ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کێشەکانی مرۆڤایەتی لەدیدی فەیلەسوفی ئیسرائیلی یووڤاڵ نوح هەراری -یەوە

  2021-02-06 22:45      202 جار بینراوە        کۆمێنت

 2-2 کۆتایی
رۆڵی ئایین
دواتر نووسەر دێتە سەر باسی رۆڵی ئایین لەمڕۆماندا و، پێی وایە کە زەحمەتە ئایینەکان بتوانن وەڵامی تەواوی کێشەکانی مرۆڤایەتی بددەنەوە. لەسەرەتادا نووسەر دەڵێت: بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ئایینە نەریتییەکان لە دونیای سەدەی بیستویەکدا پێویستە سێ جۆری گرفت لەیەک جیا بکەینەوە: 1/ گرفتە تەکنیکییەکان. بۆ نموونە چۆن ئایینەکان مامەڵە لەگەڵ وشکەساڵیدا دەکەن، کە بەهۆی گەرمبوونی زەویییەوە رووبەروی جیهان بۆتەوە. 2/ گرفتە سیاسیییەکان. بۆ نموونە کێشەی ژینگە چۆن دەبێت چارەسەر بکرێت. 3/ گرفتە شوناسییەکان. چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کۆچبەر و هاوڵاتی بوون دەکەن. ل219
ئەمانە ئەو پرسیارە گرنگانەن کە نووسەر لەبارەی رۆڵی ئایینەوە دەیکات و هەوڵیش دەدات وەڵامێکیان بۆ بدۆزێتەوە.
هەراری پێی وایە سەرکەوتنە زانستییەکان هێندە تێروتەسەل بوون، کە تێڕوانیمانی بۆ ئایین گۆڕیوە، چیدی ئایین بە کشتوکاڵ و پزیشکییەوە نابەستینەوە. ئایینە نەریتییەکان ڕەوایەتییەکی زۆریان لە دەستداوە، چونکە لە بواری کشتوکاڵ و تەندروستیدا بەرهەمێکی ئەوتۆیان نەبووە.ل221
رۆڵی خراپی ئایین و ناسیۆنالیزم
هەراری پێی وایە لە ئێستادا هێزە ناسیۆنالیزم و ئایینەکان نەک ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکە بوونەتە کێشەش بۆ مرۆڤایەتی. لەمبارەیەوە دەڵێت: ناسیۆنالیزم و ئایین هێشتاش شارستانیەتی مرۆڤایەتی بۆ ئوردوگای جیاواز و زۆرجاریش دژ بەیەک دابەش دەکەن، ئەم بەرکەوتنەی نێوان کێشە جیهانییەکان و شوناسە ناوچەییەکان خۆی لە کۆمەڵە قەیرانێکدا دەردەخات کە لە ئێستادا یەخەی گەورەترین کۆمەڵەی فرە کولتووری یەکێتی ئەوروپای گرتووە. ل 235
یەکێتیی ئەوروپا و کێشەکانی
یەکێتی ئەوروپا وەکو مۆدێلێکی سیاسی و ئیداری و کەلتووری، مایەی گرنگی پێدان و زۆرجاریش هەست دەکەم کە مایەی سەرسامیی نووسەرە. لەپەنائەوەشدا نووسەر نایشارێتەوە کە ئەم ئەزموونە سیاسییەش کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە.
لەمبارەیەوە دەڵێت: یەکێتی ئەوروپا لەسەر بەڵێنی تێپەڕاندنی جیاوازییە کەلتوورییەکانی نێوان فەڕەنسایی، ئەڵمانی، ئیسپانی، یۆنانی دروست بوو، بەڵام ئەگەری هەیە نەتوانێت جیاوازیییە کەلتورییەکانی نێوان ئەوروپاییەکان و کۆچبەرە ئەفریقایی و ڕۆژهەڵاتییەکان لە خۆ بگرێت و هەرەس بهێنێت. ل 236
دواتر باس لە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەوروپا دەکات کە ئەویش «کۆچ» ە کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی رەوتە فاشیست و ناسیۆنالیستەکان.
مەسەلەی کۆچ
پرسێکی گرنگی تر کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەر مەسەلەی « کۆچ» ە کە لە ئێستادا ئەوروپا پێوەی دەناڵینێت. نووسەر هەوڵیداوە لە گۆشەنیگای جیاوە سەیری ئەم کێشە گەورەیە بکات.
ئەگەر ئەوروپا کۆچبەرانێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوین وەربگرێت، لە ئاکامدا هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لێ دێت.ل242
دیارە لە ئێستادا دوو بۆچوونی دژ بەیەک لە ئەوروپادا لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە هەیە ، هەندێک لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکان و هەندێکێش دژی ئەوەن دەرگا بەرووی کۆچبەراندا بکرێتەوە. وەکو نووسەریش دەڵێت: ئەمە باسێکە لە نێوان دوو تێڕوانینی سیاسی مەشروعدا کە پێویستە لە رێگەی روانگە ستانداردە دیموکراسییەکانەوە بە ئەنجام بگات. ل 259
دواتریش نووسەر بەگرنگییەکی زۆرەوە سەیری چۆنێتی پرسی کۆچ لە ئەوروپادا دەکات و بە پێوەرێکی گرنگی دادەنێت بۆ سەرکەوتنی مۆدێلی لیبڕاڵی و دیوکراسی لە جیهاندا.
نووسەر دەڵێت: لە ئێستادا دیار نییە ئەوروپا بتوانێت ڕیگەیەکی نێوانبڕ بدۆزێتەوە کە بتوانێت سنوورەکانی بە کراوەیی بە ڕووی بێگانەکاندا بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی لەلایەن ئەو کەسانەوەی کە لە بەهاکاندا هاوبەش نین، رووبەروی ناسەقامگیری نابێتەوە، ئەگەر ئەوروپا لە دۆزینەوەی وەها رێگەیەکدا سەرکەوتوو بێت، ڕەنگە بکرێت لە ئاستێکی جیهانیشدا سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام ئەگەر ئەم پرۆژەیە شكست بهێنێت، دەکرێت نیشاندەری ئەو راستییە بێت کە باوەڕبوون بە بەها لیبڕاڵییەکانی ئازادی و لێبوردەیی بۆ چارەسەرکردنی ململانێ کەلتوورییەکانی جیهان و یەکخستنی مرۆڤایەتی بۆ رووبەروبوونەوەی کێشەکانی جەنگی ناوکی و تێکچوونی ژینگەیی و دابڕانی تەکنەلۆژی، ئەوا شانسی مرۆڤەکان لە زاڵبوونی بەسەر ململانێ زۆر قووڵترەکانی دیکەدا کە شارستانیەتە جیهانییەکانی گرتووەتەوە، دەبێت چەندە بێت؟!. ل260
مەسەلەی جەنگ و دژایەتیی تیرۆر
ئەم نووسەرە خاوەنی بۆچوونی تایبەت بەخۆیەتی لە بارەی تیرۆرەوە، کە تەواو جیاوازە لەگەڵ بۆچوونی زۆربەی بیرمەندانی تری جیهان، ئەو بە شێوەیەکی زانستیی و بە پشت بەستن بە زانستی دەروونشیکاریی و ئاماری کوژارو بریندارەکان لە جیهاندا، شرۆڤەی خۆی لەمبارەیەوە دەخاتە ڕوو. کە تاڕادەیەک جیاوازە لە هی بیرمەندانی تر.
نووسەر بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک ئاماری گرنگ، پێی وایە کە لە ئەمڕۆماندا، توندوتیژی هێندە مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی نییە، هێندەی مرۆڤەکان بە نەخۆشی دەمرن، کەمتر بە جەنگ و توندتیژی دەمرن. لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئەم چەند دەیەی دوایی ئاشتیانەترین قۆناغی مێژووی مرۆڤایەتی بووە. لە کۆمەڵگە کشتوکاڵییە سەرەتاییەکاندا توندوتیژی مرۆیی لە 15% ی خەڵکی کوشتووە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە سەدەی بیستدا 5% بووە، ئەمڕۆ تەنها لە1% خەلكی بەهۆی توندوتیژی مرۆییەوە گیان لە دەستدەدەن. ل 282
دەشڵێت:
1.25 ملیۆن کەس بەهۆی رووداوی هاتۆچوو مردوون، 3.5 ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشی شەکرە. بەهۆی پیسبوونی ژینگە 7 ملیۆن کەس مردوون . 364
دواتریش قسەی زیاتر لەبارەی تیرۆرەوە دەکات و دەڵێت:
تیرۆر چەکی پەراوێزخراو بەشە لاوازەکەی مرۆڤایەتییە، ل260
ئەگەرچی تەحەداکان بێپێشینەن و ئەگەرچی ناکۆکییەکان بەهێزن، بەڵام ئەگەر بەسەر ترسەکانماندا زاڵ بین و کەمێک لەبارەی بیروڕاکانمانەوە خاکەڕا بین، ئەوا مرۆڤ دەتوانێت بەسەر ئەواندا زاڵ بێت و بارودۆخی خۆی باشتر بکات. ل261
لەهەمووشی گرنگتر بۆمن، بۆچوونیەتی لەبارەی تیرۆریستانەوە:
تیرۆریستەکان مامۆستای کۆنتڕۆڵکردنی مێشکن، ژمارەیەکی کەم دەکوژن، بەڵام ترس دەخەنە دڵی ملیۆنان کەسەوەو بونیادەیڵێکی هاوشێوەی پەیمانی ئەوروپا بەزاڵە دێنن. ل 263
تیرۆریستەکان وەکو جەنەڕاڵی سووپاکان نا، بەڵکو هاوشێوەی شانۆنووسەکان بیردەکەنەوە. ئەوانەشی رووبەروی تیرۆریزم دەبنەوە، پێویستە زیاتر وەکو شانۆنووسەکان بیربکەنەوە، نەک جەنەڕاڵێکی سووپا.
مانای دەقیقی وشەی تیرۆریزم، بریتییە لە ستراتیژییەکی سەربازی کە هیواخوازە لە بری ژیانی ماددی لە رێگەی دروتسکردنی ترسەوە بارودۆخی سیاسی بگۆڕێت. ل 364
بۆچی زلهێزەکان جەنگ ناکەن؟
نووسەر شارەزایییەکی زۆرباشی لە مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، ئەمەش سوودێکی ڤرە خاسی بە نووسەر بەخشیوە، تاوەکو باشتر لە دونیای ئەمڕۆمان بگات. نووسەر پێی وایە لە ئەمڕۆاندا جەنگ لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکان کارێکی ئەستەمە ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، گرنگترینیان ئابوورییە. لە ئێستادا ژێرخانی ئابووری جیهان بەو شێوەیەی جاران نییە، کە هێزێکی داگیرکەر بێتو دەست بەسەر خیروبێری وڵاتان بگرێت. هەراری دەڵێت:
ئەمریکییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا بەداگیرکردنی کانە زێڕەکانی کالیفۆرنیا و کێڵگە کشتووکالییەکانی تەکساس، برەویان بە خۆیان دا. بەڵام ئەو رێگەیە لەسەدەی بیستویەکدا تەنها دەستکەوتێکی زۆر کەمی هەیە، ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرەکی ئابووری، زانستی و تەکنۆلۆژی و دامەزراوەییەیە نەک گەنم و تەنانەت کێڵگەی نەوتیش، تۆ ناتوانیت لەرێگەی جەنگەوە زانست بەدەستبهێنێت. ل294
دوو هۆکاری تریش ئەگەری جەنگ لە نێوان زلهێزەکان کەم دەکەنەوە ئەوانیش پەیوەندییان بە بوونی چەکی ئەتۆمی و بوونی جەنگی سایبیرییەوە هەیە.
پرسیار لەبارەی ژیان و مەرگەوە
مەسەلەی ژیان ، بابەتێکی گرنگی تری ئەم کتێبە پێکدەهێنێت و قسەی زۆر جوان لەبارەی ژیان و مەرگەوە دەکات.
