هەمیشە هەموومان وا راهاتووین لەكۆتایی هەموو ساڵێكدا بڵێین؛ ساڵێكی تریش تێپەڕی، بەڵام ئەوەی تێدەپەرێ، ئەوە تەمەنی خۆمانەو ساڵەكان تەنها ژمارەیان زیاددەبێت و خۆیان هەروەك خۆیانن.
ساڵی ٢٠٢٠ بۆ هەموو جیهان ساڵێكی ئاسایی نەبوو، بۆ ئێمەش لەكوردستان هەروابوو سەختتریش. جگەلەوەی پەتای كۆرۆنا- كۆڤید١٩- بڵاو بووبووەوە، قەیرانی داراییش بەرۆكی هەرێمی گرتبوو هەر بەردەوامیشن و بارودۆخی سیاسیش لەبار نەبوو، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداش لەوپەڕی خراپیدا بوو. ئەشێ ئەوەی مرۆڤەكان لەقەیرانی داراییدا لەدەستیان دابێ، بەشێوەیەك لەشێوەكان لەئایندەدا قەرەبووی بكەنەوە، بەڵام ئەوەی لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لەدەستچوو هەرگیزاو هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە.
بەداخەوە لەساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی ئەو پەتایەوە، سەدان كەسمان، لەكەسوكارو هاوڕێ و دۆست و ئازیزان لەدەست دا. ئەو پەتا نەگریسە دەیان تێكۆشەرو خەباتگێری دێرینی لەبەرچاو گوم كردین، ئەوانە چەندین ساڵی خەبات و تێكۆشان و زیندان زەفەری پێ نەبردن، مەخابن ئەو نەهامەتییە ماندووی كردن و لەسواریی خستن. بەحەسرەتەوە دەبێ هەمیشە یادی ئەو دەیان دۆست و هاورێیانەمان بكەینەوە كە مەرگی كۆرۆنا ژیانی بردن، دەیان ژن و پیاوی بەئەمەك، مرۆڤی راستەقینە، كەسایەتی سەنگین، لەشەڕ لەگەڵ كۆرۆنادا، گیانیان دەرنەبرد.
سڵاو لەگیانی پاكیان و سڵاو بۆ گیانی هەموو ئەوانەی تریش كە لە ٢٠٢٠ دا جێیان هێشتین. بەئومێدی ئەوەی ٢٠٢١ ، ئاهێكی تیابێ بۆ ژیانێكی ئاسوودەو دوور لەقەیران و بەسەربەرزی و سەرفرازی.