د.سەردار عەزیز

عیراق... داهاتوویەکی رەش

  2021-01-26 18:16      209 جار بینراوە        کۆمێنت

کۆمەڵێک رووداو روویاندا لەماوەی پێشوودا، پێکەوە ئەو دیاردەیە دەهێننەوە بەرچاو کە ئایا چارەنوسی عیراق بەرەو کوێ دەچێت؟ عیراق وڵاتێکە ئەمڕۆ لەکوردستانەوە جیاواز دەبینرێت: بەرەیەک کردوویانە بە بەهەشت و بەرەیەک بەدۆزەخ، بەڵام هیچ کام لەم بەرەیە لەواقیعی عیراق خۆی نادوێن. وەک هەموو دیاردەیەکی تر، قسەکردن لەسەر عیراقیش بەشێکە لە خۆدواندن، نەک قسەکردن لەسەر عیراق.
لێرەدا ئێستێکی کورت لەسەر کۆمەڵێک رووداو دەکەین، کە پێکەوە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووسی عیراق.
یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت عیراق بەدونیای عەرەبییەوە گرێبدات، هەروەها بە کوردستانیشەوە. ئەم پرۆژەیە لەڕێگای غازەوە بەڕێوەدەچێت، کە سەرچاوەی دابینکردنی کارەبایە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی لەپشت ئەم پرۆژەیەوەیە. رۆژانی پێشوو لە ریاز کۆبوونەیەوەیەکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەچوو. ماسیو زایس هەروەها سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی وزە دەکات بۆ غازی هەرێم. ئەمە سەرباری گۆڕینی سەرۆکی ئەمریکی بەردەوامدەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیدارەی بایدن یەکەم پەیامی بۆ ئێران نارد، بەدانانی رۆبەرت مالی بەنێردەی ئەمریکا بۆ پرسی ئێران. مالی تێکەڵەیەکە لە جولەکەی میسری و سوریی. هەڵوێستی بەرامبەر ئێران لەلایەن باڵە توندڕەوەکەوە جێگای قبوڵ نییە. مالی دژ بەکوشتنی بەرپرسە ئێرانییەکە بوو لەماوەی پێشوودا. ئەم پەیامەی بایدن: گۆڕینی فشارو ئەگەری سەربازییە بۆ دیپلۆماسی. ئەمە مانای ئەوە نییە کە دەتوانێت تەواو ئاراستەکە بگۆڕێت، چونکە نابێت وەک ئەوە دەرکەوێت کە ڕەخنەگرانی وێنای دەکەن.
لەهەمانکاتدا لەکاتی پرساندنی لەکۆنگریس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێندە بایەخی بە عیراق نەدا. وەک ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسێکی ئەمریکی وتی، عیراق لە ئەولەویاتی ئەم ئیدارەیەدا نییە، کاتێکش دەبێتە جێگای بایەخ، تەنها لەپەیوەست بەئێرانەوەیە. چونکە ئێران لەنێو پێنج ئەولەویەتەکەی بایدنە.
لەئاستی هەرێمیدا، پەیوەندی عیراق و تورکیا بەرەو ئاراستەیەکی خراپتر هەنگاو دەنێت. بەهاتنی خەلوسی ئاکارو هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هاتن بۆ شەنگال، ئاماژەیەکی روونە کە تورکیا پلانی چەسپاندنی زیاتری خۆی هەیە لەناوچەکەو ئابلۆقەدانی موسڵە، بەجۆرێک لەکاتی هەر رووداوێکدا بتوانێت بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەشێک لە سوننە ئەم هاتنەی تورکیایان پێباشەو وەها پاساوی بۆ دەهێننەوە کە هاتنی تورکیا تەنها بۆ دژایەتی پەکەکەیە. بەڵام شیعە هاتنی سەربازییان پێباش نییەو داوای رێگای ئاشتی دەکەن، بەڵام هەردوولا هێندە دەسەڵاتدارنین بۆ کاریگەریی دانانی گەورە لەسەر دۆخەکە. تورکیا بەبێ هیچ پێچ و پەنایەک دەیەوێت زیاترو زیاتر لەناوچەکە بنکەو بارەگاو کاریگەریی هەبێت. ئەم کشانەی تورکیا لەدوو ئاستدا روونە: ئاستی یەکەم، هەوڵی کشانی تورکیا بەهەموو پانتاییەکانی دەوروبەری خۆیدا، لەهەمانکاتدا بانگەشەی تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ نەخشەی میساقی میللی. بەڵام لەهەمانکاتدا لەئاستی فیکریی هەردوو ستراتیژی قوڵ و نیشتمانی شین دەکرێت وەک دوو پرۆژەی پاوانخوازی ببینرێت لەڕووی وشکانی و دەریاوە.