کاتێک خەڵكی پرسیار لەمانای ژیان دەکەن، چاوەڕێی ئەوەن کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، مرۆڤی ژیر ئاژەڵێکی چیرۆکخوانە، کە لە چوارچێوەی چیرۆکدا بیردەکاتەوە، نەک لە ژمارە و هێڵکاریدا و بڕوای وایە کە بوون، هاوشێوەی چیرۆکێک دەجووڵێتەوە کە لێوانلێوە لە پاڵەوان و خراپەکار و ململانێێی چکاسازی، خاڵی لووتکە و کۆتاییەکی خۆش. ل 424
ئەگەر دەتانەوێت لەمردن تێبگەن، پێویستە لە ژیان تێبگەن ل486
سیستمی پەروەردەو فێربوون
نووسەر پانتایی باش بۆ سیستمی فێربوون دادەنێت و بە یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی دادەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان و دەڵێت:
زۆرێک لە شارەزایانی پەروەردەو فێرکردن بڕوایان وایە پێویستە قووتابخانەکان چوار مەرجیان تێدابێت کە بریتین لە: بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، پێوەندی، هاوکاری و داهێنان. پێویستە قووتابخانەکان ئاستی هونەرە تەکنیکییەکان کەم بکەنەوەو جەختێکی زیاتر لەسەر ئامانجە گشتییەکانی هونەرەکانی ژیان بکەنەوە، ل 412
سەردەمی مێتا حەقیقەت
چەمێکی نوێی تر کە هەراری دایهێناوە» مێتا حەقیقەت»ە. لەمەشدا تەکنەلۆژیا رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت، بۆ سەرلێشواندنی مرۆڤ و زاڵبوونی درۆ بەسەر راستیدا
ئەم سەردەمە نوێیەی تێیدا دەژین، سەردەمێکی ترسناکی « مێتا حەقیقەت»ە، کە تێیدا چواردەورمان بە تەواوەتی بە درۆ و ئەفسانە گیراوە. ل370
ئەگەر کوشتن لەبەر خاتری دادپەروەری کارێکی دروست بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە درۆکردنیش کارێکی دروستە، ل370
ئەگەر هەزاران کەس بۆ ماوەی مانگێک بڕوا بە چیرۆکێکی دروستکراو بکەن، ئەوا ئەو چیرۆکە دەبێت بە هەواڵێکی درۆینە، کاتێک ملیاردێک کەس بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بروا بەو هەواڵە بکەن، ئەوا ئەو چیرۆکەکە دەبێت بە ئایین، دواتریش ئامۆژگاری دەکرێین کە بە « هەواڵی درۆینە « ناوی ئایین نەبەین، بۆ ئەوەی هەستی ئیماندارەکان بریندار نەبێت یان تووڕە نەبن ل 375
دواتر باس لە قسەیەکی جۆزێف گۆبڵزی وەزیری پروپاگەندەی نازییەکان دەکات و دەڵێت:
ئەگەر درۆیەک یەکجار بگووترێت، وەکو درۆیەک دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر درۆیەک هەزارجار بگوترێتەوە، دەبێتە حەقیقەت. 379
ئامانجی هێز گۆڕینی واقیعە ، نەک بینینی حەقیقەت بەو شێوەیەی کە هەیە، کاتێك چەکوشتان بە دەستەوەیە، هەموو شتێکتان وەکو بزمار دێتە بەرچاو، کاتێک خاوەنی هێزیکی زۆرن، هەموو شتێکتان وەکو بانگهێشتکردن بۆ دەستێوەردان دەبینن. ل 355
هێزێکی مەزن وەکو چاڵێک رەش کار دەکات، کە فەزای دەوروبەری خوار دەکات. ل355
سیاسەتمەدار
زۆر بیرمەند قسەی لەبارەی کەسایەتی سیاسەتمەدارەوە کردووە، لێ هەراری لەمەشدا خاوەنی بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی و دەڵێت:
هەرکاتێک سیاسەتمەدارەکان لەناو کۆمەڵێک دەستەواژەی نهێنیئامێزدا قسەیان کرد، ئاگاداربن، ڕەنگە لە هەوڵی ئەوەدابن ئازاری راستەقینە بە لەفافی دەستەواژەی ناڕوون بشارنەوە. ئاگاداری وشەکانی خوارەوە بن: قووربانی، نەمری، پاکی،ڕزگاری،، بیستنی هەریەک لە مانە حوکمی زەنگی مەترسی هەیە. ل 483
پێشبینیکردن بۆ داهاتوو زەحمەتە
خاڵێکی سەرنجراکێشی تر مەسەلەی پێشبینیکردنە بۆ ژیانی داهاتوو یان ژیانی پەنچا ساڵی تر. لەمەدا نووسەر خاوەنی بۆچوونێکی تایبەتە. هەراری دەڵێت: ئەگەر کەسێک لە ساڵی 1018 دا لە چین بژیبایە دەیزانی رێی تێدەچێت ئیمپراتۆریەتی سۆنگ لە ساڵی 1050 دا برووخێت و ئەگەری هەیە کە تاعون ملیۆنان کەس بکوژێت، لەهەمانکاتیشدا چینییەکان لە ساڵی 1050 هەر خەریکی کاری کشتوکاڵ و چینین بن، بەڵام لە بەرانبەردا ئەمڕۆ هیچ نازانین کە چین و سەرباقی دونیا ساڵی 2050 دا بە چ شێوەیەک دەبێت؟ نازانین خەڵکی چۆن دەژین؟ سوپا و دیوەخانەکان چۆن دەجووڵێنەوە.ل 410
هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگڕێنێتەوە: ئێمە لە سەدەی بیستویەکدا رووبەروی حەجمێکی زەبەلاحی زانیاری دەبینەوەو تەنانەت سانسۆرکارانیش هەوڵ نادەن رێگەیان لێ بگرن، بەڵکو لە بری ئەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵەن، یان بە بابەتی بێ پێوەندییەوە سەرقاڵمان دەکەن. ل411
یۆگا وەکو رزگارکەر
لە هەمووی سەیرتر بەلامەوە دەرئەنجامی بیرکردنەوەی هەرارییە، کە پێی وایە مرۆڤ لە رێگای « یۆگاوە» دەتوانێت بەسەر کێشەکانی ناخیدا زاڵ بێت. جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی «میدیتەیشن» ماوەیەکی زۆرە لەناو جیهاندا برەویی هەیە، جاران تەنها لە هیندوستان خەڵکی گرنگی پێدەدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە تەواوی جیهاندا گرنگی بەم وەزرشە عیرفانییە دەدرێت.
هەراری دەڵێت: وێڕای هەموو ئەو کتێبانەی خوێندبوومەوەو ئەو هەموو بەشدارییەی وانەکانی زانکۆ، بە نزیکەیی هیچ شتێكم لەبارەی هزری خۆمەوە نەدەزانی و کۆنتڕۆڵێکی زۆر کەمم بەسەریدا هەبوو. ل487
دواتریش دەڵێت:
میدیتەیشن بۆ من، هەرگیز دژی لێکۆڵینەوەی زانستی نەبووە، بەڵکو هاوشێوەی ئامڕازێکی بایەخداری دیکە لە کۆمەڵەی ئامڕازە زانستییەکاندا کاریکردووە، بەتایبەتی کاتێک هەوڵ دەدەین لە هزری مرۆیی تێبگەین. زانست لە ڕاڤەکردنی نهێنییەکانی مێشكدا کێشەی گەورەی لە پێشدایە،چونکە ئامڕازی پێویستمان لە بەردەستدا نییە. ل 490
میدیتەیشن لە بنەڕەتدا میتۆدێکە بۆ تێبینیکردنی ڕاستەوخۆی هزری خۆت.ل493
دوا قسە
دامنابوو قسەی زیاتر لەبارەی ئەم کتێبەوە بکەم، بەڵام پێمباش نییە باسی بەشێکی زۆری ئەم کتێبە بۆ خوێنەران بکەم، باشترە خۆیان بچن کتێبکە بخوێننەوە، زانیاریی و جێژی زیاتری لێوەردەگرن.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم، هەراری لە ئێستادا خاوەنی تێڕوانینێکی زۆر جوانە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی، هیوادارم لە جیهاندا برەوی زیاتر بە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی بدرێت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک ئاری رەشید بکەین، بەراستی کارێکی باشیکردووە ئەم کتێبە جوانەی پێشكەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، چاوەڕوانی کاری جوانتری لێدەکەین.
سەرچاوە:
یووڤاڵ نووح هەراری. 21 وانە بۆ سەدەی 21 . وەرگێڕانی: ئاری رەشید. دەزگای جەمال عیرفان. سلێمانی. 2020

وتاری زیاتر



کاریزماو سیاسەت‬ ئەردەڵان عەبدوڵڵا
2021-10-14 22:25      122 جار بینراوە















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو