له‌یادی شه‌هیدان، لیوا حسێن مه‌نسورو شێركۆ فاتیح-دا یه‌كێتی، هه‌میشه هێزی رۆژه سه‌خته‌كانی گه‌له‌كه‌مانه
شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له دوا رۆژه‌كانی مانگی كانونی دووه‌می 2015دا، به‌داخه‌وه، دوو رۆڵه‌ی دیكه‌ی نیشتمانپه‌روه‌رو گیان له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌له‌كه‌مان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بوونه قوربانی و گه‌یشتنه كاروانی نه‌مران.
هه‌ردوو فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و قاره‌مان، لیوا شێركۆ فاتیح له شه‌وی 29 له‌سه‌ر 30ی 1ی 2015 و لیوا حسێن مه‌نسور، له رۆژی 31/1ی هه‌مان ساڵدا، وه‌ك دوو پیاوی ئازای كوردستان و كه‌ركوك و گه‌رمه‌سێر و گه‌رمیان، دوو كوڕی دڵسۆزی قوتابخانه‌ی حزبی شه‌هیدان، له پێناوی پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان له هێرش و په‌لاماری تیرۆریستان، گیانی پیرۆزی خۆیان به‌خشی.
هه‌ردوو شه‌هیدی نه‌مر كه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعشدا‌و له سه‌ر خاكی بابه‌گوڕگوڕ و شاری كه‌ركوكی خۆڕاگر شه‌هیدبوون، بۆ جارێكیش دوودڵ نه‌بوون له‌وه‌ی روحی خۆیان پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكه‌ن تا خاكه‌كه‌ی و خه‌ڵكه‌كه‌ی سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌رز بژین و نه‌كه‌ونه ژێر ده‌سه‌ڵاتی تاریكپه‌رستان و دوژمنانی خودا‌و مرۆڤایه‌تی.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه ئه‌م نموونه به‌رزانه‌ی بۆ كورد و كوردستان پێگه‌یاندبێت، له هه‌ر كاتێك زیاتر ده‌كه‌وێته ژێر باری به‌رپرسیارێتیی نیشتمانی و به‌دیهێنانی ئامانجه ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مانه‌وه كه به ده‌یان هه‌زار شه‌هیدی له‌پێناودا داون. یاده‌وه‌ریی ئه‌م دوو شه‌هیده مه‌زنه‌ش، یاده‌وه‌رییه‌كه بۆ بیركه‌تنه‌وه‌ی یه‌كچاره‌نووسیمان و پاراستنی یه‌كڕیزیمان، هه‌ر به‌و یه‌كێتی و یه‌كبوونه‌شه ده‌توانین روحی شه‌هیده‌كانمان ئاسووده بكه‌ین، هاوكات وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، كه هه‌میشه هێزی رۆژه سه‌خته‌كانی گه‌له‌كه‌ی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیه‌تی و به خوێن و گیانی پاكی رۆڵه قاره‌مانه‌كانی، كوردستانی پاراستووه، ئه‌ركمانه كه به‌رپرسیارانه قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمه‌كه‌مان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و هاووڵاتیانمان له هه‌موو نه‌هامه‌تی و زه‌حمه‌تییه‌كی گوزه‌ران و ژیان رزگار بكه‌ین.
سڵاو بۆ گیانی پاكی هه‌ردوو شه‌هیدی قاره‌مانی گه‌له‌كه‌مان، لیوا شێركۆ فاتیح و لیوا حسێن مه‌نسور و سه‌رجه‌م شه‌هیدان، سڵاو بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی (ی.ن.ك)