رێکەوت نەبوو رۆژانی رابوردوو دوو خۆکوژەکەی شاری بەغدا لەبازاڕی لەنگە خۆیان تەقاندەوە. لەنگە شوێنی بازاڕی هەژاران یان ئەوانەی نزیکن لەهەژارییەوە. ئەوەی لەوێیە بەئاسانی مامەڵەی پێوەدەکرێت و دەستبەرداریی دەبێت لەمیانەی سیاسەتی نوێی عیراقدا، بەپێی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتیی، هەژاران ژمارەیان لەهەڵکشاندایە لە عیراقدا، هەرچەندە بە یەکسانی نا.
هەتا چەند ساڵێک لەمەوپێش نمایشی هەبوون یان سامان لەکوردستان بەشێوازی جیاوازو زۆر جار کاریکاتێریی و بێ زەوقانە خۆی نمایش دەکرد، لەکڕینی ژمارەی جوانی تەلەفون، ژمارەی جوانتری ئۆتۆمبێل، گۆڕینی بەردەوامی کەلوپەلی ناوماڵ، پڕکردنی دەشتودەر لەپاشماوەی خۆراک و نایلۆن.
هەموو ئەمانە خەریکە دەبنە یادەوەریی بۆ زۆرێک. هەژاری لەگەڕانەوەدایە.
کاتێک ئەو هەموو هەژارەی ساحەی گیران مردن، پارتە سیاسییەکان ئامانجەکەی خۆیان پێکا، تایفییەت دەمەزەردکرایەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد، ئینجا هەرزوو کۆمێنتەرە بۆینبایخدارەکان هاتنە سەر شاشەکان و موژدەی ئەوەیان دا کە دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
گەرچی بەهیچ پێوەرێک نابێت عیراق هەژاربێت، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار هەیە کە هەژاری دەکات: گەندەڵی، تێچوونی زۆری حوکمداریی، پێداویستی زۆری هێزو ناوەندە سیاسییەکان بۆ پیادەکردنی سیاسەت و درێژەدان بە ململانێکانیان، بۆ دابینکردنی بژێوی چەکدارەکانیان و لەسەری هەموویەوە سوپا ئەلیکترۆنییەکانیان.
هەژاران دەکوژرێن و بەکوشت دەدرێن وەک کارێکی ئاسایی دەرخەریی ئەوەیە کە سیاسەتی عیراق نەک تەنها مرۆڤەکان هەژاردەکات، بەڵکو پاش هەژارکردنیان لەمرۆڤەوە دەیانگۆڕێت بۆ زەخیرەیەکی سیاسی، بەئاسانی بەکوشتیان دەدات و لەبیریان دەکات. لەکاتێکدا هەژاران هەتا بێت ژمارەیان زیاتر دەبێت ئەوا بەهاو نرخیان لای نوخبەی سیاسی هەتا بێت کەمتر دەبێت. لەبەرامبەردا زیاترو زیاتر ناچار دەبن کە ببنە بەشێک لەو پرۆسەی خوێناوییەی کە ناوی سیاسەتە.