گالیلۆ گالیلی دەڵێ: «ناتوانی کەس فێری هیچ شتێک بکەیت، بەڵکو تەنیا دەتوانی یارمەتی بدەیت ناخی خۆی بدۆزێتەوە.»
کاتێک پرسیارێکیان ئاراستەی ناودارێک کرد سەبارەت بەو سەفەرەی بۆ دۆزینەوەی خۆی کردبووی، کە دوور لە خەڵکی و بە تەنها بەسەری بردبوو، لە وەڵامدا گوتی: زۆر شتم بۆ روون بۆوە کە دەبوو نەیکەم، بەڵام من دەمکرد. چونکە بڕوای تەواوم هەبوو کە وەک کەسێکی ناودار دەبوو بیکەم، لەوانە، لە هەر شوێنێک بووبام بەردەوام زیاتر لە هەموو کەس قسە و گفتوگۆم دەکرد و بابەتم دەخستەڕوو، خۆشم زۆر ماندوو دەکرد، چونکە بڕوام وابوو دەبوو ئەوە بکەم، بەڵام بۆم دەرکەوت بە بێ ئەوەی کەس ئەوەم بەسەردا بسەپێنێت یان داوام لێ بکات، ئەوە خۆم پێموابوو دەبێ وابم و کردبوومە عادەت. ئەوەش زۆر ماندووی دەکردم لەبەر ئەوەی هەستم بە ناڕەحەتی دەکرد، بڕیارمدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانم وەک کەسێکی ئاسایی بەسەر بەرم، جیاواز لەوەی لە بەرنامە و پرۆگرامەکاندا دەیکەم.
زۆر لە ئێمە پێویستی بەوەیە ئەم پرسیارە لەخۆی بکات: ئەو شتە چییە کە لەسەر خۆی نایزانێت؟
مەرج نییە سەفەر بکەین و دوور بکەوینەوە و تاوەکو رۆچینە ناخی خۆمان و تێی رامانین و ئەو پرسیارەی سەرەوە بکەین، بەڵکو شوێنێکی کپ و بێدەنگ دوور لە ژاوەژاو، لەگەڵ خواردنەوەی کوپێکی قاوە و قەڵەم و کاغەزێک، پاشان بە قوڵی گوێگرتن لە سەدای پرسیارەکە و نووسینی تێبینییەکانت.
زۆر کەس کاتێک باس لە کێشە و گیروگرفتەکانیان دەکەن و چیرۆکی ژیانی ناهەمواری خۆیان دەگێڕنەوە، پێیان وایە ئەوان قوربانی هەلومەرج و بارودۆخی کۆمەڵگە و خەڵکین، بەڵام لە راستییدا، ئەوە کێشەی هەموو کەسێکە، ئەوەش ئەنجامی بیرکردنەوە و بڕوا و رەفتارەکانیەتی، لەبەر ئەوە چەند بەدوای عەلاگەیەکدا بگەڕێیت بۆ ئەوەی بەدبەختی و ناخۆشییەکانتی بخەیتە ئەستۆ، چارەسەرەکەی ئاسانە، لە خۆت رابمێنە تاوەکو خاڵە بەهێز و لاواز و تواناکان، ئەو بیری ئەرێنی و نەرێنییەی لە مێشکتدا دێن و دەچن بدۆزیتەوە، دوای ئەوەش دەست بە گۆڕینیان بکەیت بەرەو باشتر.
لە دۆزینەوەی ناخی خۆت مەترسە، مەشڵەژێ، بەڵکو خۆشت بوێ و هەوڵی راستکردنەوەی لاسەنگییەکان بدە، لە ئەزموونە شکست خواردووەکانت فێر بە، ژیان تاکە فێرگەیە کە شکست لە دوای شکستت لێ قبووڵ دەکات تاوەکو بە سەرکەوتن دەگەیت بەو مەرجەی بڕوا و متمانەت بە هێز و توانای سەرکەوتنی خۆت هەبێت.
دەرفەتی دڵخۆشکردنی خۆت لە کیس مەدە، چاوەڕێی کەس مەبە تاوەکو خۆشیت بۆ دروست بکات.
سواڵی خۆشەویستی لە ئەوانیتر مەکە، ئەوەی خۆشی بووێیت، هەموو حاڵەتەکانی تۆی قبووڵە، ئەوەشی رقی لێت بێت، هەزار بەهانەی بۆ دەدۆزێتەوە.
هەموو هەوڵەکانت بۆ رازیکردنی ئەوانیتر خەرج مەکە، خۆشەویستی خۆت بۆ ئەوانیتر بە سادەیی دەربڕە و خۆتی بۆ مەئاڵۆزکێنە.
لە رەوتی ژیانتدا خۆت بە قسە و قسەڵۆکە لاوەکییەکانەوە خەریک مەکە.