د.سەردار عەزیز

لەئەمریكا چی ڕوویدا؟

  2021-01-07 10:45      222 جار بینراوە        کۆمێنت

دوێنێ كاپیتۆڵ هۆڵ، كۆنگرێسی ئەمریكی، جێگای سەرنجی دونیا بوو. پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لەئەمریكا لە چەندین دەیە و بگرە سەدەی ڕابردوودا هەرگیز مایەی سەرنج نەبووە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستكردنی دەسەڵات، یەكێك لەبنەما سەرەكیەكانی دیموكراسی توشی قەیران بوو.
ئاپۆڕەكە خەڵكێكی تایبەت بوون. هەموو سپی پێست و هەڵگری سیمبول و دروشمی تایبەت. كۆمێنتارە ئەمریكیەكان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. هەم رووداوەكە و هەم ئەنجامدەرانی لە ڕووی ناونانەوە مایەی كێشە بوو. ئایا ئەوەی ڕویدەدا كودەتا بوو، یان ناڕەزایی دەربڕین. كارێكی تیرۆریستی بوو، یان سیاسی؟؟ دەیڤید فرۆم كۆمێنتاری ناسراوی كۆمارییەكان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەكاردەهێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نیە بۆ كودەتا، كودەتا فەرەنسییە و پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام هەردوكیان بەكاردێن. كودەتا ئاماژەیە بۆ كارێكی ڕێكخراو، پوتچ هەتا ئاستێكی زۆر ڕێكنەخراوە. ئایا ئەوەی ڕوویدا ڕێكخراوبوو، یان ڕێكنەخراو؟ بێگومان بە هەموو شێوەیەك ڕێكخراو دیاربوو. ڕەنگە ئەوە گەردەلولەكە بێت كە ترەمپ باسی دەكرد.
ئایا كرۆكی مەسەلەكە چیە؟
ئەگەر گوێ لە وتارەكەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ ڕوون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕازییان نەبوو. پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن. بە پێی هەندێك سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبوو ئەو قسانەش بكات، بەڵام بە فشار، خەڵكانی دەروبەری پێیان كرد. ترەمپ باسی ئەوە دەكات كە وڵاتەكەیان لێدزراوە. ئەمە یەكێك بوو لە هاوارەكانی ناڕازییان، ئەو دزییە بوەستێنە. ئەوە چیە دەدزرێت؟ دزی یانی بردنێكی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ. ئەمریكایەك هەیە كە بەرەو كۆتایی دەچێت. ئەمریكای سپی پێست و ئەنگلۆساكسۆن و پرۆتسانت. ئەم ئەمریكایە خاوەنی ئەمریكا بووە لەدۆزینەوەی ئەمریكاوە هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت. بۆیە هەست دەكات دزی لێدەكرێت. 
دیموكراسی ئەمریكی هەر لە سەرەتاوە قەیرانی یونانی هەبوو. قەیرانی یونانی بە مانای ئەوەی كە دیمو، كە یانی خەڵك مەبەست لێی هەموو خەڵكانی ئەمریكا نەبوو، بەڵكو توێژێكی تایبەت بوو. ووردە ووردە ئەم توێژە تایبەتە بەناچاریی و بەپێویستی بەسەر توێژەكانی تری كۆمەڵگادا كرایەوە، وەك خەڵكی ڕەش پێست، ئافرەت. بەڵام ئەم كردنەوەیە بەو مانایە نەبوو، كە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینەبن. بەڵكو ببنە بەشێك لەسیستەمێكی داڕێژراو. بەڵام ئێستا لە زۆر ڕوەوە ئەم وەرچەرخانە ڕوودەدات، لە ڕووی دیموگرافی، جوگرافی، كۆمەڵایەتی. وەك زۆری شوێنی تری دونیا خەڵكی ئەمریكا بە زۆری دەبنە خەڵكی شارنشین. خەڵكی شار خاوەن ئیپۆسێكی جودایە لەخەڵكی گوند و شارۆچكەكان. ئەم بەریەككەوتنە لەكۆمەڵگای كوردیشدا ڕوودەدات. 
 ئەم ئەمریكایە كە ووردە ووردە لەئاوابووندایە، لەلایەن چەندین گروپ و ڕێكخراو و میلیشیاوە، داكۆكی لێدەكرێت. سیمبول و خیتابی ئەمانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریكی. 
ئەم خەڵكانە ئەمڕۆ هەست دەكەن نەك لەڕووی سیاسییەوە، بەڵكو لە ڕووی ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشەوە ئەمریكایەك سەرهەڵئەدات كە لە گەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بەهیچ شێوەیەك سەر بەم خەڵكانە نیە. ترەمپ كەسێكی سێكویلاری، شاری، نمایشكارە. زۆربەی تەمەنی دیموكرات بووە و خەڵكی نیویوركە. بۆ زۆرینەی خەڵكی ئەمریكا نیویورك ئەمریكا نیە.
بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان.
دیارە هەموو پشتیوانانی ترەمپ لەمانە نین، خەڵكی تریش بەهۆكاری لۆكاڵی و تایبەت  دەنگ بە ترەمپ دەدات. بەڵام ئامادەنیە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدۆلۆژی جودایە لەدەنگدەری دیموكراسی.
لەنێو نوخبەی سیاسی ئەمریكیدا ترەمپ دۆستی كەمە. بەڵام لەبەر ئەوەی جەماوەری هەیە، ئەوانەی، بە تایبەتی لە كۆمارییەكان، كە بەنیازی سودبینین بوون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بوون. هەندێكیش هەبوو لە تویتەكانی دەترسا. بەڵام دوێنێ ئەم هاوپەیمانییە فەیكە كۆتایی هات. مایك پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبوو. پێنس نوێنەری توێژێكی تایبەتی ئەمریكایە، كە بەئیڤانجیلیكە مەیسحییەكان ناسراون. هەروەها لیندسی گراهام پشتی تێكرد.
زۆرینەی ئەوانەی كەپشتیوانی ترەمپن لەكۆمارییەكان ئەوانەن كە بەنیازی خۆ پاڵاوتنن بۆ سەرۆكایەتی لەچوار ساڵی داهاتودا یان خۆ كاندیدكردنەوە بۆ كۆنگریس. وەك زۆر شوێنی تری دونیا بەشێكی زۆری كاری پەرلەمانی نمایش و شۆیە.
لەنێو كۆمێنتارە ئەمریكییەكان حەپەسانێك هەبوو. كە بە ڕاستی بۆ هەر چاودێرێكی ئەمریكی ئەوەی ڕوویدا مایەی حەپەسان نەبوو. ناسیونالیزمی ئەمریكی، لە هەموو ساتێكی تری بەهێزترە. ئەم ناسیونالیزمە، توێژی جیاوازی هەیە. لە دەیەی داهاتوودا كاتێك ئەمریكا لەڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ زلهێزێكی تری وەك چین، ئەم ناسیونالیزمە دەبێتە بەشێك لەسیاسەتی نێودەوڵەتی. لەماوەی داهاتوودا، بەخوێندنەوەیەك بۆ هەردوو بیرمەندی گەورەی ئەمریكی، جۆن ئیكیبێری و جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لەڕەهەندی فیكری ئەم پرسە دەكەم. 
ڕیتچارد هاس نوسیبووی كە سەردەمی ئەمریكی كۆتایی هات. ڕستەیەكی ئاوس بە مانا و دڵتەنگی. بەڵام چاوەڕوان نەكردنی ئەوەی ڕویدا لەئەمریكا، جۆرێكە لەغرور و بەتایبەت وەرگرتنی ئەمریكا، بەئەوەی پێی دەوترێت ئیكسێپشنالیزم.
ئەمریكا دوێنی لەبری ئەوەی مایەی سەرنج و لاسایی بێت مایەی نوكتەبوو. تەنانەت كەسێكی وەك مێركڵ كە بەهیچ شێوەیەك لەنوكتەباز ناچێت، نوكتەی كرد. مێركڵ لە ماوەی داهاتوودا كۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت. لە توێتێكدا نوسیبووی دەستەبەرداربوونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت، boring.
بەڵام ئەوەی لە ئەمریكا ڕوویدا تەنها دیاردەیەكی ئەمریكی نیە. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەهێز و ڕێكخراوە. سەرۆكی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموكراسی دوپاتكردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەكەی لەئەمریكا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەكێكە لەڕكابەرە سەرسەختەكانی دەسەڵاتی فەرەنسی و بەردەوام لەلوتكەدایە.
 لەكاتێكدا خەڵك بەئەمریكا پێدەكەنین لەهەمانكاتدا خۆیانیان بیردەكەوتەوە. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە كە ئەوەی لە ئەمریكا دەبێت هەرزوو دەبێتە مایەی لاساییكردنەوە لەجێگاكانی تر. 
بەڵام دیموكراسی تووشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەكانی تر تووشی داڕمان دەبن.

 

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      117 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      125 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      199 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      747 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      146 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      565 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      411 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      757 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      404 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      229 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      134 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      195 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      178 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      259 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      169 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      174 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      197 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      174 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      151 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      264 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو