لە هەندێک لە کەناڵەکانەوە قسەوباسی ئەوەی پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆتە بنێشتە خۆشە و جگەلەوەی هەر سایت و تی ڤی و میدیایەک بە سیاسەتی پشت پەردەی خۆی هەواڵەکە دادەڕێژێت و بڵاوی دەکاتەوە، هەریەک لەوانەش بە دڵی خۆیان شرۆڤەکاری جۆراوجۆر دەهێنن لەوبارەیەوە شیکار و شرۆڤەی ئەو بابەتە بکات.
ئەوەی لەم بابەتەدا سەرنجی ئێمەمانان وەک رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی رادەکێشێت، داڕشتنی هەواڵەکە نییە، کە لەهەندێکیاندا جگە لە قسە هۆنینەوەی بێمانا، هیچ بنەمایەکی زانستیی داڕشتنی هەواڵی تێدا رەچاو ناکرێت و وەڵامی پرسیارە سادە و سەرەتاییەکانی هەیکەلی داڕشتنی هەواڵ ناداتەوە کە بریتین لە: چی؟ کێ؟ لەکوێ؟ کەی؟ بۆچی، بەڵکو دوو بابەتی سەرەکییە کە نازانین بۆچی وایە؟ کە بریتین لە:
یەکەم- زۆریی لێدوانەکان لەکاتێکدا وەزارەتی پێشمەرگە وتەبێژێکی هەیە، ئیدی نازانرێت بۆچی هەرکەسە و لە ئاستی خۆیەوە راست دەبێتەوە دەبێتە وتەبێژ و لێدوان دەدات؟
دووەم- زاکیرە و یادەوەریی بەشێک لە خەڵکی وەرگرە! چونکە لەگەڵ ئەو جووڵاندنی هێزەدا لە سەرەتاوە ئەوە لەلایەن سوپا سالاری وەزارەتی پێشمەرگەوە رەتکرایەوە کە «جووڵاندنی ئەو هێزە پەیوەندیی بە گرژیی نێوان هێزە چەکدارەکانی عیراق و هێزی پێشمەرگەوە هەبێت، بەڵکو ئەوە پەیوەستە بە زۆربوونی جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی سەربە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە و تا ئەوکاتەی هاوئاهەنگیی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عیراقدا دێتەکایەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دەکەوێتە نێوان سنووری رەسمیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عیراقەوە، ئەوا ئەو هێزانە بۆ پارێزگاریی لەو سنوورانەو دزەنەکردنی تیرۆریستان و باندە تاوانکارەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر ئەگەرێک».
گرفتێک هەیە کە بەداخەوە هەندێک کەس هێندە عاشق و تامەزرۆی ناو و وێنەی خۆیانن تا لە میدیاکانەوە دەربکەون، وایان لێدەکات کە وشەی «نازانم، ئاگادارنیم، زانیاریی تەواوم نییە» لە مەزهەبیاندا نییە و بۆ ئەوەی ناوو وێنەیان لە میدیاکانەوە بڵاوببێتەوە، زانیاریی بێ بنەما و شرۆڤەی هەڵە بۆ کەناڵەکان دەکەن، بەبێ ئەوەی ئەوە لێکبدەنەوە کە هەندێک زانیاریی هەن ئەگەر راستیش بێت، بەڵام وتنی هەڵەیە و ئەوە رێک پەیوەستە بە مەسەلەی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، بەتایبەتی زانیاریی سەربازیی و ئەمنی.
گرفتێکی گەورە لەم بابەتەدا ئەوەیە کە هیچ قسەیەک لەم هەرێمەی ئێمەدا یان باجی لەسەر نییە و کەس لێی ناپێچێتەوە، یان لەسەر زانیارییەکی بچووکی بێ بەها لە فەرمانگەیەکی ئاسایی سزای فەرمانبەرێک دەدرێت، یاخود بە نووسراو «گشتاندن» لە وەزارەتێکەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان یان لە بەڕێوەبەرایەتییەوە بۆ بەشەکان دادەبەزێنرێت کە نابێت هیچ لێدوانێک بە میدیاکان بدرێت.
بەڵام لەم گرفتە گەورەتر نەزانینی بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و رۆژنامەنووسان و میدیاکارانە کە هیچ فلتەرێک یان پرەنسیپێکیان بۆ دابەزاندنی هەواڵ یان وێنە یان گرتەی ڤیدیۆیی نییە کە ئاخۆ ئەو کارە تاچەند زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگەیەنێت، بەتایبەتی نیشاندانی سنوور و سەنگەر و دەوروبەری سەنگەرەکانی پێشمەرگە و جۆری چەکەکانیان و دیوی ناوەوەی ساترە سەربازییەکان، کە ئەمڕۆ لایەنی بەرامبەر بە پێشمەرگەش جا داعش بێت یان هەر هێزێکی دیکە بەشی هەواڵگریی و شیکردنەوەی زانیاریی و دیمەنەکانی هەیە کە بەو بڵاوکردنەوەیەی کەناڵەکان هیچ پێویستیشیان بە سیخوڕ و هاوکاری نهێنی نامێنێت و بە ئاسانی لەلایەن کەناڵ و سایتە کوردییەکانەوە هەموو زانیارییەکانیان بە بێئاگایانە دەچێتە بەردەست.
چەند سەرنج و تێبینییەک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە
لە سەروبەندی شەڕی داعشدا لە -2014 2017 و بەئێستاشەوە بەڵام بەتایبەتی لەسەرەتاکانی شەڕەکەدا کەناڵەکانمان چونکە زیاتر کەناڵی حزبین و سەنگەرەکانی بەرگرییش بەجۆرێک لە جۆرەکان دابەش ببوو بەسەر هەژموونی سیاسیی زۆنەکانی پێشتری زەرد و سەوزدا، بۆیە کەناڵەکان پەلەپڕوزێیان بوو تا هەرلایەنە و زیاتر قارەمانێتی پێشمەرگە و فەرماندەکانی سەربە حزبەکەی خۆی نمایش بکات و بیگەیەنێت بە وەرگر، بەڵام هەر ئەوکات چەند کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆر لەسەر ئەو بابەتانە قسەیان کرد و نووسیان کە پیشاندنی سەنگەرەکان و جۆری چەکەکان و پەخشی راستەوخۆ کارێکی هەڵەیە، لەوبارەیەشەوە برای بەڕێزم کاک باست حەمە غەریب وتارێکی لە کوردستانی نوێدا بە دووبەش بڵاوکردەوە و رێنمایی زۆر باشی تێدابوو بۆ میدیاکارانیش و بۆ فەرماندە سەربازییەکان، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ لەوبارەیەوە نەگۆڕدراوە.
سەرنج و گلەییەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەم چەند خاڵەدا کورت دەکەمەوە:
*دەبوو لە دوای هێوربوونەوەی بەرەکانی شەڕی داعشەوە وەزارەت بە سوودوەرگرتن لە درزو کەموکوڕییەکانی شێوازی رووماڵی جەنگ لەلایەن میدیاکانەوە لەسنووری هەر یەکەیەکی وەک فەرماندەیی یان لیواکاندا تیمی میدیای جەنگیی دروست بکردایە و خۆیان وێنەی بەرەکانی جەنگیان تۆماربکردایە و بە رەچاوکردنی دزەنەکردنی لایەنی زانیاریی ئەمنی و چەک و پێگە و رەبییەکانی پێشمەرگە.
bلەم ماوەیە کە شەڕ نییە، لەگەڵ مەشق بە هێزی پێشمەرگە، باشتربوو مەشق بە چەند پێشمەرگەیەکی خاوەن بڕوانامە بکرایە بەمەبەستی دامەزراندنی (ناوەندێکی میدیای جەنگی) ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە مامۆستایانی بواری راگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و میدیای جەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان تا وەک ئەوەی لە وەزارەتی بەرگریی عیراقیش ناوەندێکی میدیای جەنگییان هەیە.
*رێگریی لە فەرماندە باڵا و مام ناوەندییەکان بکرێت لە دانی لێدوان و تەنانەت زۆر دەرکەوتنیش لە میدیاکانەوە، لانیکەم لەبەر سەلامەتیی گیانی خۆیان.
هیوادارم وەزارەتی پێشمەرگە ئەو سەرنج و تێبینییانە بەهەند وەربگرێت، چونکە ئەرکی ئەوان هەمیشەییە و ئەگەری هەیە لە ئایندەدا تووشی گێچەڵی هێز و گروپی تیرۆریستی دیکە ببنەوە، بۆیە هێشتا درەنگ نییە بۆ دامەزراندن و ئەکتیڤکردنی بەشی میدیای جەنگی.