هیتلەر دەڵێ» حەقیرترین ئەو کەسانەی لە ژیانمدا دیومن، ئەوانەن کە لە داگیرکردنی وڵاتەکانیاندا یارمەتیدەرم بوون»
وشەی خیانەت بەپێی ووداو و کەس و شوێنەکەی جیاوازە بەڵام ئەوەی لە یەک پرسدا کۆی دەکاتەوە و زۆرینەی لەسەری کۆکن، ئەوەیە کە خیانەتکار بەهای خۆی وەک مرۆڤ لە بەرامبەر بە شتێک دەفرۆشێت، زۆربەی کات خیانەتکار شەرەف، ئاین یان نیشتمانی خۆی دەفرۆشێت.
بە هیچ جۆرێک ناکرێ متمانە بە خیانەتکار بکرێت، ئەوەی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت، هەر کاتێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بە ئاسانی تۆش دەفرۆشێت.
تەنانەت ئەو کەسانەی زیمەی خیانەتکاریان بە پارە و خانوو و هەر شتێکی تر کڕیوە دڵنیان لەوەی شایستەی متمانەی ئەوانیش نین، ئەوانە وەک ئامرازێک یان لوقمەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنن، کاتێک بەرژەوەندیی و ئامانجی خۆیان دەپێکن، دەستبەرداریان دەبن و فڕێیان دەدەنە ناو نزیکترین زبڵخانەی مێژووەوە.
هەندێک پێیان وایە خۆشەویستیی نیشتمان نیفاق و بیدعەیە، واتە لە روانگەی ئایینەوە تەماشای دەکەن، ئەم تێڕوانیە گەورەترین زەبری کوشندەی لە کورد داوە، ئێستاش بە روونی ئەو عەقڵیەتە دیارە کە چۆن لە ئێستای پرسی کورد دەڕوانن. فەسیبووک و تویتەر بە روونی حەقیقەتی ئەو تێڕوانین و عەقڵیەتەیانی خستۆتەڕوو.
لە کاتە ناسک و دژوارەکاندا نیشتمان پێویستی بە هەڵوێستی خەڵکەکەیەتی، ئەوان لێی بێدەنگن، تویت و پۆستەکانیان دژ بە خەون و ئاواتی نیشتمانەکەیان، وێڕای ئەوەی بێدەنگی بۆ خۆی خیانەتە لە نیشتمان، هاوبەشی خەڵکی نیشتمانەکەی خۆیان ناکەن، چونکە بەرژوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکانی ترە، نیشتمانەکەیان دەفرۆشن وەک چۆن هەر کەلوپەلیکی ئاسایی بێکەڵک بفرۆشن، بیریان چووە کە نیشتمان ئەو زەوییەیە کە هەموو ئەوانەی رەگیان تا قووڵایی دانەکوتاوە لەخۆی بەدەر دەکات.
غازی قوسەیبی دەڵێ « نیشتمان نانە و سەقفە و شعورکردنە بە ئینتیما و هەستکردنە بە کەرامەت».
ئەو نانە وشکەی کە کەرامەتەوە لە ناو هاونیشتمانیانی خۆت و سەر خاکی وڵاتی خۆت دەیخۆیت، زۆر ئەشرەفترە لە خوانە رازاوەی بۆت ئامادە کراوە و بە چاوی سووک تەماشا دەکرێیت، هەر تیکەیەکی دەیخۆیت لەگەڵیدا رەزالەت و سەرشۆڕی دەنۆشیت، چونکە بڕوای تەواو، باشیش دەزانیت ئەگەر سەقفی ماڵەکەت لە زێر بۆت دروست کرابێت، لە کۆتاییدا تەنیا کاڵەیەکی کڕاویت و کەی کاریان پێت نەما دەست بەردارت دەبن.
هیچ شتێک بەهانە نییە بۆ خیانەتکردن لە نیشتمان، هیچ لێخۆشبوونێک بۆ خیانەتکارانی نیشتمان نییە، چەند خیانەت لە نیشتمانی خۆت بکەیت بۆ ئەوان، ئەوان زیاتر بە چاوی سووک و رسوا تەماشات دەکەن، هیچ متمانەیەکیان پێت نییە، ئەوەی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت، هەموو نیشتمانەکانی تری سەر زەوی دەفرۆشێت.