چەند باسی بکەین ئەم خەمە کۆتایی نایەت ، ئەم پەژارەیە نابڕێتەوە. چونکە شریتەکە لێ نادەینەوە، چونکە کە لێشی دەدەینەوە لێی دەقرتێنین ، یان چاوی لێ دەنوقێنین و دواییش بۆی دەقوچێنین . ئێمە ھەمووجار خۆمان لە کۆی دیمەنەکە نەبان دەکەین . رۆژنامەکانمان ھەر ئەلبومی ناوەکانی خۆمان بەسەر دەکەنەوە و ھەر تەرمی شەھیدەکانی خۆمان دەنێژن و ھەر ئەلفابێتای سیانی خۆمان حونجە دەکەین و ھەر زامی سارێژنەبووی خۆمان دەلاوێنینەوە و ھەر زامی یەکتری دەکولێنینەوە.
قەت رۆژێک بەدیار کۆی دیمەنەکەوە ، کۆی لیستی شەھیدەکانەوە ڕانەماین و ڕانەچڵەکین و ڕانەوەستاین، بۆیە ھەر رانەبووینەوە و لەخەوی غەفلەت بە خەبەر نەھاتینەوە.
ئێمە دوای ئەنفالیش بەڵێنی رەنگاورەنگی ئاشتبوونەوەی گشتیمان دا ، دوای ھەڵەبجە و کۆڕەویش وتمان چاک و باش ، برای شیریین و گشتمان یەکین و لەکین. دوای بەرەی کوردستانیش بەڕەیەکمان لە شکستی دەیان ساڵە دادڕی و کراسی نەدامەتمان کردەبەر ، دوایی وتمان تەنھا و تەنھا جەولەیەکی کورتی براکوژییەو ئیتر خوشک و برا لە سایەی یەک ئازار و یەک ئازادی دەحەوێنەوە. کەچی گێمی خوێن زۆری خایاند و کاتی زیادەشی برد و ھەر ئەو کاتانە سەرخەوێکمان شکاند کە پشووی جەنگاوەر سەری کردە سەرمان. دوای ئەم شوباتەش خوێن و خوێ و فرمێسک وا تێکەڵ بوون کە خەریک بوو نوێژی جەماعەت و گۆڕی بەکۆمەڵ بمانگرێتە خۆ.
ئەم شوباتە خەم و پەژارەی بە بەرچاوی دونیاوەبوو کە ئیتر عەیببوو ئەم عاری پەرتی وکەرتییە بمێنێتەوەو چارەیەکی لێ نەکەین. دەبوو دوای ئەم جەژنە خوێناوییە کوردایەتی خۆی بچێتە چاکوخۆشی کوردەواری و نوقل و شیرینی دەسکەوتی بکردایەتە گیرفانی منداڵانی شەھید، کەچی وا نەبوو ، ئینی تاس ئینی حەمام بووە قەدەری دووبارە.
کێ لە شەھیدانی شوبات پێشبینی دەکرد دوای دوعاخوازیان دوو پارچە دەبێتە چەندی تر و یەکێتی ریزەکان دەبێتە کۆدی ھەژموونی نارەوا کە بەڵای سەری ئەزموونێکی جێی چاوەڕوانی سەد ساڵەیە ؟
کێ لە جوامێرەکانی شوباتی ئەو ساڵە وا دیموکراسییان شرۆڤە دەکرد کە یەکسان بێت بە پۆلپۆلیستی و قیژە و قەرەباڵەغی و کێ لەوان وا وێنای نیشتمانی دەکرد کە بریتی بێت لە کۆدی بانک و بۆڕی نەوت و بژاردەی چەوت؟
کە شوبات خەرجی خوێنی دا کێ بەو نرخەی کڕی کە میللەت بێ مووچە و بێ بودجە بێت ؟ لەوەش خراپتر بێ ئومێد بێت کە لە دەورانی کەم دەرەتانی راپەڕیندا ئومێد وا تێری سک و گەدە و ئاتاجی دەکردین قەرەبووی گەمارۆی بەغدای بەعسی بە زیادەوە بوو ، چونکە لە بەرواری یەکبوونیدا لە خەم و خولیادا یەکسان بووین، سەری بەرز ھەر خۆی بە خۆرسکی بۆ مووچە نەوی نەدەبوو چونکە سەری خەمخۆری ھەبوو .
ئێمە پەیمانمان بە جەژنی شوبات دا قوربانییەکانی بکەینە بیانوی سەرەخۆشی و بۆنەی پەرۆشی. فەقەت نیشانە بەوەی وا نەبوو وا زۆرە وەک نیشانەکانی ئاخر زەمان کە ئاخری خێربێت ئەگەر بەتینوتاوی دوا وزە نەچینەوە ڕاستە شەقامی رێی نەجات.
.
سڵاو لە رۆحی شەھیدەکان کە جێی دروودن، لێ زیندووەکان ھەر بارمتەن تا کلیلی گومبووی چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
با ئومێد لە ناو قوڕو لیتەی شۆک دەربێنین و تۆزێک تۆزی لێ ھەڵسێنین . بۆ ئەمەش تەداروکمان گەرەکە نەک رێکەوت و چانس و فەردا بە دەھا.