جەمال ئارێز

كێشە بەشداریی نەتەوەیەكگرتووەكانە؟

  2020-12-28 14:43      220 جار بینراوە        کۆمێنت

دوای چەندین خول و گەڕی دانوستانەكانی دوو سێ ساڵی رابردووی بەغدا و هەرێم چ لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی ئیتیحادی و چ لەسەر ئاستی حزبی نێوان لایەنە سیاسییەكان، دیمەنی شانۆی سیاسیی عیراقمان بۆ یەكلایی دەكەنەوە، یەكێكیان ئەوەیە كە عیراق و هەرێم دابەشبوون بەسەر دوو عیراق ‌و دوو هەرێمدا، چونكە هەرچی عیراقە لێدوان ‌و رەفتار ‌و گوفتاری حكومەتەكەی بەشێوازێكە كە پێماندەڵێت ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتەی لەسەری رێكەوتوون و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان ‌و فڕۆكەخانەكان رادەست بكات، ئەوا كێشەیەك نامێنێتەوە تا ئێمە بودجە و پشكی هەرێم لە داهاتی گشتیی عیراق نەنێرێت بۆ هەرێم، بەدیوێكی دیكەشدا هەمان ئەو فراكسیۆنە پەرلەمانییانەی عیراق كە پێكهێنەر یان بەشداری راستەقینەی كابینەی حكومەتن، لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بە زمانێكی دیكەو بە حینكەیەكی سیاسیی دیكە كاردەكەن بۆ رێگریی لە ناردنی هەر بڕە پارەیەك بۆ هەرێم، بۆیە ئەم جۆرە مامەڵەیەش جۆرێك لە ئیحراجیی بۆ هەردوو حكومەتی هەرێم ‌و حكومەتی فیدراڵ دروستكردووە.
بەدیوێكی دیكەشدا ئەگەر لەسەر ئاستی هەرێم لە گرفتەكە بڕوانین، دەبینین بەشێك لە حكومەت و بەتایبەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی وەفدی دانوستانكار ‌و وەفدەكەی یاوەری زۆر بە جدیی لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئیستیحقاقە داراییەكانی هەرێمی كوردستاندان ‌و كار دەكەن بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان، بۆئەوەش لە هەموو دەرگا حكومیی و حزبی و پەرلەمانییەكانی بەغدا دەدەن ‌و بەبێ ماندووبوون لەگەڵ هەموواندا گفتوگۆی چڕوپڕیان كردووە.

هەرچی دیمەنەكەی هەرێمیشە لەگەڵ ئەوەی عیراقدا جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، لەلایەك هەندێك دەنگی ئۆپۆزسیۆن لێرەو لەوێ تانەو تەشەر لە وەفدەكە دەدەن كە گوایە هەموو سازشێك دەكەن بۆئەوەی مووچە لەبەغدا بەدەستبهێنن، تەنانەت هەندێكیان زیاتر لەوە دەڵێن ‌و ئاماژە بەوە دەكەن كە ئامادەن هەموو نەوت ‌و داهاتیش رادەستی بەغدا بكەن، بەڵام بەغدا ئامادەنییە بودجەو مووچە بنێرێت، هەر هەمان گروپی ئۆپۆزسیۆن بەجۆرێكی دیكە لێدوان دەدەن ‌و دەڵێن بەغدا ئامادەیە بودجە و مووچە بنێرێت، بەڵام هەرێم ئامادە نییە نەوت ‌و داهاتی دەروازە سنوورییەكان رادەست بكات.

دیوێكی دیكەی لێدوانەكانیش لە هەرێم، كە بەداخەوە هەندێك لەوانە لە ئاستی بەرپرسیارێتیشدان ‌و قسەكانیان لەلایەن بەغداوە ئەگەر بە رای رەسمیش وەرنەگیرێت، ئەوا بۆ پاساو هێنانەوە سوودیان لێ دەبینرێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە گیرفانیان پڕە و هەمیشە چێژ لە كۆیلەبوونی خەڵك دەبینن ‌و نانیان لە هەژاریی و برسێتیی هاووڵاتیانی ئاساییدایە، زۆر بەشێنەیی ‌و بەكاوەخۆ قسە دەكەن ‌و لێدوان دەدەن و هێشتا قەوانە سواوەكەی بەرلە قەیرانی دارایی دەجوونەوە كە گوایە ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت سەربەخۆ بێت ‌و نابێت نەوت رادەستی بەغدا بكرێت، بەڵكو لەوەش هەورازتر قسە دەكەن ‌و باس لە مایەپووچبوون قەرزداریی بەغدا دەكەن.

گرفتی ئێستا لەوەدایە لە دوای دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنگۆیەك لەناو ناوەندە میدیاییەكاندا برەوی پێ دەدرێت كە گوایە داواكراوە نەتەوەیەكگرتووەكان ببێتە لایەنی سێیەم لە دانوستاندنەكاندا جا وەك گەواهیدەر بێت یاخود وەك چاودێر.

خۆی بۆخۆی ئەو داوایە ئەگەر جێبەجێش ببێت، ئەوا دەبێت بە رەزامەندیی حكومەتی عیراق بێت، چونكە ئەو كێشەیە لەڕووی ئیدارییەوە لەچوارچێوەی عیراقدایە بەپێی دەستوور.

هەر بەپێی دەستووریش ئەولەوییەتی مامەڵەی رەسمی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ دەوڵەتدایە دواتر هەرێمێكی سەربە دەوڵەتێك كە لەسەر بنەمای دەستوور پەیوەندییەكانی خۆیان رێكخستووە، لەڕووی دەستوورییشەوە، تاچەند هەرێم لەڕووی داراییەوە پایەندییەكانی سەرشانی خۆی جێبەجێ كردووە لەبەرامبەر بەغدا، تا نەتەوەیەكگرتووەكان بتوانێت لایەنگیریی یان فاكتەرێكی خێر بێت لەو ناوبژی ‌و چاودێرییەدا؟
لە زانستی بیركارییەوە بیگرە تا مامەڵەی دوولایەنی كڕیار‌و فرۆشیار، تا دوو هاوبەش لە بازرگانیدا، یەك راستیی هەیە ‌و نابێت بەدووان، ئەویش ئەوەیە ئەگەر شەریكی فیعلیت دەبێت لە دان ‌و وەرگرتندا شەریك بیت، كەواتە لەوە بترازێت پێی ناوترێت شەراكەت، چونكە مانای نییە پارە لە كەسێك وەربگریت، بەڵام لەبەرامبەردا ئەو كاڵایەی نەدەیتێ كە لەسەری رێكەوتوون.

من ناچمە وردەكاریی ئەوەوە كە كێ تاوانبارە لەوەی دەرچوونی قانونی نەوت ‌و غازی دواخست، بۆیە بەگوێرەی رێكەوتنێكی كاتی بڕیاردرا تا دەرچوونی ئەو قانونە هەرێم ‌و بەغدا سەرپشك بن لە فرۆشتنی نەوتی خۆیان، بەڵام راستییەكیش هەیە كە كورد ‌و سەركردایەتی سیاسی بە دەسەڵات ‌و ئۆپۆزسیۆنەوە نابێت خۆیانی لێ لەگێلی بدەن، ئەویش دەستوورە، كە لە دەستوودا ئاماژە بەوە دراوە هەموو داهاتی نەوت ‌و غاز ‌و كانزاكانی ژێرزەوی ‌و سەرزەوی، موڵكی هەموو عیراقییەكانە ‌و داهاتی ئەوانە و دەروازە سنوورییەكان دەچنەوە ناو خەزێنەی دەوڵەت، لەبەرامبەردا دەوڵەت پابەندە بە دابینكردنی بودجەی هەرێمەكان‌و پارێزگاكان و بەشێك لەو داهاتانەی نەوت ‌و دەروازە سنوورییەكان دەدرێتەوە بەو پارێزگایانەی كە سەرچاوەی داهاتەكەن.

بۆیە هێنانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ناوبژیوانی ‌و چاودێریی لە كەیسێكی لەو جۆرەدا، هەم خۆ لەگێلیدانە و هەمیش چاو و راو و دەستی دەستییە لەسەر حسابی ئارامگرتن ‌و مەینەتیی خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت، بۆیە كێشەكە نەبوونی نییەتی چارەسەرە نەك بەشداریكردن یان نەكردنی نەتەوەیەكگرتووەكان.

وتاری زیاتر








بە سیاسیکردنی هەموو کایەکان‬ جەمال ئارێز
2021-11-05 10:13      146 جار بینراوە

با یەكێك وەڵام بداتەوە‬ جەمال ئارێز
2021-10-23 18:41      102 جار بینراوە



بانگەشەو یاریكردن بەهەستی خەڵك‬ جەمال ئارێز
2021-09-18 19:40      122 جار بینراوە

دەنگیش بدە و گلەییش بکە‬ جەمال ئارێز
2021-09-16 12:58      147 جار بینراوە


هونەری گوێ نەگرتن‬ جەمال ئارێز
2021-08-14 14:34      143 جار بینراوە


کۆدی لێکتێگەیشتن دۆزرایەوە‬ جەمال ئارێز
2021-04-24 16:03      224 جار بینراوە




لێدوان، یان هەریەک لە ئاوازێک؟‬ جەمال ئارێز
2021-02-06 19:00      212 جار بینراوە





ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2018-01-17 10:22      367 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-12-12 15:45      460 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-11-21 13:32      536 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو