌و رێنمایی بۆ رێکخستنی کاروباره‌کان هه‌یه، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبونی کات ئه‌و یاسا‌و رێنماییانه قورستر‌و ئاڵۆزتر ده‌بن و ده‌بنه کۆسپ و ته‌گه‌ره له‌به‌رده‌م باش به‌ڕێوه‌چونی کاره‌کاندا دروست دەکات، هه‌روه‌ها هێزه ئیجابییه‌کانیش سنوردار ده‌کات. بیروکراته‌کان ئه‌وکات هه‌موو تواناکانیان وه‌گەڕده‌خه‌ن بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و یاسا‌و رێنماییانه چونکه گۆڕینی ئه‌وانه ده‌سه‌ڵات و سه‌لاحیاته‌کانیانیش له‌بار دەبات، له‌به‌ر ئه‌وه بیرۆکراته‌کان ئه‌وانەن کە هۆکاری خراپی ئه‌دائی ئیداری و دواکه‌وتنی کاروباره‌کان و نزمبونی ئاستی به‌رهه‌مداریی دامه‌زراوه‌کانن. دواتریش هه‌ر ئه‌وان خۆیان به ئاماده‌کردنی گوتار‌و راپۆرتەکانه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ن که چۆن به‌رگری له‌خۆیان بکه‌ن، به‌وه‌ی که کاری زۆریان ئه‌نجامداوه. که له‌راستیدا پێچه‌وانه‌که‌ی راسته.
پێم وانیه که‌سێک هه‌بێ لای خۆمان به‌هۆی بیروکراسی و رۆتینه‌وه ده‌یان کاغه‌زو پێداویستییان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی مامه‌ڵه‌کەی پێ کۆپی نه‌کرابێت، ئەوە هەر باسی بێنەو بەردەی ئیمڕۆو بەیانی مەکە، به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌چونی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه هیچ پێویستیش بێت، که‌سیش نییه له‌وه ببپرسێته‌وه. ئەگەر هاوڵاتی سکاڵاش بکات، ئەوە حەتمەن خەتای ئەوە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، بەدەگمەن فەرمانگەیەک لایەنگری هاوڵاتی بێت.
ئه‌زمونی ئیداره‌ی خۆمان بۆمان رونده‌کاته‌وه، کاتێک به‌ڕێوه‌به‌رێک داده‌نرێ، دوای ساڵێک پێویستی به یاریده‌رێک ده‌بێ، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و یاریده‌ره جێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی ده‌گرێته‌وه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه پێویستی به یاریده‌ر ده‌بێت، به‌مجۆره ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌کاو کۆبونه‌وه‌کان و رێنمایی و کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کان له‌گه‌ڵیدا زیاد ده‌که‌ن، کاتێک موراجعێک دێ که‌س نییه وه‌ڵامی بداته‌وه، چونکه لەگەرمەی دەوامدا له کۆبونه‌وه‌یەکی گەرمدان.
بیرۆکراته‌کان به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی یاسا‌و رێنماییه‌کانیان لا گرنگه، جێبه‌جێکردنی کاره‌کانیان مه‌به‌ست نییه. بیروکراته‌کان قه‌ت ناڵێن نه‌خێر به‌ڵام کاره‌که‌شت بۆ جێبه‌جێ ناکه‌ن، هۆڵێکی زانکۆیه‌کی هه‌رێمی کوردستان به‌نمونه ده‌هێنمه‌وه، که پێویستی به دارتاشێک بوو بۆ دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و مێزو کورسیه‌ی خوێندکارانی له‌سه‌ر داده‌نیشت، به‌ڵام جێبه‌جێکردنی ئه‌و کاره ساڵێکی پێچوو، به‌هۆی یاسا‌و رێنماییه‌کانه‌وه، که گوایا ده‌بێ نوسراو له‌به‌شه‌وه بنوسرێ بۆ راگرایه‌تی و له‌وێشه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی زانکۆ، ئەگەر رەزامەندی لەسەر نیشان بدرێت، ئەوا جارێکی تر بەهەمان شێواز بۆ کۆلیج دەگەڕێتەوە، ئەوکات ده‌خرێته‌وه بواری جێبه‌جێکردنه‌وه، که جێبه‌جێکردنیش دوا که‌وت پێویستی به ره‌زامه‌ندی تازه‌یه، چونکه فەرمانی جێبەجێکردنەکەی هی ساڵی رابردووەو دەبێ بۆ ساڵی نوێ تازە بکرێتەوە.
ئه‌گه‌ر ویستت فه‌رمانبه‌ره چالاک و شاره‌زاکانت له‌ده‌ست بده‌ی ئه‌وه ته‌نیا یه‌ک به‌رپرسیان بۆ دابنێ کە حەزی لە یاسا‌و رێنماییه‌کانیان بێت
رۆتین و بیروکراتیه‌ت قورسترین و ئاڵۆزترین کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی هه‌رێمی کوردستانه، کاتێک که‌سێک پۆستیکی ئیداری پێ ده‌درێ و ئاره‌زوی راستکردنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی ئه‌و دامه‌زراوه‌ی خۆی هه‌یه، له‌یه‌که‌م هه‌نگاویدا روبه‌ڕوی کۆمه‌ڵێک کۆسپ و ته‌گه‌ره ده‌بێته‌وه، که به‌هۆی بیروکراتیه‌ته‌وه که‌ڵه‌که بونه، ئه‌وکات نازانێ چۆن و له کوێوه‌و ده‌ست پێ‌بکات، به‌هۆی چه‌ندین یاسا‌و رێنمایی کۆنه‌وه گیر ده‌خوات، ئه‌ویش پێویستی به‌سه‌بری ئه‌یوه‌به بۆ ئه‌وه‌ی بگۆڕێن، ئه‌وکاتیش روبه‌ڕووی هه‌م سه‌روی خۆی ده‌بێته‌وه، که به‌توندی پابه‌ندی ئه‌و یاسا‌و رێنماییانه‌ن، لەهەمان کاتیش‌دا رووبه‌ڕووی خواره‌وه‌ش ده‌بێته‌وه که به‌و یاسا‌و رێنماییانه راهاتوون، دژی هه‌ر ده‌ستکاری کردنێکین، چونکه ئه‌وه‌یان له خزمه‌تکردنی هاوڵاتیانی وڵاتی خۆیان پێ باشتره، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردوه وڵات ببێته دیلی یاسا‌و رێنماییه به‌سه‌رچووه‌کان.
پێنجه‌م: بیرکردنەوە کاتت لێ دەبات، باشتر وایە بیرنەکەیتەوە
له‌دوای بیرۆکراتیه‌ت ئه‌مه باشترین وه‌سیه‌ته، په‌ندێک هه‌یه ده‌ڵێ، گرفتی راسته‌قینه له‌وه‌دا نییه که ئامێره‌کان کارده‌که‌ن به‌ڵکو له‌وه‌دایه ئایا که‌سه‌کان بیرده‌که‌نه‌وه؟ له‌و بڕوایه‌دام له وڵاتی له‌مه‌ڕ خۆمان گه‌وره به‌رپرسه‌کانمان ئه‌م وه‌سیه‌ته وه‌ک خۆی جێبه‌جێده‌که‌ن، چونکه به‌ڕاستی له نوسینه‌گه‌کانیان پڕکارن، هه‌ر که ده‌گه‌نه نوسینگه‌کانیان کاره رۆتینیه‌کانیان ده‌ست پێده‌کات، هه‌موو ده‌یه‌وێ به‌رپرسی یه‌که‌م ببینێ چونکه هیچ سه‌لاحیاتێکی به‌وانه‌ی تر نه‌داوه، بۆیه موراجعیه‌کان پێیان وایه‌و راستیش ده‌که‌ن، که ده‌بێ به‌رپرسی یه‌که‌م ببینن چونکه ته‌نیا کاره‌که‌یان به‌و مه‌یسه‌ر ده‌بێت، بۆیه که‌به‌رپرسه‌که ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه ببینێ که ئیشێ ئه‌و نییه، ئه‌وکات ده‌بینێ هه‌نگاوێکی ئه‌وتۆی نه‌ناوه، به‌شی هه‌ره زۆری کاته‌کانی بۆ بینینی موراجیع و دوو سێ کۆبونه‌وه‌ی بچوک و ئیمزاکردنی هه‌ندێک به‌رید، به‌ناچاری کۆمه‌ڵێک به‌ریدی رۆتینی تریشی بۆ ئاماده‌کراوه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یباته‌وه بۆ ماڵ، ئه‌ی ئه‌و به‌رپرسه چۆن و که‌ی بیر بکاته‌وه؟
ئه‌گه‌ر ویستت شکست بهێنێ ئه‌وە کات بۆ بیرکردنه‌وه دامه‌نێ، ئه‌گه‌ر ویستیشت سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر بکه‌ی زۆرترین کاتت بۆ بیرکردنه‌وه بێت، بیرکردنه‌وه باشترین سه‌رمایه‌گوزارییه بە شوێنی کار، بە ئاینده‌ی وه‌زیفی، به‌ڵکو به‌ژیانی خۆتی ده‌ده‌یت. ئه‌گه‌ر به‌رپرس نه‌یتوانی بیربکاته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتی نییه، ئه‌ی چۆن ده‌توانێ رووبه‌ڕووی ئه‌و کێشه‌و گرفته زۆرانه بێته‌وه که‌چاره‌سه‌رکردنیان پێویستی به‌بیرکردنه‌وه هه‌یه.
شه‌شه‌م: متمانه به‌شاره‌زاو راوێژکاره‌کانت بکه.
وه‌ک له وه‌سیه‌تی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رکه‌وت که به‌رپرسانی ئێمه کاتی بیرکردنه‌وه‌یان نیه یان زۆرزۆر که‌مه، بۆیه ده‌بێ متمانه به شاره‌زاو راوێژکاره‌کانیان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه‌ی رووبه‌ڕوویان ده‌بێته راوێژ‌و پرۆژه‌یان بده‌نێ، به‌ڵام لای ئێمه ئه‌وه ده‌که‌ن، یان ئایا راوێژکارو شاره‌زاکان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دانراوان که دامه‌زراوه‌کان گه‌ره‌کیانه یان... .
حه‌وته‌م: هیچ سه‌رکێشیه‌ک مه‌که
لێره‌دا باس له‌ده‌ستپێشخه‌ری ده‌که‌ین که هێندێک جار له که‌سێکی ناو دامه‌زراوه‌یه‌که‌وه هه‌نگاوێکی له‌و جۆره ده‌نرێ، به‌ڵام زۆربه‌ی کات ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه به‌گومانه‌وه ( به‌تایبه‌تی لای ئه‌وانه‌ی که توانایان نییه) وه‌رده‌گیرێ، به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی که جێبه‌جێکردنی زه‌حمه‌ته‌و سه‌رووی خۆی قه‌بولی نه‌کا، له‌باشترین حاڵه‌تدا ئیحاله‌ی لیجنه‌یه‌ک ده‌کرێ بۆ لێکۆڵینه‌وه، ئه‌ویش هێنده‌ی پێده‌چێ تاوه‌کو ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه بایه‌خی نامێنێ یان هه‌ر له‌بیر ده‌چێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته په‌ند بۆ ئه‌وانی تر ئه‌گه‌ر هاتوو بیرۆکه‌یه‌ک یان ده‌ستپێشخه‌رییه‌کیان هه‌بوو هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا باسی لیوه نه‌که‌ن، ئه‌وه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه که به‌رپرس ئاره‌زوی ده‌کات، چیدی که‌س به ده‌ستپێشخه‌ری و بیرۆکه‌یه‌کی نوێ ئیزعاجی ناکات. په‌ندێک هه‌یه ده‌ڵی ئه‌وانه‌ی له‌ترس و دوودڵیدا موباله‌غه‌ی زۆر ده‌که‌ن زۆر که‌م پێشده‌که‌ون.
هه‌شته‌م: نه‌رم مه‌به.
ئەم وەسیەتە لەگەل ئەوانەی سەرەوەدا دێتەوە بەوەی کە هیچ شتێکی تازە قەبول ناکەن، چونکە ئەو لەسەر میتۆدێک راهاتووەو دەیەوێ درێژەی پێبدات و، نایەوێت گۆڕانکاری تێدا بکات، لەبەر ئەوەی گوێ ناگرێ و هیچ رێگەیەکی تریشی بەدڵ نیە، لەم روانگەیەیەوە، دەزگاکەیشی لەهەموو بیروبۆچوون و رێکارێکی نوێ بێ بەش دەکات، وەک خۆی، دەزگاکەیشی رووبەڕووی هەمان مەترسی دەکاتەوە.
میکافیلی دەڵێ (ئەوەی جێی نیگەرانییە بۆ کەسێک کە هەلومەرجی دەوروبەری دەگۆڕێت، بەڵام ئەو کەسە خۆی ناگۆڕێت). لای خۆمان هەموومان لەگەڵ گۆڕانکارییدان بەمەرجێ ئەو گۆڕانکارییە خۆی و دەستەو دایرەکەی نەگرێتەوە. یان حاڵەتێکی تریش هەیە کە لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژەی بۆ بکەین، کە دەڵی سەرووی خۆت رازی بکەو چش لەخوارەوە، چونکە ئەوە سەرووی خۆتە بڕیار لە پۆستەکەی تۆ دەدات.
ئەم باسەم بەم رستەیە کۆتایی دێنم، کە دەڵێ ئەگەر پێش نەکەویت، ئەوا حەتمەن دوادەکەویت.