پاش دەستبەکاربوونی لەچەند هەفتەی رابوردوودا، بایدن کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێک لەخەسڵەتە هاوبەشەکانی هەموو هەنگاوەکانی، تووڕەکردنی زۆربەی هێزەکانە لەناوچەکەدا. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێران و ئەمریکا لەدانوستاندان، بەڵام ئەگەر شیکاری بۆ لایەنە ئاشکراکەی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا بکەین ئەوا بەرەو گرژی دەچێت نەک ئاسایی بوونەوە، چونکە بایدن دەیەوێت لەسەر ئەو بنەمایە کار بکات کە ترەمپ پێی گەیشت، ئێرانیش دەیەوێت ئەمریکا هەموو هەنگاوەکانی ترەمپ سفر بکاتەوە.
لەهەمانکاتدا بایدن سعودیەی تووڕە کردووە بەمامەڵەی لەگەڵ یەمەندا، هەروەها بەباسکردنی مافی مرۆڤ، پرسی مافی مرۆڤ ئەگەر بێتە ئاراوە بەجدیی ئەوا دەبێتە هۆی رووخانی سعودیە. وەک چۆن پێداگریی کارتەر لەمافی مرۆڤ شای تەفروتوناکرد. لەنێوان ئەمریکاو تورکیادا هیچ ئاماژەیک بۆ باشبوونی دۆخەکە نییە، بگرە ئاماژەکان زیاتر بەو ئاقارەن کە ئاڵۆزتر دەبێت. هێزێک کەڕەنگە زیاتر لەهەموو تووڕەبێت ئیسرائیلە. ئیسرائیل دژ بەئایدیای دانوستانە لەگەڵ ئێراندا. کە باسی ئەم هێزانە دەکەم، ئەمانە ئەو هێزانەن کە لەناوچەکەدا بەهێند وەردەگیرێن. شوێنێکی وەک عیراق، نە دەوڵەتە نە هێز، بۆ نموونە.
ئێمە دەزانین لەسەردەمی ئۆباماوە ئەمریکا ئامانجێکی هەیە، ئەویش کشانەوە لەناوچەکە. بەڵام ئەمریکا بۆئەوەی بکشێتەوە، پێویستی بە ئەوەیە کە سیستەمێکی هەرێمی لەناوچەکەدا بهێنێتە ئاراوە. هەتا ئێستا ئایدیا جیاواز بەرهەم دێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. ئۆباما بڕوای وەهابوو کە دوو جەمسەری سوننەو شیعە دروستدەکات و لەنیوانیاندا جۆرێک لە (نە شەڕ نە ئاشتی) بەرهەم دێت. دیارە ئۆباما، وەک رۆشنبیرێک بە ئەوە ناسراوبوو کە تاقەتی خەڵکی نەبوو. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێویستی بەئەوەیە گوێبیستی زۆر لەقسەی هەلەق و مەلەق و سەرکردەی نەخۆش و هێزی نەخۆش تر بیت.
پلانی ترەمپ وەهابوو کە ئیسرائیل بکاتە پۆلیسی ناوچەکە. هەندێک هەنگاوی نا لەمبارەوە، بەڵام کۆمەڵێک ڕێگری گەورە هەن لەبەردەم ئیسرائیلدا. رەنگە ئەگەر ئاشتی سوننەو ئیسرائیل زیاتر پەرە بسێنێت بتوانێت جەمسەرێک دروستبکات، لەڕکەبەری جەمسەرەکانی تردا. کەمێک لەئەو بۆشاییە پڕکاتەوە کە پێی دەڵێن نەبوونی هێزی عەرەبی لەناوچەکەدا. بۆ سەردەمێکی زۆر عیراق ئەم ڕۆڵەی دەبینی.
بەڵام هەندێک گەشەکردن هەیە دەبێت لە بەرچاو بگیرێت:
یەکەم، هەتابێت ناوچەکە بایەخی بۆ ئەمریکاو خەڵکی ئەمریکا کەم دەکات.
دووەم، ئەمە مانای وەهایە کە ئەمریکاو ئەمریکاییەکان کێشەیان نییە ئەگەر لەناوچەکەدا ناسەقامگیری هەتا ئاستێکی زۆریش بوونی هەبێت.
سێیەم، ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕکەبەری چین گرنگە، ئەوا رەنگە کارتی گەورەی ئەمریکا ئەوەبێت کە بیکات بەڕیشی چینەوە، کە ئەویش ئەمەی ناوێت.