برێت جارێکیتر سەریهەڵدایەوە. ئەمجارەیان وەک بەرپرسێکی باڵاتر لەپۆستەکانی تری. بەهۆی پەیوەندی بەکوردەوە لەزیاتر لەبەشێکی کوردستان، برێت مەکگۆرک لەلایەن کوردەوە بەبایەخەوە تەماشا دەکرێت. دەمێکە پلانم هەبوو لەسەر برێت بنووسم، بەڵام چاوەڕێی کتێبەکەی بووم کە پلان وەهایە چەند مانگێکی تر بڵاوبکرێتەوە.
بەڵام حەزدەکەم لێرەدا چەند سەرنجێکی سەرەتایی بنووسم.
یەکەم، برێت مەکگوێرک، بەشایەدی ئەوانەی کە چەند جارێک مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، کیسنجەر نییە، بەو مانایە کەسێکی خاوەن دیدو دونیابینی و پرۆژەی سیاسی نییە، زیاتر بیرۆکراتە.
دووەم، برێت هێشتا گەنجەو لەپرۆسەی هەڵکشاندایە، وەک کیسنجەر نییە کە لە پرۆفیسۆری زانکۆوە هێنرابێت بۆ پۆستێکی باڵا. ئەم پرۆسەی هەڵکشانە ڕۆڵی هەیە لەداڕشتنی جۆری مامەڵەی ئەو لەگەڵ پرس و رووداوو کەسایەتییەکاندا.
سێیەم، مەکگۆرک باجی هەڵەی داوە، کاتێک لەساڵی ٢٠١٢ پەیوەندی هەبووە لەگەڵ چینا چۆندا، پەیامنێری ۆڵ ستریت جۆرناڵ، باجی دا بەوەی نەکرا بەباڵوێزی ئەمریکا لەعیراق، جێگای باسە جینا ئێستا خێزانی برێتە. بیرم دێت جارێکیان لەگەڵ دینیس نەتالیدا بەوردی باسی ئەمەمان کرد لەهەولێر.
چوارهەم، برێت کۆمەڵێک مامەڵەی هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک رووداودا، لەوانە، داخستنی پەرلەمان، ریفراندۆم، ئەردۆگان و پرسی رۆژئاڤا. هەریەک لەم رووداوانە هەڵوێستی تایبەت دەردەخەن، بەڵام لەهەناویاندا هێڵکی درێژبووە هەیە. لەپرسی پەرلەمان و ریفراندۆمدا برێت هەمان هەڵوێستی هەبوو. نابێت هیچ کارێک بکرێت کە ببێتە هۆکاری شکستی شەڕی داعش، کە پرۆژەی راسپێردراوی ئەوبوو، لەهەمانکاتدا سەرکەوتن و شکستی ئەمریکا لەو پرسەدا کاریگەری راستەوخۆی دەبوو لەسەر پرسی داهاتووی کەرییەری سیاسی ئەو. بەڵام کورد، یان پارتی بەهەڵە پرسەکەی خوێندەوە. لەپرسی پەرلەماندا مەکگۆرکی بەدۆستی خۆی لەقەڵەمدا، لەپرسی ریفراندۆمدا مەکگۆرکی بەنەیاری خۆی لە قەڵەم دا. لەکاتێکدا ئەم دوو هەڵوێستە هەمان شتن. بۆیە پرسەکە دۆستایەتی یان نەیارێتی پارتی نەبوو، بەڵکو پرۆژەی برێت بوو کە دەبێت ڕێگریی بکات لەهەموو رێگرییەک لەوەی کە سەرکەوتن بەسەر شەڕی داعشدا لاواز بکات. ئەمە بۆ نەیارێتی ئەردۆگانیش ڕاستە. برێت نەیاری ئەردۆگانە، چونکە ئەردۆگان دۆستی داعشەو ڕێگربوو لەپرۆژەی سەرکەوتنی ئەو. دۆستی رۆژئاڤایە، چونکە هاوکاربوون لەشەڕی داعشدا. بەمپێیە، دۆست و دوژمن لای ئەو لەسەر ئامانج وەستاوە. لەدیدی فەلسەفییەوە ئەو وەک ژیژیک یان ژوژو وەهایە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیەو هەموو شتێکی تر دەخاتە لاوە لەپێناو ئەو ئامانجەدا. ئەو ڕێوی نییە. کیسنجەر نییە.
پێنجەم، هەڵوێستی کوردی مایەی پێکەنین و گریانە. کورد خێرا دۆست و دوژمنێتی دەکەن، ئەمە نەگبەتی ئێمەیە لەتێگەیشتن لەدونیاو سیاسەتی دەرەوەو کەسایەتییەکان.
مەکگوێرک کیسنجەر نییە کە دونیا دابڕێژێت، تێگەیشتن لەکەسایەتی ئەو گرنگە، بەڵام نابێت سیاسەت بەشەخسی بکرێت. بەڵام تێدەگەم لەوەی کە کورد توانای تێگەیشتنی دەزگای نییە بۆیە کەسایەتی لای هەموو شتێکە.
بەرگی کتێبەکەی ئەو، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەسێ ئیدارەدا کاری کردووە، دیموکرات و کۆماریی