شۆستەو ئیشارەتەکانی هاتوچۆو مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، لەدیارترین نیشانەکانی پێشکەوتن و دواکەوتنی کۆمەڵگەن، شۆستە لەبنەڕەتدا بۆئەوە دروستکراوە، کە خەڵکی پیادەو خاوەن دوکانەکان کەبەسەریدا تێپەڕدەبن رێزی لێبگرن، هەروەها ئەوەی ئەو شۆستانە دیزاین دەکات حاڵەتەکانی مرۆڤەکان بەتەمەنە جیاوازەکانیانەوەی لەبەرچاوگرتووە، لەو شوێنانەی دەپەڕیتەوە نزمکراوەو ئەوانیتری بەتەواوی بەیەک ئاست بەبێ بەرزو نزمی دروستکراوە، تاوەکو بەبێ هیچ کێشەیەک هەموو کەسێک بەسەریدا تێپەربێت، لەهەموو ئەوانە زیاتر، دەوڵەت بەرپرسیارێتی هەر رووداوێکی کە هۆکارەکەی دیزاینی شۆستەکە بێت لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام شۆستە بۆ خاوەن دوکانەکان شوێنێکی پیرۆزەو بەهەموو شێوەیەک رێزی لێدەگیرێت و بەهیچ جۆرێک بەشێکی شۆستەکە داگیر ناکات و پاشەڕۆکانی فڕی ناداتە بەردەم دوکانەکەی، بەڵکو شارەوانی ئەرکی پاککردنەوەو ئامادکردنی لەئەستۆ دەگرێت و هەموو هاووڵاتیان دڵنیان لەسەلامەتی دیزاین، ئەمەی سەرەوەم لەنیویۆرک بینی و دواتریش لەسەریم خوێندەوە، زۆرجاریش لەگەڵ حەسەن یاسینی هاوڕێم باسی لێوەدەکەین، کە چۆن شۆستە کەلتووری خۆی هەیە لای هەموو ئەوانەی بەکاریدەهێنن، کە ئەویش لەسەروەری یاساوە سەرچاوەی گرتووە، کە خاوەن دوکان و پیادە لێجودا دەکاتەوە. هیوادارم بتوانم لەسەر ئەم پرسە کە بووەتە کێشەیەکی گەورە لای خۆمان کە رۆیشتن بەسەر شۆستەکاندا بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ ئەوانەی بەکاری دەهێنن و بەردەوام پێشێلی مافی هاووڵاتیان دەکرێت.