دەرگاكان لەكورد داخراوە چارەسەر رێكەوتنی سیاسی و تەسلیم كردنی نەوتە
لە ساڵانی رابووردوو، بە تایبەتی ساڵی 2020 عیراق قەرزێكی زۆری دەرەكی كرد. بەھۆی ئەو قەیرانە ئابوریە سەختەی توشی بۆتەوە.
ساڵانێكی زۆرە ھەموو بوارەكانی پەرەپێدان پشت گوێ خراون و، تەنھا پشت بە وەبەرھەم ھێنانی نەوت بەستراوە.
كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بە تەواوەتی پشت گوێ خراون.
ساڵانە رێژەی دانیشتوانی عیراق روو لە زیادبوونە، بەڵام حكومەت ھیچ پلانێكی ستراتیجی نیە بۆ خزمەتی پەروەردەو فێركردن و دروست كردنی قوتابخانەو زانكۆی زیاترو دروست كردنی ھەلی كاری زیاتر لەڕێگای رەخساندنی ھەلی كارو بەرھەمی خۆماڵی و كارگەی پیشەسازی بۆ ئەو رێژە زۆرەی گەنجان كە ساڵ بە ساڵ روو لە زیاد بوونن.
لە پرۆژەیاسای بوجەی 2021 یش پشت بەستراوە بە قەرزی دەرەكی و بەشی ھەرەزۆری بوجە تەرخان كراوە بۆ موچەو نۆژەنكردنەوە (صیانە) و كەرتی كارەبا. ھیچ ستراتیجیەتێك بۆ پەرپێدان بەپیشەسازی و فرەكردنی سەرچاوەی داھات دانەنراوە. لە بری دۆزینەوەی سەرچاوەی داھات و نەھێشتنی گەندەڵی لە وەزارەتەكانی حكومەت ھەوڵ دراوە بە بەرزكردنەوەی باجی خانەنشینی لەسەر فەرمانبەری كەم دەرامەت و بەرزكردنەوەی نرخی دولار خەزێنەی دەوڵەت پربكرێتەوە كە ئەمە زەرەر بە ھاوڵاتیان دەگەیەنێت.
جیاوازی نێوان داھات و خەرجی زیاترە لە 25% ئەمە لە كاتێكدایە كە بە پێی یاسا نابێت كورتھێنان لە 3% تێپەرێنێت.
ھەڵەی گەورە لەم پرۆژە یاسایەدا بەدی دەكرێت.
لایەنەكان بۆ خۆ دەربازكردن لەو ھەموو كورتھێنان و نەبوونی پلان و ستراتیجیەتی دەربازبوون لە گێژاوی قەیران و قەرز، پەلاماری بوجەی ھەرێم دەدەن.
شكستی نەبوونی پلان و سترایجیەت بەخۆشكردنی ئاگری شۆڤینیەت چارەسەردەكەن.
ھەرێمی كوردستانیش كە دوچاری قەیران بۆتەوەو ناچارانە رووی لە بەغدا كردوە، ناتوانێت ھەمان سیاسەتی ساڵانی پێشووە پەیڕەو بكات. ناتوانێت نەوت رادەست نەكات و چاوەرێ موچە بكات. ئەم سیاسەتە ھەڵەیە بەرەو شەرێكی دژوارمان دەبات لەسەر نان.
شەڕی ئەم جارەی كورد و عەرەب لەسەر ماف و ئازادی نابێت، بەڵكو لەسەر نان و قوت دەبێ.
لایەنەكانی بەغدا نایانەوێ بەیاسا گەرەكیانە دەست و قاچی كوردستان ببەستن، مەرجی سەرەكیشیان دەرهێنانی نەوتە لەدەستی كوردستان. بەیاسا دەرگایان لە كوردستان داخستووە.
ھەرێم پێویستی بە توافقێكی سیاسی ھەیە لەگەڵ بەغدا لەسەر بوجە پێش تەوافقی ئابوری یاسایی.