بورهان شێخ رەئوف

پەیوەندییەكانی توركیاو لوبنان

  2021-02-14 13:28      186 جار بینراوە        کۆمێنت

لوبنان ئەو وڵاتەی بە رووبەر بچكۆلەیە، بەڵام فراوان بە پێكهاتە جیاوازەكانی و پێگەی گەشتیاری و رووناكبیری، كە لە دێر زەمانەوە تا ئێستا رۆڵێكی گرنگیان پێبەخشیوە، شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو، قوڕێكی بۆ ئەو وڵاتە گرتەوە، كە دەرچوون لێی ئاسان نییە و بۆ دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی دەرگای كردەوە.

من نامەوێت لێرەدا باسی شەڕی ناوخۆی لوبنان و دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و بوونی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لەسەر خاكی لوبنان ‌و دواتر وەدەرنانیان بكەم، بە قەد ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا پەیوەندییەكانی توركیا و لوبنان، كە هەندێك لە پێكهاتەكانی لوبنان بە ترس و گومانەوە لێی دەڕوانن، شەنوكەو بكەم.

لە دوای پاشەكشەی رۆڵی عەرەبستانی سعودیە لە لوبنان بە هۆی سەرقاڵیی بە رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆی و لە هەمان كاتدا سەرهەڵدانی كێشە و قەیرانی نوێ لە یەمەن ‌و شوێنەكانی تریش، ئێستا توركیا لە هەوڵدایە خۆی بكات بە رابەری سوننەكانی لوبنان و شوێنەكانی تر و لە ژێر باڵی خۆیدا كۆیان بكاتەوە.

دەركەوتنی ئاماژەكان
مانگی كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، كاتێك سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی راسپێراوی لوبنان سەردانی توركیای كرد و لەلایەن سەرۆكی توركیاوە پێشوازیكرا، ئەمە پرسیاری زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی كە ئێستا باس لە گەشەكردنی رۆڵی توركیا لە ناوچەكە بە گشتی و لوبنان بە تایبەتی دەكرێت.

بۆیە پرسیار و قسە و باس و لێكدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، سەرەڕای نەبوونی زانیاریی ورد و بەڵگەی باوەڕپێكراو لەسەر سەردانەكە، بەڵام دەكرێت بپرسین، ئایا توركیا دەخوازێت پەلبهاوێژێ و فراوانخوازییش وەكو شوێنەكانی تر لە لوبنان بكات، بە نموونە سوریا؟ یان دەخوازێت بۆشایی كشانەوەی عەرەبستانی سعودیە لە گۆڕەپانی سوننەكانی لوبنان پڕبكاتەوە؟

ئامانجی سەردانەكەی حەریری
پێش هەموو شتێك، ئامانجی سەردانە كتوپڕەكەی حەریری بۆ لای سەرۆكی توركیا لەم كاتەدا و پێش پێكهێنانی كابینەكەی، نیشانەی زیادبوونی رۆڵی توركیایە لە لوبنان و ناوچەی عەرەبیش بەگشتی. لەلایەكی ترەوە، وا لێكدەدرێتەوە كە ئەم سەردانە هەوڵێكی ناوەندگیریی حەریری-یە لە دوای ئاشتبوونەوەی وڵاتانی كەنداو لەناو خۆیاندا، واتە بەرەی سعودیە ‌و ئیمارات ‌و بەحرێن – میسر لەگەڵ قەتەر، بۆ ئەوەی وڵاتانی كەنداو و توركیاش پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، بەڵام ئەمەش بۆ خۆی جێی پرسیار و تێڕامانە، لە بەرئەوەی هێشتا پەیوەندییەكانی سعودیە و حەریری-ش لە ئاستی پێویستدا نین.

ئامانجی توركیا لە لوبنان
گومانی تێدا نییە، توركیا وەكو هێزێكی ئیقلیمی گەورە و بە توانا لە ناوچەكەدا، لە هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆیدایە، بەڵام باسكردن لە زیندووكردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و بەدەستهێنانەوەی سەروەرییەكانی ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورەیە، جگە لە دروشم، پێناچێت كارێكی كردەیی بێت و بارودۆخی سیاسەتی نێوەدەوڵەتیی بوار بدات بە توركیا، بەو شێوەیە پەلبهاوێژێت.

ئەوەی لە پڕوپاگەندە و میدیاكاندا دەربارەی رۆڵی توركیا لە لوبنان دەوترێت، زۆرن، هەر لە باسی دەستوەردانی سیاسی و ئابووری و ئاسایش لە باكووری لوبنان، تا هەوڵی دروستكردنی فیدراڵییەك بۆ سوننەكان لە باكووری لوبنان، هەموو ئەمانە توركیای زۆر نیگەران كردووە.

پڕۆژەكانی توركیا لە لوبنان
توركیا پڕۆژە و رۆڵی جۆراوجۆری هەیە لە لوبنان، كە زۆربەیان كار لەسەر بواری گەشەپێدان و رۆشنیری و فریاگوزاریی دەكەن، بە تایبەتی لەسەر ئاستی میللی.

لە بواری پەروەردەدا پرۆژەی هەیە، لە تەرابلوس و عكار و نۆژەنكردنەوەی زانكۆی تەرابلوس. لە بواری تەندروستیدا، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی سەیدا كە بەمزووانە تەواو دەبێت.

توركیا و لایەنە سیاسییەكانی لوبنان
پەیوەندیی توركیا زیاتر رەهەندی تائیفی وەرگرتووە لەگەڵ كۆمەڵەی ئیسلامیی لوبنان، كە نوێنەرایەتیی ئیخوانەكانی لوبنان دەكەن، بە پلەی یەكەم دێت، دواتر سەركردە سیاسییەكانی وەكو (نەجیب میقاتی و فەیسەڵ كەرامی و ئەشرەف ریفی و وەلید جونبڵات) پەیوەندیی باشیان لەگەڵ توركیا هەیە، بەڵام توركیا هاوپەیمانی بەهێز و كاریگەری لە لوبنان نییە، ئەوەی هەیە سۆزدارییەكی سوننەكانە لە ئاكامی پاشەكشە و لاوازیی رۆڵی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە لوبنان.

بەریەككەوتنی فەرەنسا و توركیا
لوبنان كارتێكی ململانێی تری نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، هەرچەندە لوبنان بە رۆڵەی نازداری فەرەنسا ناسراوە، فەرەنسا زۆر نیگەرانە لە پێشوەچوون و دەستوەردانی توركیا لە لوبنان، بە تایبەتی دوای دەستوەردانەكانی توركیا لە سوریا، هەر ئەوەشە وای لە سەرۆكی فەرەنسا كردووە، كە هەموو هەوڵ و تەقەلا و فشارێك بكات بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی كە وڵاتانی كەنداو لە لوبنان بەجێیانهێشتووە، ئێران و توركیا پڕینەكەنەوە.

وتاری زیاتر





شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      172 جار بینراوە


























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو