پوختە
لەم نووسینەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە دابمەزرێنم کە ئەمریکا کوردی وەک هاوسەنگەرێک بەکارهێناوە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بەکارهێنانە، دوو ئاستی هەیە: ئاستێک کە هاوسەنگکردنی کورد خۆیەتی بەهێشتنەوە لەدۆخێکی دیاریکراودا، گیسکەکەی هەیاس، لەهەمانکاتدا بەکارهێنانی کورد بۆ هاوسەنگی ئەوانیتر یان ڕەفتار گۆڕینی ئەوانیتر. ئەم پەیوەندییە، کە پەیوەندی هاوسەنگکەرە، بەگشتی پەیوەندییەکی ئامرازییە. پەیوەندی ئامرازی وەها دەردەکەوێت کە بەکاربەر خاوەن ئاگاییەو بەکاربراو تەنها ئامرازە. بەکاربراو لەکات و ساتی جیاواز بۆ ئامانجی جیاواز بەکاردەبرێت. بەڵام ئەم پەیوەندییە ئامرازییە، وەک گیسکەکەی هەیاس دەبێت لەقەبارەی خۆیدا بمێنێتەوە، کە وەک گیسکەکە دۆخێکی ناسروشتی و نا ئاساییە، پێویستی بە بوونی هێزو ئاگایی تر هەیە. بۆیە، دەکرێت بپرسین، گەرچی مێژووی شەست ساڵەی پەیوەندی کوردی ئەمریکا، بەتایبەتی کە لەحەفتاکانی سەدەی رابوردوو لەسەردەمی کیسنجەردا، دادەڕێژرێت، پەیوەندییەکی ئامرازییە، بەڵام پەیوەندی ئامرازی ئاسان نییە، لەمیانەی بەکارهێنانیدا تەنها بەئامرازیی بمێنێتەوە، بەتایبەتی کاتێک کە ئەو ئامرازە زیاتر لەجارێک بەکارهات. بۆیە لەمیانەی بەکاربردندا ئەگەری ئەوە دروست دەبێت کە پەیوەندی نێوان بەکاربەرو بەکاربراو بەرەو ئاست و جۆری پەیوەندی زیاتر بڕوات، بەتایبەتی لەبەر سروشتی تایبەتی سیاسەتی ئەمریکی کە سیاسەتێکی کراوەی دیموکراسییەو لەناوەوە تەنگەگژەی زۆر لەخۆی دەگرێت لەمیانەی بەڕێوەچوونیدا.
ئەفسانە وەک میتۆد
سەرەتا دەبێت قسەیەک لەسەر میتۆدلۆجی بکەین. میتۆدۆلۆجی ئەم پرسە، کە پەیوەندی ئەمریکاو کوردە، ئەفسانەیەکە، کە لەناو کوردان خۆیاندا بڵاوە، بە ئەفسانەی گیسکەکەی هەیاسی خاس ناسراوە. عەلائەدین سوجادی لەبەرگی هەشتەمی کتێبی رشتەی مرواریدا ئەم حیکایەتەی نووسیوەتەوە١.
عەلائەدین سجادی، ١٩٨٢ رشتەی مرواری
ئەفسانە هەتا پێش هاتنی پۆستمۆدرێنەکان لەدۆخێکی خراپدا بوو، ئەفسانە لای زۆربەی بیرمەندان وەها دەبینرا کە ناعەقڵانییە، بۆیە شایستەی ئاماژەپێدان نییە. لێرەدا پەیوەندییەکی هەرەمیی لەنێوان ئەفسانەو عەقڵانی یان لۆگۆسدا دێتە ئاراوە. کاتێک هەر شتێک لەژێر ناوی ئەفسانەدا پۆلێنکرا، ئەوا مانای ئەوەیە کە شایانی ئەوەنیە ئاماژەی پێبدرێت. لەدیدی دێرێداوە ئێمە لەبەردەم ستراکچەرێکداین، کە بە شێوەیەک دارێژراوە ڕێگا بە بوارێک بدات و بوارێکی تر ڕێ لێبگرێت. وەک هەموو ستراکتۆرێک لەهەناویدا نەفیکردن و پەراوێزخستن و نکوڵیکردن هەیە، بەڵام وەک فرۆید پێمان دەڵێت چەپێنراو هەر سەرهەڵئەداتەوە.
لێرەدا جەدەلێکی زۆر هەیە لەسەر پەیوەندی سەرەتاو وەدەرنراوو هاتنەوەی چەپێنراوو دروستبوونەوەی پەیوەندی لەنێوان لۆگۆ-سەنتەریزم و دیکۆنسترەکشندا. دەتوانن ئانیاس سپیتزەر بخوێننەوە، بەناوی درێدا و ئەفسانەو مەحاڵێتی فەلسەفە٢.
ئەفسانەی کوردی، کە دەرئەنجامی ئەزموونی ژیاری کوردییە، زیاتر وەک بوارێک بۆ تەنز و گاڵتەو خۆشی بەکاردەهێنرێت نەک بۆ داڕشتنی دونیابینی. بەڵام ئەفسانەی کوردی، وەک ئەفسانەی هەر گەلێکی تر، کانگایەکی دەوڵەمەندە بۆ تێگەیشتن لەدونیا. لێرەدا چیرۆکی گیسکەکەی هەیاسی خاس بەکاردەهێنم بۆ خوێندنەوەی پەیوەندی کوردو ئەمریکا لەباشووری کوردستان بەتایبەتی، بەڵام لەهەموو کوردستاندا بەگشتی.
داستانی هەیاس دەربارەی دەسەڵات و مەعریفەیە. لەهەمانکاتدا دەربارەی پەیوەندەی سوڵتان و دارودەستەکەیەتی. بەکورتی: هەیاسی خاس لەسوڵتان مەحموود دەتۆرێت. وەک تۆراوێک دەبێت جێگایەکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوەو هەروەها دەبێت دڵنیابێت کە نادۆزرێتەوە. سوڵتان پاش گەڕان و نەدۆزینەوە، هەوڵدەدات لەڕێگای تاقیکردنەوەیەکەوە هەوڵی دۆزینەوەی بدات. ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ئێمە گرنگە. چونکە کرۆکی پەیوەندییەکە لەوێدایە.
لەپێناوی دۆزینەوەی سوڵتان بەقەڵەم رەوییەکەی خۆیدا جاڕیدا کە هەر کەس مەڕدارو شوانکارەیە، وە هەرکەس پیاو ماقووڵ و کاربەدەستە، ئەبێ لەفڵانە ڕۆژدا هەموو لەبارەگای سوڵتان حازر بن و کەس دوا نەکەوێ. بۆ ئەو ڕۆژە ئەوانەی کە سوڵتان ئەمری دابوون هەموو حازر بوون. سوڵتان هێنای هەر یەکە گیسکێکی دانێ، وتی: ئەمەوێ هەر لەئێستاوە تا چل ڕۆژی تر هەر یەکە کە گیسکی خۆی برد لەدوای چل ڕۆژە بیهێنێتەوە، ئەم گیسکە زیاد بکا ئەدەم لەسەری، کەم بکا هەر ئەدەم لەسەری!
یەکێک لەو کەسانە، کە لەناو ئەم حەشاماتەدا بوو ئەو کوێخایە بوو کە هەیاس لەلایەوە ببوو بەسەپان. عالەم هەر یەکە گیسکی خۆی وەرگرت و ڕۆیشت، کوێخای لای هەیاسیش یەکێک بوو لەوانە. ئەم عالەمە بەجارێ هەر یەکە لەئاستی خۆی کەوتە ترس و لەرزەوەو ڕێی بەدیی ئەم ئیشەی بۆ نەکرا، گیسک ئەگەر شتی نادەیتێ مردار ئەبێتەوە، ئەگەر ئەیدەیتێ زیاد ئەکا، ئەگەر ژەم ژەم ئەیدەیتێ هەروەکوو خۆی نامێنێتەوە! ئەمەش ئەنجامەکەی سەرفەوتانی تێدایە!
کوێخای لای هەیاس لەهەموو کەس زیاتر کەوتە پەرۆشەوە، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری هەیەو لەمەڕداریدا بەپسپۆڕ ناسراوە کە چی ئەنجامدا هیچی بۆ ناکرێ و ئەبێ سەری خۆشی تیا بدۆڕێنێ. هەر بەتەواوی کەوتە پەرۆشەوە، دنیای رووناکی لێ بوو بەشەوی تاریک! هەیاس پرسی: کوێخا ئەوە چییە وەها خواردن و خواردنەوەت لێ هەڵگیراوە؟ وتی: ڕۆڵە ئەمە کارەساتەکەیە. هەیاس وتی: ئەگەر ڕاستم لێ ناڵێیت من ئەم ئیشەت بۆ چار ئەکەم. وتی: کوڕم من ئەمە باعیسی سەرمە، تۆ ئەگەر ئەمەم بۆ بکەی سەرم ئەستێنیتەوە، چۆ ڕاستت لێ ئەڵێم؟! هەیاس وتی: هەرچەند بڕواش ناکەم، بەڵام نمەکم کردووی، ئەمەت هەر بۆ ئەکەم و رزگارت ئەکەم، بێنە بێچووە گورگێکم بۆ پەیداکەو ئیتر ئیشت نەبێ! کوێخا چوو بێچووە گورگێکی پەیدا کردو هێنای دای بە هەیاس، ئەمجا هەیاس کەوتە ئیش.
جارێ هێنای پێش هەموو شتێک ددانەکانی پێچووە گورگی هەڵکەندو ئەمجا بەستییەوە. هێنای گیسکی گرتە جۆو قەرسیل، تێری خواردو قونەی ئەکرد، کە ئەکەوتە ئێوارە ئەیبرد بەلای بێچووە گورگەکەوە، گورگ کە چاوی پێ ئەکەوت پەلاماری ئەدا، بەڵام بەسترابۆوە هیچی پێ نەئەکرا، گیسکیش کە چاوی بە گورگ ئەکەوت هەناوی ئەکەوتە خوارەوە، ئەوی خواردبووی بەترس دایئەنایەوە، ئەیبردەوە تێری ئەکردەوە، بۆ بەیانیش دیسان وای لێ ئەکردەوە، گیسکی بەستەزمان ئەوەی ئەیخوارد بەترس دایئەنایەوە!
بەم شێوەیە گیسکەکە وەک خۆی مایەوە.
چیرۆکەکە هەتا ئێرە بۆ ئامانجەکەی ئێمە گرنگە. لەم ئەفسانەیەدا کۆمەڵێک ئەکتەرمان هەیە: ئەوەی بۆ ئامانجی ئێمە گرنگن پەیوەندی نێوان هەیاس و گورگ و گیسکەکەیە. ئارگومێنتی ئێمە ئەوەیە کە کورد گیسکەکەیە، دەبێت لەمیانەی ئەندازیاری و نیزامی هەرێمی ناوچەکەدا بەهەمان دۆخ و قەبارەی خۆی بمێنێتەوە. وەک لەداستانەکەدا دەبینین کە گورگ ڕۆڵی هاوسەنگکەر دەبینێت. ئەو ئەکتەرەیە کە ئەوەی بەدەستهاتووە لێت وەردەگرێتەوە. بەڵام بەجۆرێک سنووردارکراوە کە نەتوانێت گیسکەکە بخوات. ئەمەش لەمیانەی ئەندازیاری پەیوەندی کوردی ئەمریکیدا بەمانای ڕێگەگرتن لەسڕینەوەی کورد. کەواتە کرۆکی ئەم پرۆسەیە هاوسەنگیکردنە.
ئەمریکاو کوردو هاوسنگییەکانی
بەپێی داستانەکە گیسکەکە نابێت قەڵەوبێت، لەهەمانکاتدا نابێت زۆر لاوازیش بێت. ئەگەر ئەم زمانە داستانییە ئاژەڵییە، وەربگێڕینە سەر زمانی سیاسی و پەیوەندی دەرەوە، ئەوا قسە لەسەر دروستکردنی نیزامێک دەکەین کە تیادا کورد نابێت لاوازبێت و هەروەها نابێت قەڵەویش بێت، چونکە هەردوو لاوازیی و قەڵەویی کورد دەبێت مایەی ئەوەی کە نیزامەکە هاوسەنگی تێک بچێت. بۆئەوەی ئەمە رووبدات گورگ پێویستە. گورک نەیارە، ئەو هێزەیە کە دەتوانێت ئەویتر بخوات، لەناوببات، جینۆسایدی بکات. بەڵام ئەم گورگە دەبێت بەجۆڕێک مامەڵە بکات کە ئەویش نەبێتە مایەی تێکدانی سیستەمەکە. بەم پێیە لەهەناوی سیستەمەکەدا نە گورگ، گورگەو نە گیسک گیسکە، بەڵکو هەردوو لەمیانەی پەیوەندییەکی دەسەڵاتیدا دەبنە بەشێک لەسیستەمێکی هاوسەنگی، بەڵام پڕ لەهەڵبەزو دابەز. ئەوەی ئەمە بەڕێوەدەبات و چاودێری دەکات و بڕیاری لەسەر دەدات هەیاسە، کە دەتوانین بەکەسی کیسنجەر بیچوێنین. کیسنجەر داهێنەری ئەم سیستەمەیە کە کورد تیایدا دەبێت لەدۆخێکی تایبەتدا بن، کە خۆی ناوی دەنێت دۆخی برینی کولاوە، یان برینی کراوە.
کیسنجەر لەگفتوگۆیەکی لەگەڵ باڵوێزی ئەمریکی لە ئێران ریتچارد هێڵمس و ستافێکی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکی لەڕێککەوتی ٢٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٣ وەها باس لەڕۆڵی کورد دەکات...
دەمەوێت لەئەوە دڵنیابم کە [ بەهۆی پرسی کوردەوە] سۆڤییەت وەها بیر لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە کە جێگایەکی گرانە [ تێچوونی زۆرە] بۆ یاریکردن. ئەوەی دەمەوێت کە مەکتەب سیاسی لە مۆسکۆ بگەنە ئەو باوەڕەی کە سەرکێشی زیاتر نەکەن لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەوێت ئەوەیان لەئاگاییدا بچەسپێت کە عێراق بووەتە چاڵێکی بێ بن. دەمەوێت وەهایان لێبێت هەرکەسێکی پرسی پێکردن بۆ دەستوەردان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست بەڕوویەوە بنێن. دەمەوێت شا هاوکارم بێت لەم ستراتیژییەدا. ئێمە نامانەوێت سۆڤیەت بخەینە سووچەوە. هەروەها دەمەوێت عەرەبیش وەها بیربکاتەوە کە بەئاسانی بۆیان ناچێتە سەر ئەگەر پەیوەندی بە سۆڤییەتەوە بکەن. دەمانەوێت کورد ئەوەندە تونایان هەبێت کە برینێکی کراوەبن لەعیراقدا. ٣
لێرەدا دەبینین کە زامی کراوە، ئەو زامەیە یان ئەو برینەیە کە ناهێڵرێت چاک بێتەوە یان سارێژبێت. بوونی کورد لەم دۆخەدا پرسی کورد دەکاتە ئامرازێکی گەورەتر لە پرسی خۆی. کورد دەبێتە بەشێک لەستراتیژەکانی شەڕی سارد بۆ فشارو هاوسەنگی و ترساندن و دوورخستنەوەی هێزە نەیارەکانی ئەمریکا. هاوسەنگی دوو ئاستی هەیە: ئاستی کوردی و ئاستی ئەویتر. لەئاستی کوردیدا کاتێک ئەمریکا کێشەی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری کورد، ئەوا رێگەدەدات کە کورد قەڵەو یان بەهێز بێت، بەڵام لەهەمانکاتدا نایەوێت ئەم بەهێزبوونە ببێتە هۆکاری رووخانی ئەویتر، بۆیە ئەگەر بەهێزبوون ببێتە هۆکاری لاوازبوون یان رەفتار گۆڕینی ئەویتر، ئەوا دەبێت کورد بگەڕێتەوە قەبارەی خۆی. ئەم یاری هاوسەنگییە پڕ لەهەڵبەزو دابەزە، پڕ لەقەڵەو بوون و لاوازبوونە. ژیانە لەسایەی گورگدا. ئەگەر چی ناهێڵن گورگەکە بتخوات بەڵام ڕێگەدەدەن بتتۆقێنێت.
ئەم سیاسەتی هاوسەنگییە هەموو هێزەکانی تری ناوچەکە دەگرێتەوە، تەنانەت ئیسرائیلیش. بەڵام هاوسەنگی بۆ کورد کاریگەری زیاترە چونکە، هەموو هێزەکانی تر لەکاتی هەڵبەزو دابەزینیاندا مەترسی سڕینەوەیان نییە. بەڵام بۆ کورد مەترسی تێکشکان و سڕینەوە مەترسییەکی جیدییە.
هاوسەنگی یانی چی؟ ئەم هاوسەنگییە جیاوازە لەپرینسیپی هاوسەنگی هێز کە لەسیاسەتی دەرەوەدا چ وەک چەمکێک و چ وەک پرینسیپێک زۆر باوە. ئەم هاوسەنگییەی ئەمریکا بۆ کورد، بەمانای ئەوەیە کە کورد دەتوانن فشار لەسەر نیزامی ناوچەکە بکەن، کاتێک نیزامی ناوچەکە بەلایەک یان ئاراستەیەکدا دەڕوات کە لەبەرژەوەندی ئەمریکا نەبێت. لەهەمانکاتدا ئەو دەستکەوتەی کە کورد لەئەنجامی ئەمەدا بەدەستی دەهێنێت دەبێت نەگاتە ئەو ئاستەی کە ببێتە هۆی لاسەنگی یان تێکدانی نیزامەکە. ئەمە لەئەنجامدا پرۆسەی پشتیوانی و پشتلێکردن دروست دەکات. کورد کاتێک پشتی لێدەکرێت بەخیانەتی ناو دەبات.
ئەم خیتابی خیانەتە جۆرێک لەسەرلێشێوانی بۆ کورد دروستکردووە. خیانەت دەربڕی دۆخێکە کاتێک کە دوو لایەن گرێبەستێک و پەیمانێک لەنێوانیاندایە، لایەک پشت لەبنەماکانی ئەو گرێبەستە یان پەیمانە دەکات دژ بە لایەنەکەی تر. هەتا ئێستا لەنێوان کوردو ئەمریکا گرێبەست و پەیمان بوونی نییە. بەڵام خیانەت وەک خیتابێک کە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، سەرەتایەکی تری هەیە. سەرەتای ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپۆرتی پایک. بۆ ئەوەی لەڕاپۆرتی پایک تێبگەین دەبێت کەمێک پاشخانەکەی هەڵدەینەوە. لە ٢٢ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٧٤ ڕۆژنامەنووسی ناسراو سایمۆر هێرش لەڕۆژنامەی نیویۆرک-تایمز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە سی ئای ئەی بەوە تاوانبار کرد کە کاری سیخوری بەسەر کەسایەتییە دژ بەشەڕەکانەوە دەکات. لێرەدا مەبەست لەشەڕ شەڕی ڤێتنامە. ئەم ڕاپۆرتە بووە هۆکاری ئەوەی کە چەندین لیژنە لەسەر سی ئای ئەی بگیرێت. ئەنجومەنی پیران لیژنەیەکی پێکهێنا بەناوی لیژنەی چێرچ. لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٥ ئەنجومەنی نوێنەرانیش لیژنەیەکی پێکهێنا سەرەتا بەناوی نیدژی بوو پاشان گوێزرایەوە بۆ سەرپەرشتی ئۆتۆس پایک. پایک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بوو لەناوچەی لۆنگ ئایلاند لە نیویورک. وەک زۆر دیموکراتی تر دژ بەدەزگای سی ئای ئەی و ئیدارەی کۆمارییەکان بوو. بۆیە بەکاربردنی چەمکی خیانەت و تاوانبارکردنی کیسنجەر بەکەسێکی خوێنساردی خیانەتکار ئامانجی ناوخۆیی لەپشتەوە بوو، نەك هەڵسەنگاندنی دۆخەکە.
بۆ زانیاری زیاتر
ئەمە بەمانای ئەوە نبیە کە ئەوەی کیسنجەر کردی کارێکی ڕەوا بوو. بەڵام چەمکی خیانەت وەک تاوانبارکردن هاوکاری کورد ناکات بۆ تێگەیشتن لەڕاستی پرسەکە.
دەرئەنجام
هاوسەنگکردنی کورد لەمیانەی هاوسەنگکردنی ئەوانیتردایە. ئەم پەیوەندییە دۆخێکی ئاڵۆزی چەند ئاستیمان بۆ دروست دەکات. یەکەم، کورد کێشەی هەیە، ئەم کێشەیە بەهۆی بوونی لەجێگایەکی جیوپۆلەتیکی ستراتیژیدا، هەموو زلهێزەکان دەیانەوێت سوودی لێببینن. دووەم، لەئەنجامدا هێزی دەرەکی بووەتە بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی کوردی. سێیەم، ئەم هێزە دەرەکیانە چەند جۆرێکن، زلهێزو هیزی هەرێمی بەگشتی زاڵن. زلهێز لەپەیوەندی لەگەڵ هێزی هەرێمدا لەپرۆسەی پشێویدایە کە دۆستایەتی و دوژمنایەتی و یارو نەیاری تیایدا سەقامگیر نییە. سێیەم، پەیوەندی لەگەڵ کورددا بەکاردەبرێت بۆ هاوسەنگکردن و ڕەفتار گۆڕینی ئەم پەیوەندیانە لەنێوان زلهێزەکان و هێزە هەرێمیەکاندا. چوارهەم، لەئەنجامدا پرسی کورد لەنێوان پشیتوانی و پشتلێکردندا جۆلانی دەکات.
ئەم ستراتیژییە کە دەکرێت بەستراتیژی کیسنجەری ناوی بەرین، لەحەفتاکان بنەمای پەیوەندی کوردی ئەمریکی دادەڕێژێت. ئایا ئەمریکا دەتوانێت لەسەر ئەم پەیوەندییە ئامرازییە بەردەوام بێت. وەک ڕاپۆرتی پایک بۆما دەردەخات ئەمریکا وڵاتێکە کە جیاوازە لەوڵاتانی تری وەک سۆڤیەتی پێشوو یان چین و روسیای ئەمڕۆ، وڵاتێکی کراوەی رووتە، هەموو قەیران و کێشەکانی بەدەرەوەیە. ئەمە بنەمای دیموکراسییە. بۆیە لەکاتێکدا ستراتیژی هاوسەنگی بنەمایەکی مێژوویی بەهێزی هەیە، بەڵام ئەستەمە بتوانرێت لەئاستی ئامرازیدا بهێڵرێتەوە. چونکە وەک ڕامان لەحەفتاکان بۆمان رووندەکاتەوە دۆخی ئامرازی پێویستی بەوەیە کە دەبێت پەیوەندییەکە نهێنی بێت، سنوورداربێت، تەنانەت پارتی سیاسی دەرەوەی دەسەڵات ئاگای لێنەبێت. ئەمەش لەئەمڕۆی ئەمریکادا ئەستەمە.
ئایا پرسی کورد لای ئەمریکا لەئاستی ئامرازییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئاستی ئەخلاقی و ئامانجی؟
عەلائەدین سجادی، ١٩٨٢ رشتەی مرواری ١