رووداوێکی تر کە ڕەنگە پەیوەندی بە پێگەی ئێرانەوە هەبێت لەعیراق، ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنە. لەکاتێکدا کازمی پەیمانیدا کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت. بەڵام پەیمانەکەی وەک زۆر لەقسەکانی تری بوو، تەنها قسە بوو. کازمی وەک بیرۆکراتێک تەنها رووکەشێکی میکیاجییە بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تایبەت لەنێوان هێزە ڕکەبەرەکاندا. لەکاتی فشار و قەیراندا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی عیراق لەڕیزی پێشەوە دەکشێنەوە بۆ دواوە، هەتا فشاریان لەسەر کەمبێتەوە، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتێکی ئەوتۆ لەدەست بدەن. ئەمەش بەهانەی هێنانی کەسێکی بێ پشتیوانی وەک کازمییە.
هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە عیراق لاوازو پڕ لەدەستێوەردانە. ئەم لاوازهێشتنەوەی دەوڵەت لە عیراقدا، ئامانجی زۆرێک لەلایەنە سیاسییەکانە. ئەوەی ئامانجی هێزە باڵاکانە لە عیراقدا ئەوەیە کە دەوڵەت بەجۆرێک هەبێت کە توانای دەوڵەتداری نەبێت. توانای قۆرغکاریی هێزی نەبێت، توانای لێپرسینەوەی نەبێت، توانای کۆکردنەوەی داهاتی نەبێت، توانای سەروەریی یاساو سزادانی نەبێت، لەگەڵ زۆر خەسڵەتی تردا. ئەم دیاردەیە دەکرێت بە دی-ستسیت ناوی بەرین وەک چۆن قاوە بێ کافایین دەکرێت، وەهاش دەکرێت دەوڵەت بێ-دەوڵەتیی بکرێت. یان ئەوەی درێدا بۆ ئایین بەکاریدەهێنا، ئاینی بێ دین.
چەند رووداوێک ئاماژە پێدەدەین کە دەرخەریی نادەوڵەتی دەوڵەتن. گەورەترین رووداو، قبوڵکردنی رەشنووسی بودجە بوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە. ئەم پرۆژەی بودجەی عیراق کە دەبێت بودجەیەکی چاکسازیی بێت، گەورەترین پرۆژەی بودجەیە لە عیراقداو گەورەترین پرۆژەی دزییە لەوڵاتدا. دزییەکە بەجۆڕیکە کە هەموو بوارە گرنگ و خزمەتگوزارییەکانی وڵات بێ بودجەو کەمبودجەو پشتگوێخراوە، لەکاتێکدا ئەو بوارانەی کە زیانی گەورەیان بۆ وڵات هەیە، وەک حەشدی شەعبی، وەقفی سوننی و شیعی، هەروەها تێچوونی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە، پاککردنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، زۆرترین بڕی داهاتیان بۆ تەرخانکراوە. لەکاتێکدا عیراق بانگەشە بۆ ئەوە دەکات ناچارە نرخی دراوی دابەزێنێت بۆئەوەی بتوانێت خەرجیەکانی دابین بکات، ئەم بودجەیە زۆرترین قەرزو کورتهێنانی تیادایە. ئەمە هەمووی لەسایەی کازمیدا روودەدات. لێرەدا رەهەندێکی تری کازمی دەردەکەوێت، وەک کەسێک کە کەس خۆی ناکات بەخاوەنی دەهێنرێت بۆئەوەی زۆرترین کاری نەشیاوی پێبکرێت و پاشان دەسەڵاتدارە راستەقینەکان هیچ بەرپرسیارییەک لەئەستۆ نەگرن و سزایەک نەدرێن.
بەپێی ئەم بودجەیە نە کەرتی کشتوکاڵ، نە کەرتی ئاو، نە کەرتی خوێندن، نە کەرتی تەندروستی هیچ باشبوون و بوژانەوەیەک بەخۆیەوە نابینێت. ئەوەی سوودمەنی هەرە سەرەکییە، دیندارو چەکدارو بەرپرسە باڵاکانن، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە ژمارەی دانیشتووانی عیراق بەئاستێکی ئێجگار خێرا زیاد دەکات، ژمارەی هەژاری خەریکە دەبێتە نیوەی ژمارەی دانیشتووان، لەهەمانکاتدا وڵات لەبەردەم تینوبوونێکی ترسناکدایە. لەساڵانی ڕابوردودا، تورکیا توانای کۆنترۆڵی بەسەر دیجلەو فوراتدا پەیداکردووە، ئەم توانایە، وەهای لێدەکات کە بتوانێت ئاو وەک کارتی فشارو چەک بەکاربهێنێت.
وەک دەبینین هەموو ئەم کێشانە پرسی گەورەن. لەداهاتوویەکی نزیکدا عیراق رەنگە هەڵبژاردن بکات یان نا. بەڵام ئامانجی سیستەمی هەڵبژاردنی نوێ، رەخساندنی دەرفەتە بۆ کەسایەتی و چالاکوانە لۆکاڵەکان بۆئەوەی بێنە ناو کایەی سیاسی و پەرلەمان و دابڕانێک لەگەڵ هێزە تەقلیدییەکاندا ئەنجامبدەن. بەڵام سیستەمی هەڵبژاردن، نەک ئەگەری زۆر کەمە ئەم ئامانجە بپێکێت، بەڵکو ئەگەربێتو بیپێکێت، ئەوا پەرلەمانێکی شپرزەی پڕ لەئەکتەری بچکۆلەی خاوەن کردیتی سیاسی سنووردارو توانای تێگەیشتنی بچووک دەهێنێتە ئاراوە. هەروەها دەبێتە هۆی گەشەی جۆرێک لەگەندەڵی کە بە بەرازی ناو بەرمیلەکە ناسراوە. لەسەردەمی کۆیلەیەتی لەئەمریکا، ئەو کاتە سەلاجە نەبوو، بەرازی سەربڕاو خوێ دەکراو لەبەرمیلدا هەڵدەگیرا، دیارە بەرمیلی تەختە. خاوەن کۆیلەکان بەشی کۆیلەکانیان لەبەرمیلەکەدا دەدا، ئیتر بووە هۆی هاتنە ئارای چەمکی پۆرک-بارێل. لەزانستی گەندەڵیدا یانی هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی داهاتی گشتی یان حکومی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی دەنگدەر لەناوچەیەکدا. ئەم دیاردەیە لەڕاستیدا ئەگەری زۆرە لەجێگایەکی وەک عیراق و کوردستانیشدا بەگەندەڵی نەبینرێت. چونکە لەئاگایی سیاسی دەوڵەتی عیراقیدا چونوە حکومەت یان چوون بۆ بەغدا بۆئەوەیە بەشی خەڵکەکە بهێنرێت. بیرمەندی کورد مەسعود محەمەد نەک دژی ئەم جۆر گەندەڵییە نەبووە، بەڵکو وەک شانازییەک بینیویەتی. دیارە مەسەلەی مەسعود محەمەد وەک پەرچە کردارێک بوە لەفشارو ڕەخنەی چەپ کە باسی شوێن و جێگاکانی تریان کردووە لەدونیا. ئەویش وەک وەڵامێک باس لەگرنگی لۆکاڵ دەکات.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      117 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      125 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      199 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      747 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      146 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      565 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      411 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      757 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      404 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      229 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      134 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      195 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      178 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      259 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      169 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      174 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      197 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      174 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      151 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      264 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو