کە مناڵ بووین خەیاڵێکی فراوانمان هەبوو کە بەرەو جیهانی خۆشی و چێژ وەرگرتنی دەبردین، کاتێک چیرۆکە خۆشەکانی تایبەت بە بەها و ئاکار و رەوشتی بەرزمان دەخوێندەوە یان بۆیان دەگێڕاینەوە. یەک لەو چیرۆکە بەناوبانگانەی کە ئێستا و پێشتریش خوێندوومانەتەوە و بۆشیان گێراوینەتەوە، ئەویش چیرۆکی کەروێشک و کیسەڵە، کە باس لە کەروێشکێکی خێرا و لە خۆبایی و کیسەڵێکی خاو و خلیچک، بەڵام ئازا و جەسور و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات، رۆژێک لە رۆژان کەروێشک و کیسەڵ دەچنە کێبڕکێی راکردنەوە، لەبەر ئەوەی کەروێشک شانازی بە خێرایی خۆی دەکات، خۆی مەژوڵ دەکات و کاتی خۆی بەفیڕۆ دەدات، چونکە پێی وابوو کیسەڵەکە بەهۆی خاوییەکەیەوە پێشی ناکەوێت و لێی ناباتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا یارییەکە پێچەوانە دەبێتەوە و کیسەڵ پێش کەروێشک دەکەوێت و خەڵاتی کێبەرکێکە دەباتەوە. لە کۆتایی چیرۆکەکە بە بیرۆکەیەکی قوڵ کە لە عەقڵ و هزری مناڵیماندا چەسپیوو، ئەوە بوو کە هەوڵدان و سووربوون و کارکردن نهێنی سەرکەوتنە نەک لە خۆبایی بوون و خۆ خافڵاندن.
لەو زەمەنەدا بڕوای تەواومان بەو چەمک و چیرۆکانە هەبوو، بەڵام ئەو پرسیارەی لەم سەردەمەماندا دێتە پێشێ: ئایا منداڵەکانمان لە سەردەمی بەجیهانیبوون و زیرەکی دەستکرد و ئامێرە زیرەکەکان بڕوایان بەو بەها و چەمکانە هەیە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە چیرۆکی تر کە لەگەڵ ئەم سەردەمە خێرایەیاندا بگونجێت، بنووسرێت؟
زۆرێکی منداڵەکانمان بڕوا بەو سەرکەوتنانە دەکەن کە ناودارەکانی سناپ و سۆشیاڵ میدیا بەدەستی دەهێنن، کە لە ماوەیەکی پێوانەییدا دەبنە ئەستێرە و سامانێکی زۆر کۆدەکەنەوە و دەبنە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دیار، بڕوایان وایە ئەم سەردەمە پێویستی بە خوێندن و خۆماندووکردن و سووربوون نییە وەک ئەوەی کیسەڵەکە دەیکرد، هێندەی پێویستی بە خۆخافڵکردن و لەخۆبایی بوونە، بەڵکو وەک دەڵێن «گاڵتەیان بە عەقڵمان دێت» کاتێک ئەو چیرۆکانەیان بۆ دەگێڕینەوە کاتێک منداڵ بووین بڕوامان پێی بوو، هەر هێندە لە گێڕانەوەی تەواو دەبین، بەخێرایی بەرەو ئایپاد و تابلێت و مۆبایلەکان دەچن بۆ ئەوەی بەدوای ئەستێرە ناوبانگەکان بکەون کە لە ماوەیەکی کورتدا هەم ناوبانگ و هەمیش سامانیان کۆکردۆتەوە، لە کاتێکدا هێشتا قوتابخانەیان تەواو نەکردووە.
حەقیقەت و واقیع پێمان دەڵێت، سەرکەوتن لەم سەردەمە خێرایەدا پشت بە بیرۆکەی داهێنەرانە و خستنەبازاڕی دەبەستێت، ئەم دووانە، گرنگترین ئامرازەکانی سەرکەوتنن. بۆ نمونە، «جیف بیزۆس» دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمەزۆن، بە رێگەیەکی داهێنەرانە بیری کردەوە و بەشێوەیەکی پیشەییانە بازاڕکاریی بۆ کۆمپانیاکەی کرد، بەوەش نرخی یەک پشکی کۆمپانیاکەی لە یەک دۆلار و نیوەوە لە کاتی دامەزراندی بەرز بێتەوە بۆ 2050 دۆلار لە 2019، بەمەش بەهای کۆمپانیاکەی یەک ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاند، « جیف» توانی لە ماوەی 20 ساڵدا ئەم ژمارە هەرە گەورەیە بەدەست بهێنێت لەکاتێکدا هێشتا تەمەنی 50 ساڵە. لەمەشەوە پێوانەی دەیان گەنجی تر بکە کە لە ماوەیەکی کورتدا بەهۆی بیرۆکەی داهێنەرانەیانەوە ناوبانک و سامانێکی ئێجگار گەورەیان کۆکردۆتەوە.