بورهان شێخ رەئوف

جموجۆڵی نێودەوڵەتی بۆ لابردنی سزاكانی سەر سوریا

  2021-01-31 13:38      200 جار بینراوە        کۆمێنت

تا ماوەیەك بەر لە ئێستاش، بابەتی لابردنی سزاكانی سەر سوریا لە ئارادا نەبوو، بەڵكو ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیە بوون كە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا ناچار بكرێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئێستا سەرەتای گۆڕانكارییەك لەسەر شانۆی رووداوەكانی ئەو وڵاتە دەركەوتووە، كە باس لە چاوپێداخشانەوە و پێداچوونەوەی سزاكانی سەر دیمەشق دەكات، بە پاساوی ئەوەی قورسایی و كاریگەریی سزاكان بۆ سەر زۆرینەی گەلی سوریان.

هەروەكو ئاشكرایە لەساڵی 2012 وە ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا، سزای ئابووریی سەختیان بەسەر سوریادا سەپاندووە، بە مەبەستی ئەوەی بەشار ئەسەد ناچار بكەن سیاسەتی بگۆڕێت و گوێ‌ بۆ داخوازییەكانی گەلی سوریا بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بگرێت و زەمینەسازی بكات بۆ دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەستەڵات.

ئەوەی زیاتر سزاكانی توندتر و كاریگەرتر كرد لەسەر سوریا، یاسای قەیسەری ئەمریكی بوو لە حوزەیرانی ساڵی 2020، بەتایبەتی ئەو بازنە تەسكەی گرتەوە كە لە دەور و پشتی سەرۆكی سوریان، جگە لە بازرگان و بزنسمانە سورییەكان و بانكی ناوەندیی سوریا، بە مەبەستی فشاری زیاتر لەسەر دیمەشق، بەڵام دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هیچ نیازێكی پیشان نەداوە بۆ دەستبەرداربوون لەو سیاسەتانە ‌و گۆڕانكاریی راستەقینە، بەڵكو ئێش و ئازاری سورییەكان زیادیكرد، بە رادەیەك، كە بەگوێرەی راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، 80 %ی خەڵكی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

سەرەتای هەوڵەكان بۆ سووككردنی سزاكان
لەم دواییەدا بزاڤێكی نێودەوڵەتی سەریهەڵداوە بەئامانجی سووككردن یان لابردنی سزاكانی سەر سوریا، سەرەتاكانی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەركەوتووە، دواتر هەمان باس و گفتوگۆ درێژەی كێشاوە تا گەیشتۆتە سەركردە خۆرئاواییەكان، بە تایبەتی فەرەنسا و ئەمریكا، لەسەر چۆنێتی هەڵسوكەوت لەگەڵ سزاكانی سەر سوریا و گرنگی ئەم هەنگاوە و كاریگەرییەكانی.

هەر تایبەت بەم هەنگاوە، ئەیمەن عەبدولنور یەكێك لە كەسایەتییە چالاكەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لە ئەمریكا نیشتەجێیە، وتویەتی: گۆڕانكارییەك لەبۆچوونی وڵاتاندا هاتۆتە پێشەوە، سەبارەت بەسزاكانی سەر سوریا، كە لە چەند هەڵوێست و هەنگاوێكدا رەنگیداوەتەوە، كە پێناچێت لە خۆڕا و خۆڕسكانە هاتبنە ئاراوە، بەڵكو پێشتر بەرنامەڕێژی و پلانی بۆ دانراوە.

سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بزاڤە كاتێك دەركەوت كە ئەلینا دوهان ژنە شارەزای سەربەخۆی مافی و مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە خەڵكی بیلاڕوسە، لە 29ی دێسەمبەری 2020، داوایكرد سزا سەپێنراوەكانی سەر سوریا لاببرێن، چونكە بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەكانی بنیاتنانەوەی ژێرخانی شارستانی، كە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە.

هەروەها ئەلینا دوهان وتی: كاتێك سزاكانی یاسای قەیسەری ئەمریكا دەركران بۆ ئەوەی ئازار و زیان بە خەڵكی ئاسایی سوریا نەگەیەنێت، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە، ئەم یاسایە بارودۆخی خەڵكی ئاسایی سوریای زۆر سەختتر و نالەبارتر كردووە، بەجۆرێك كە خەڵكی سوریا بێبەش دەكات لە بنیاتنانەوەی وڵاتەكەیدا.

سەرەتا لێدوانەكانی ئەم بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵایەكی زۆری لێكەوتەوە ‌و لە سوریا و لە دەرەوەش وا لێكدرایەوە، كە خۆڕسكانەیە و لە خۆڕا ئەم لێدوانەی داوە، بەڵام دواتر هەندێك ئاماژە دەركەوتن.

هەر لەو چوارچێوەدا، پێش چەند رۆژێك، چەندین چالاكوانی سیاسی لە بەیاننامەیەكدا بۆ جۆ بایدن بەهۆی دەستبەكاربوونیەوە وەكو سەرۆكی ئەمریكا، داوایان لێكردووە دەستبەجێ‌ ئەو رێكار و سزایانە لەسەر گەلی سوریا هەڵبووەشێنێتەوە، بە تایبەتی ئێستا كە پەتای كۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە و كاریگەرییەكانی كەرتی تەندروستی بەتەواوی شەكەت كردووە.

لە كۆتاییدا، بەهۆی ئەو سزایانەوە دەسەڵاتی سوریا كە نیوەی خاكی سوریای لە بندەستایە، ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەكو سووتەمەنی و ئارد و دەرمان دابین بكات بۆ خەڵكی سوریا. لەلایەكی تریشەوە، ئۆپۆزسیۆن و رەوەندی سوری لە دەرەوە دەترسن لەلابردنی سزاكان، بۆیە دەخوازن سزا لەسەر تاوانباران و گەندەڵكاران و ئەوانەی دەستیان بەخوێنی خەڵكی سوریا سوورە، بمێنێت، سزا لەسەر چەك كڕین بمێنێت و یارمەتی و كۆمەكی مرۆیی زیاد بكرێت و لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دابەش بكرێت.

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      104 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو